دوو فەیلەسوفی فەرەنسی و ئوستورالی پشتگیری لە بانگەوازی ئاشتی دەکەن

دوو فەیلەسوفی فیمینیستی فەرەنسی و ئوستورالی لە پەیامێکدا پشتگیری خۆیان بۆ بانگەوازییە مێژووییەکەی ڕێبەری گەلی کوردو بڕیارەکانی پەکەکە و هەوڵەکان لەبارەی پرۆسەی ئاشتی دووپاتکردەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ٥ بۆ ٧ـی ئایاری ٢٠٢٥، پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" لە چوارچێوەی بانگەوازیی سەدەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بە ناونیشانی “ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک” کۆنگرەی ١٢ـیەمینی خۆی ئەنجامدا و ئەمەش دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییدا پێشوازیی لێکرا، کاترن مالابۆ،فەیلەسوفی فەرەنسی و ئێلیزابێس گرۆز،بیرمەندی فیمینیستی ئوستورالی پەیامێکیان بڵاوکردەوە.

 

پەیامی فەیلەسوفی فیمینیستی فەرەنسی کاترین مالابۆ بەمشێوەیەیە:-

پەکەکە بە هیوای ئەوەی پێشەنگایەتی بکات لە بونیادنانی دیموکراسییەکی ڕاستەقینەی گشتگیر، کە پارێزگاری لە فێمینیزم، ئیکۆلۆژیا و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ بکات لە تورکیا، بڕیاری ڕاگرتنی چالاکییەکانی دا تا ئەوەی ئەم ئامانجەی لەڕێگەی دیالۆگ و ئامرازی سیاسیەوە بەدی بهێنێت، ئەم بڕیارەی پەکەکە هەوڵدانێکی بەرپرسیارانەیە، کە شایەنی پیاهەڵدان و پشتگیرییەکی مەزنە، بە دڵنیاییەوە ئاشتی سەنگینترین ڕێگەی سیاسییە و سوودەکانی لەبەرچاوە.

ئەم شکۆ مەزنە، کە گەلی کورد لە تورکیا و دەرەوەی تورکیادا لە نێو ئازاری فرمێسکی چاوەکاندا ئافراندی، بەهۆی بوێری پەکەکەوەیە، هیوادارم ئەمە ببێتە هۆکاری پێکەوە ژیانێکی نوێ، هەروەها دۆخێکی وا بڕەخسێنێت، کە ئیدی ئیرادەی کوردان بە تاوان نەبینرێت و دانی پێدا بنرێت.

 

پەیامی فەیلەسوف و بیرمەندی فیمینیستی ئوستورالی ئێلیزابێس گرۆز بەمشێوەیەیە:-

لە هیوا و جۆشێکی مەزندام، لەبەرئەوەی حکوومەتی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا لەگەڵ گەلی کورددا لە دانوستاندایە، سڵاو و چەپڵەبارانی مافی هەموو کەسێک دەکەم بۆ دانپێدانان، بیستن، گۆڕانکاری بۆ کۆمەڵگەیەکی ئاشتیخوازانە، فرە چاندی، دیموکراتیک و جێشكۆ.