بە بەیاننامەیەک پشتگیری لە ژنانی شۆڕشگێڕی ئێران دەکرێت

کۆمەڵێک خوێندکاری پیاوی زانکۆی فیردەوسی مەشهەد بەیاننامەیەکیان بۆ پشتیوانی لە ژنان بڵاوکردەوە و تیایدا جەختیان لەوە کردەوە: ژنان نەک هەر نیشانەی ئازایەتیین، بەڵکو دەستپێشخەری ئەم بزووتنەوەیەن و بێ گومان ئەمەش کۆتایی ئەم دەسەڵاتە ستەمکارە دەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمەڵێک خوێندکاری پیاوی زانکۆی فیردەوسی مەشهەد لە بەردەم چەند وەزارەتێکی حکومەت هەڵوێستیان وەرگرت و پشتیوانیان لە مافەکانی ژنان کرد، لەم بەیاننامەیەدا هاتووە: ئێمە، کۆمەڵێک خوێندکاری پیاوی زانکۆی فیردەوسی مەشهەد، هەڵوێستی یەکلاکەرەوەی خۆمان بەرامبەر ئاگاداری وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی پەروەردە دەخەینەڕوو سەبارەت بە بێبەشکردن و کۆتاییهێنان بە خزمەتگوزارییەکانی ئەو ڕێکخراوانە لە ئەگەری ئەوەی ژنان شوێن جل و بەرگی خوازراویان نەکەون.

 

هەروەها لە درێژەی ئەم لێدوانەدا وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی ژن لە سەرەتای شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و سەرکردایەتیکردنی ئەم بزووتنەوەیە، تێبینیان کردووە: هەموومان بە هەر فکرێکی سیاسی و ئایینی، هەمیشە لە پاڵ سەرکردەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا دەوەستینەوە، ژن نەک هەر تەنیا بەرجەستەی ئازایەتییە، بەڵکو دەستپێشخەری ئەم بزووتنەوەیەن و بێ گومان ئەمەش کۆتایی ئەم دەسەڵاتە ستەمکارە دەبێت، بۆیە نابێت حکومەت بچوکترین گومانی هەبێت کە ئێمەی پیاو لە دۆخێکی وادا ژن و مافەکانیان بەجێدەهێڵین، کە ئازادی جلپۆشین یەکێکە لە ئازادییە سەرەتاییەکان بۆ مرۆڤەکان.

 

ئەم لێدوانە کە لە پلاتفۆرمی ئینستاگرام لەگەڵ وێنەی ناڕەزایەتی قوتابیانی کچی زانکۆی فیردەوسی مەشهەد بڵاوکرایەوە، بەم شێوەیە کۆتایی دێت: ئەو دەسەڵاتەی کە دەیەوێت سنووری بۆ دابنێت، بە سروشتیش دەیەوێت هەموو ئازادییەکانی دیکە سنووردار بکات، بۆیە نابێت قەڵای ئازادی بەتاڵ بکرێتەوە، هەروەها پشتی قەڵاکان ژن و کچانی ئەم خاکەن.