کۆڕبەندی "ئاسۆی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمی داعش و چارەنووسی دیلەکانی" دەستیپێکرد

ئەمڕۆ کۆڕبەندی "ئاسۆی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمی داعش و چارەنووسی دیلەکانی" لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت، لە سەرەتاشدا ئاماژە بەوەکرا ئەگەر هێرشی داعش لە زیندانی غوێران سەرکەوتوو بووایە داعش زیندوو دەبووەوە.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ کۆڕبەندی "ئاسۆی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمی داعش و چارەنووسی دیلەکانی" لە هۆڵی ئوتێل داوا لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت، تیایدا لایەنە سیاسییەکان، کەسایەتی ئەکادیمی، دادوەر و یاساناس و چالاکوانان لە ڕۆژئاوای کوردستان، باشوری کوردستان و عێراقەوە بەشداربوون، لە بارەی سەرلەنوێ جموجۆڵ و هەوڵەکانی داعش لە هەرێمەکەدا و چارەنووسی چەتە زیندانییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان گفتوگۆ دەکرێت.

 

وتاری کردنەوەی کۆڕبەند لەلایەن بەکر شێخ سەلام خوێندرایەوە و تێیدا ئاماژە بەوەکرا لە کۆڕبەندەکەدا بە شێوەی زانستی، ئەکادیمی و یاسایی باس لە پرسێک دەکرێت کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانەوە هەیە.

 

هەر لە وتارەکەدا باسلەوە کرا چەتەکانی داعش لە ساڵی ڕابردوودا چەندین جار هەوڵیانداوە کە لە زینداندا هەڵبێن، دواجار لە ڕێکەوتی٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ لە زیندانی گوێران لە شاری حەسەکە هەوڵی ڕاکردنیان دا و مەترسی بۆسەر حکومەتی خۆسەری دروستبوو، "گەر ئەم پیلانە سەرکەوتوو بوایە دەبووە مەترسی لەسەر ناوچەکە و جیهان، لەبەر ئەوەی وەکو ساڵی ٢٠١٤ داعش بەهێز دەبووەوە".

 

لە درێژەی وتارەکەدا هاتووە کە ئامانجی کۆڕبەندەکە دۆزینەوەی ڕێگەچارە و فشاری نێودەوڵەتیە تا چارەنووسی زیندانییەکان دیاریبکرێت، "پێویستە دادگایەکی نێودەوڵەتی بۆ دادگاییکردنی دەستگیرکراوانی داعش دروستبکرێت لەپێناو دوورخستنەوەی مەترسییەکان و بەرجەستەبوونی ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا.

وتاری کردنەوەی کۆڕبەندەکە بە زمانی عەرەبی لەلایەن نورشەن حسێن خوێندرایەوە، دواتر ڕاپۆرتێكی ڤیدیۆیی بەڵگەنامەیی لەسەر سەرکەوتنەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەسەر داعشدا پێشکەشکرا.

 

دوابەدوای ئەوە پانێڵی یەکەم لەلایەن زەهیە الڕەشی لەبارەی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەدەبرێت.

 

ت.پ