کارمەندانی پزیشکی لە سوەیدا دەنگی خۆیان لە دژی هەڕەشە و پێشێلکارییەکان بەرز دەکەنەوە

دانیشتووانی شاری سوەیدای سووریا بۆ تاوانبارکردنی پێشێلکارییەکانی دژی کارمەندانی پزیشکی، داوای پاراستنی کارمەندانی تەندروستی، خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتییان ڕێکخست.

ڕۆشێل جونیور

 

سوەیدا-هێرشکردنە سەر کارمەندانی پزیشکی مەترسی ڕاستەوخۆ لەسەر سەلامەتی کەسی و پیشەیی ئەوان دروست دەکات. سەرچاوە پزیشکییەکان ڕایانگەیاندووە، کەیسەکانی هەڕەشە و دەستدرێژیکردن، لەنێویاندا هەڕەشەی چەکداری لە پزیشکان لەناو نەخۆشخانەکەدا، زیاتر بووە، ئەمەش شەپۆلێکی توڕەیی و ناڕەزایی لە کۆمەڵگەی پزیشکیدا دروستکردووە.

 

لە نێو ئەو ئاڵەنگاریانەی کە بەردەم کەرتی تەندروستی لە سووریا، هێرشەکان بۆ سەر کارمەندانی پزیشکی لە زیادبووندایە و مەترسی لەسەر ژیانی کرێکاران و لاوازبوونی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش بە دانیشتوانی شاری سوەیدا دەکەن، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەم پێشێلکارییانە بە شێوەیەکی ترسناک پەرەی سەند. لە بەرامبەردا ناوەندی پزیشکان و پیشە تەندروستییەکان داوای کرد ڕۆژی ٢٩ی ئایار خۆپیشاندان ئەنجام بدرێت بۆ تاوانبارکردنی پێشێلکارییە بەردەوامەکان و داوای پاراستنی کارمەندانی تەندروستی.

 

پزیشک و پەرستارانی ژن لە ڕیزی پێشەوەی ناڕەزایەتییەکەدا بوون، لە کاتێکدا نەخۆشخانەکان بە هۆی ئاوارەبوونی زۆرەملێ و کۆچکردنی پزیشکان بۆ دەرەوەی وڵات لە ماوەی قەیرانی ساڵانێک لە سووریا ڕووبەڕووی کەمیی توندی کارمەندانی پزیشکی پیاو دەبنەوە. ئەم کەمیی توندە قورسایی بارگرانییەکەی خستۆتە سەر پزیشک و پەرستارانی ژن لە نەخۆشخانەکانی بەڕێوەبردن.

 

پزیشک و پەرستارانی ژن ئەمڕۆ لە ژێر بارودۆخێکی زۆر سەختدا، لە ژێر فشاری دەروونی و ئاسایشی بەرچاودا، لە نەبوونی پاراستنی پێویست، نەبوونی پشتیوانی لۆجستی، ئاژاوەی بەربڵاوی هەندێک لە دامەزراوە تەندروستییەکان، ئەرکەکانیان ئەنجام دەدەن.

 

سەروەت عەبدول خالق، بەرپرسی بەشی تەندروستی خوێندنگە لە سوەیدا ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ هاوسۆزی لەگەڵ هاوپزیشک و پەرستاران و سەرجەم کرێکارانمان وەستاوین، دوای ئەوەی دەستمان کرد بە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە لە شوێنی کارەکەمان، سەرەڕای پابەندبوونمان بە ئەرکەکانمان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بێبەرامبەرەکانمان.

 

 زۆربەی کارمەندانی کەرتی تەندروستی هەلی کۆچکردنیان هەبووە بەڵام لە پێناو وڵاتدا مانەوەیان هەڵبژاردووە. بەردەوامی هەڵگرتنی چەک لەلایەن ئەو کەسانەی کە شایستەی چەک نین، بووەتە هۆی ئاژاوەگێڕی.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هەرکەسێک چەکێک لەدژی پزیشکێک، پەرستارێک، یان کارمەندێکی حکومەت بەرزبکاتەوە، نوێنەرایەتی ئەو کەسانە ناکات کە بەرگری لە نەوەی یان وڵات دەکەن، بەڵکو بێڕێزییەکی تایبەتی بۆ کارمەندە ژنەکان نیشانداوە، کە بوونەتە بڕبڕەی پشتی کەرتی تەندروستی.

 

ڕیم ئەیوب،پەرستار لە ناوەندی پەرستاری و پیشە تەندروستییەکان، ناڕەزایی کارمەندانی پەرستاری دەربڕی، وتی: ئەوەی لە نەخۆشخانەکاندا ڕوودەدات لە دەرەوەی یاسا و مرۆڤایەتییە. کارمەندانی تەندروستی لە ژێر سەختترین بارودۆخدا کارەکانیان ئەنجام دەدەن و بەرگەی کارەساتەکان دەگرن، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام تووشی مامەڵەی خراپ و هەڕەشە دەبین، هەرچەندە ئێمە بۆ موچەی کەم کاردەکەین.

 

ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەشداریان لە ئاگادارییەکەدا کرد. نێڤین کوردی لە ڕێکخراوی "ڕەگەکان" ڕایگەیاند، "ئەوەی ڕوویدا هێرشکردنە سەر بەڕێوبەرایەتی تەندروستی، بڕیارە لە بەرزترین ئاستی پاراستن بەهرەمەند بێت، ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری لە هێرشەکان ڕزگاریان نەبوو، بەو پێیەی ئۆتۆمبێلێکی فریاگوزاری گواستنەوەی نەخۆشەکانی گورچیلە بۆردوومان کرا، ئەمە مەترسی لەسەر ژیانی دانیشتووان دروست دەکات". جەختیشی لەوە کردەوە کە بەردەوامی بڵاوبوونەوەی بێکۆنتڕۆڵی چەک هەڕەشە لە هەموو کۆمەڵگە دەکات. وتیشی: ئێمە دژی بوونی چەک نین، بەڵکو لەگەڵ ئەوەداین کە چەک ڕێکبخرێت و بخرێتە دەستی ئەو کەسانەی کە دەزانن چۆن بەکاریبهێنن بۆ پاراستنی وڵات، نەک هەڕەشەکردن لە خەڵکەکەی.

 

ئاسیما نەبوانی، یەکێک لە ڕێکخەرانی ناڕەزایەتییەکان جەختی لەوە کردەوە کە بەشداربووان هاتوون بۆ ئەوەی قسە لەسەر ڕاستییەکان بکەن. "ئێمە دژی هاتنە ناوەوەی چەک بۆ ناو نەخۆشخانەکان و ناوەندە حکومییەکان و خوێندنگەکانین. ئەمانە شوێنی ئارامی و چاودێری پزیشکین. نابێت بگۆڕدرێن بۆ گۆڕەپانی ئاژاوەگێڕی. ئێمە بەرگری لە شتێک دەکەین کە ڕاستە گرنگ نییە تێچووی چی بێت. دەبێت چەک لە دەستی ئەو کەسانە بکێشرێتەوە کە قەدری بەهاکەی نازانن، ئێمەش هەمیشە لەگەڵ ئەندامانی پزیشکی دەوەستینەوە.

 

شایانی باسە لە گوندی خۆرئاوای سوەیدا لە سەر ڕێگای عەریقە نەجران لەئۆتۆمبێلێکی فریاگوزاری کە نەخۆشەکان بۆ شۆردنی گورچیلە دەگواستەوە، بە هۆی تەقینەوەی ئامێرێکی تەقەمەنی شەش کەس بریندار بوون.