لە سنووری پێنجوێن بۆ جارێکی دیکە ئاگر کەوتەوە؛ ٢٠ هەزار دۆنم سووتاوە

پۆلیسی دارستانی سلێمانی کردنەوەی ئاگرێکی لە سنووری پێنجوێن ڕاگەیاند، کە بووەتە هۆی سووتانی ٢٠ هەزار دۆنم لە پووش و پاوان.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، شەوى ٢٦ى ئەم مانگە ئاگرێکى فراوان لە گوندەکانى هەرگێنە، شێخەڵمارێن، چەمەك لە سنوورى شارۆچکەى پێنجوێن کەوتەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی توانیویانە کۆنتڕۆڵی ئاگرەکە بکەن، بەڵام بەهۆی ئاگرەکەوە ٢٠ هەزار دۆنم لە پووش و پاوان دارستان سووتاوە و زیانێکى زۆریش بە سرووشتی ناوچەکە گەیشتووە.

 

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمساڵ ڕووداوەکانى ئاگرکەوتنەوە لە ناوچە جیاوازەکانى هەرێمى کوردستان ڕووى لە زیادبوون کردووە و بە هۆیانەوە هەزاران دۆنم لە پووش و پاوان و ڕەز و باخ و دانەوێڵەی هاوڵاتییان سووتاون، هەر لە سنووری پێنجوێنیش لە ٢٣ی ئابدا، بەهۆی هەورە بروسکەوە ئاگرێکى فراوان لە گوندەکانى، شێرە، میشاو، نەرمەڵاس، بایەڵان، سریسان لە سنوورى شارۆچکەى پێنجوێن کەوتەوە و سێ هەزار دۆنم لە پووش و پاوان سووتاوە و زیانێکى زۆریش بە سرووشتی ناوچەکە گەشتووە.