"لۆزان" ئەو پەیماننامەیەی خەونی بە دەوڵەتبوونی کوردی لە ناوبرد
سەد ساڵ بەسەر پەیماننامەی لۆزاندا تێدەپەڕێت و چەوساندنەوەی کورد بەردەوامە.
سلێـمانی
ئەمڕۆ لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی سی دی ئۆ لە شاری سلێمانی ڕێکخراوی سی دی ئۆ لەسەر سەد ساڵەی پەیماننامەی لۆزان کۆڕێکی ڕێکخست بۆ سالار مەحمود ئەندامی کۆنسەی بەڕێوبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، لە ژێر ناونیشانی "پێگەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای سەد ساڵ لە پەیماننامەی لۆزان.
لە کۆڕەکەدا ئاماژە بەوەکرا، پەیماننامەی لۆزان ئەو ئامانجانەی نەهێنایەدی کە دەبوو بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپی هەیانە، لێکەوتەکانی ئەو پایماننامەیە تا ئێستا بەردەوامە لەسەر کورد، ئەو زهنیەتەی داگیرکەران لە سەد ساڵ پێش ئێستاوە خەریکن تا ئێستا بەردەوامە و لە لۆزاندا خەونی بە دەوڵەتبوونی کورد لە ناو برا.
پەیمان عیزەدین ئەندامی خولی پێشوی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، " لە ماوەی پەیماننامەی لۆزاندا و بە تایبەتی لەم چەند ساڵەی دوایدا کورد لە باشوری کوردستان توانیویەتی قەوارەیەک بۆ خۆی دروست بکات ئەمەش هەنگاوێکی گرنگ بووە بۆ کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە خاوەنی پێگەیەکی سیاسی و جوگرافی تایبەت بە خۆیەتی."
پەیمان عیزەدین باسی لەوەشکرد بۆ بوون بە دەوڵەت دەبێت تەواوی گەلی کورد لەسەر ئامانجێکی دیاریکراوبن و کۆکبن لەسەری و وتی: " کورد لە ڕووی بناغەوە نەیتوانیووە بە ئاڕاستەیەکی ڕێک بڕوات و ئامانجیکی نەبووە، لە کاتێکدا میلەتێکی کەرت کراوی وەکو کورد دەبوایە ئامانجێکی هەبێت چونکە هەر میلەتێک ئامانجی هەبێت دەتوانێت بگاتە مەبەستی خۆی و ئامانجەکانیش کە هەبوون لەسەر ئاستی جوگرافیایەکی بچوکبووە و کۆدەنگی لەسەر نەبووە، کورد تا ئێستا خۆی ئامادە نەکردووە بۆ بە دەوڵەتبوون، چونکە بە دەوڵەتبوون خۆ ئامادەکردنێکی سیاسی فکری دەوێت، لەسەر ئاستی باشووری کوردستانیش ئەزموونەکان تا ئێستا ئەزموونێکی خراپبووە."