"جەژنەکەمان گەڕانەوەی کۆچبەرانە بۆ زێدی خۆیان"
عەروبە مەحمود، ئاوارەیەکی خەڵکی گوندی ئەریشەی سەرێکانییە دەڵێت، خۆشییان بۆ جەژن تەواو دەبێت بە گەڕانەوە بۆ زیدی خۆیان لە ڕێگەی ئاشتەواییەوە.

سۆرگوڵ شێخۆ
تل تەمر- کۆچبەران وەک هەموو کەسێک خۆشی جەژن ئەزموون ناکەن، خۆشی و دڵخۆشییان هەمیشە کەمی هەیە، کۆچبەر عەروبە مەحمود، خەڵکی گوندی ئەریشەی سەرێکانییە، کە لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ەوە لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانییەوە داگیرکراوە، لەگەڵ خێزانەکەی کە ٦ کەسن، لە شاری تل تەمر نیشتەجێیە، سەبارەت بە خۆشی مانگی ڕەمەزان و سەختییەکانی کۆچ و هیواکانی گەڕانەوە بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد.
عەروبا مەحمود کە ئەمساڵ ٦ ساڵە لە ماڵ و گوندەکەی ئاوارە بووە، بەم قسانە باس لە پێشوازیکردن لەو جەژنە دەکات کە خەم و پەژارەی لە دوای خۆیدا هێناوەو وتی: لەم ٦ ساڵەی داگیرکاریدا، هیچ جەژنێکمان بە بێ ئازارو زیان نەبینیوە، لەبەر ئەوەی لە ماڵەکانمان ئاوارە بووین، لە گەلەکەمان جیا بووینەوە و پەرش و بڵاو بووینەوە، زێرەکانی هاوسەرگیرییەکەمم فرۆشت و ماڵم پێکڕی بەڵام مەڵەکەمیان وێران کردووە هەروەها بەشێکی دیکەیان کردووەتە بنکەیەک بۆ زرێپۆشەکانیان کە شەو و ڕۆژ گوندەکانی دیکە بۆردوومان دەکەن.
"ژیان لەژێر سایەی داگیرکاریدا مردنێکی زیندووە"
عەروبە مەحمود سەختی و مەترسییەکانی ژیانی لەژێر سێبەری داگیرکەری تورکیادا بەبیرهێنایەوەو وتی: ئەو باندانەی هاتوون دزی و تاڵانچیین، ترسی ئێمە ئەوەیە کە دەستدرێژی بکەنە سەر ئێمەی ژنان، هەر بۆیە ئێمە قبوڵ ناکەین ژیان لەژێر سێبەری داگیرکاریدا بێت، ئەمە مەترسییە بۆ سەر ژیانی من و ژیانی کچەکانم، ژیانێکی مردووە، هەر بۆیە ئێمە دەمانەوێت لە ژێر سێبەری ئیدارەی خۆبەڕیوەبەرییدا بژین.
"ئازاری کۆچکردن بە هاوپشتی و هاوبەشی کۆمەڵایەتی سووک دەبێت"
عەروبا مەحمەد جەختی لە پەیوەندی لەگەڵ گەلانی دیکە کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە ئەوەی ئازار و مەینەتی کۆچکردن کەمدەکاتەوە، هاوپشتی کۆمەڵایەتییە لەگەڵ کورد و ئاشوورییەکان وتی: ئێمە جیاوازیمان لە نێوان کورد و ئاشوورییەکان نەکردووە، دۆستایەتی لەگەڵ هەموو گەلان ئازاری ئاوارەبوونمان ئاسانتر کردووە، لەبەر ئەوەی لەسەر ئەم خاکە پێکەوە دەژین، ئێمە و ئاشوورییەکان پێکەوە ئاوارە بووین، ئێمە پێکەوە هاوبەشی ئازار و خۆشییەکانی ئەم وڵاتەین.
"من ٦ ساڵە گۆڕی براکەمم نەبینیوە و ئاوم بەسەردا ڕشتووە"
عەروبە مەحمود بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە پیرۆزبایی لە هەموو لایەک کرد و ڕایگەیاند، لەماوەی ساڵانی کۆچدا خۆشییان لە ڕۆژانی جەژندا کەمتر دەبێتەوە، و وتی: جەژنەکانمان کەمتر دەبنەوە و خۆشییەکانمان وەک پێویست نین، چونکە ئێمە لەگەڵ خێزانەکانماندا نین، لەماوەی ٦ ساڵی ڕابردوودا، لەماوەی ڕۆژانی جەژندا سەردانی گۆڕستانەکانمان نەکردووەو ئاومان لەسەر گۆڕەکانیان نەڕشتووە لەو ڕۆژەوەی گوندەکەمان بەجێهێشتووە، بەڵام گوندەکە وێران بووە، سووتاوە و ئەوەی دیکەش دەدزرێت.
داواکاری بۆ ڕێککەوتن بۆ دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی پارێزراو
عەروبە مەحمود لە کۆتاییدا هیوای خۆی بۆ گەڕانەوەیان بۆ گوند و شارە داگیرکراوەکانیان لە ڕێگەی دامەزراندنی ڕێککەوتنەکانەوە دەربڕی: ئێمە خوازیاری گەڕانەوەی پارێزراوین، داواکارین کە ئیدارەی خۆبەڕیوەبەری و حکومەتی کاتی هەتەشەو لایەنەکانی دیکە لەسەر مێزەکە کۆببنەوە و بگەنە ڕێککەوتن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە.