پێنج زیندانی سیاسی ژن لە زیندانی قەرچاک ڤارامین بۆ زیندانی ئەڤین گواسترانەوە

زوهرە سارۆ، ئیلاها محەمەدی، نیلۆفەر حامدی، سۆها مورتەزایی و فاتمە "حوریە" زیایی ئازاد، زیندانیان و تۆمەتبارانی سیاسی لە بەندی ٨ی زیندانی قەرچاک ڤارامین بۆ زیندانی ئەڤین گواسترانەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

زوهرە سارۆ، ئیلاها محەمەدی، نیلۆفەر حامدی، سۆها مورتەزایی و فاتمە "حوریە" زیایی ئازاد، لە بەندی ٨ی زیندانی قەرچاک ڤارامین بۆ زیندانی ئەڤین گواسترانەوە.

 

زوهرا سارۆ سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران کە بە بەشی ئە-١ ناسراوە و دوای تەواوبوونی پرۆسەی لێپرسینەوە لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمی هەمان ساڵدا گواسترایەوە بۆ بەشی ژنان لە زیندانی ئەڤین.

 

لە کۆتاییدا لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران بە تۆمەتی "کۆبوونەوە، تەماشاکردن و پڕوپاگەندە دژی نیزام" حوکمی ٧ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، بە جێبەجێکردنی ماددەی ١٣٤ لە یاسای سزادانی ئیسلامی، ٦ ساڵ زیندانیکردن بۆی کارپێکرا.

 

نیلۆفەر حامدی، ڕۆژنامەنووسی ڕۆژنامەی "ڕۆزنامە شەرق"، ساڵی ٢٠٢٢ لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ زیندانی ئەڤین دەگواسرێتەوە، ئەم پەیامنێرە کە بۆ یەکەمجار وێنەی ژینا ئەمینی لە کۆمادا بڵاوکردەوە، کۆتایی ساڵی ڕابردوو بۆ زیندانی قەرچاک ڤارامین گواسرایەوە.

 

ئیلاها محەمەدی ڕۆژنامەنووسی ڕۆژنامەی " هەم میهن" لە ساڵی ٢٠٢٢ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە تاران دەستبەسەر کرا، ڕۆژی ١٨ی شوباتی ساڵی ڕابردوو ئەم ڕۆژنامەنووسە لە زیندانی قەرچاک ڤارامین بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئەڤین گواسترایەوە، دیسان دوای ڕۆژێک لە زیندانی ئەڤینەوە بۆ زیندانی قەرچاک ڤارامین گواسرایەوە.

 

سوها مورتەزایی، چالاکوانی سەندیکای خوێندکاری و سکرتێری پێشووی ئەنجومەنی گشتی سەندیکاکانی زانکۆی تاران، ساڵی ٢٠١٨ بە تۆمەتی بەشداری لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان دەستبەسەرکرا و بۆ یەکەی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی ناسراو بە بەشی ئە٠٢ زیندانی ئەڤین گواسترایەوە و پاشان بە کەفالەتی ٥٠٠ ملیۆن تومەن، بە شێوەی کاتی ئازاد کرا تا کۆتایی دانیشتنەکان.

 

دواجار لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران حوکمی ٦ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، لە کۆتاییدا سزای سێ ساڵ و هەشت مانگ بۆی پشتڕاستکرایەوە و لەو کاتەوە لە زیندانی قەرچاک ڤارامین حوکمی ٦ ساڵەکەی بەسەر دەبات.

 

هەروەها فاتمە "حوریە" زیایی ئازاد، زیندانی سیاسی پێشوو، هەروەها ساڵی ٢٠٢ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵی تایبەتی خۆی لە تاران دەستبەسەر کراوە، ناوبراو بۆ دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعات ناسراو بە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئەڤین گواسترایەوە، دواجار لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئەڤینەوە بۆ بەندی ٨ی زیندانی قەرچاک ڤارامین گواسترایەوە.