ئاوارەکانی شاری حەلەب، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، جارێکی دیکە ئاوارە دەکرێنەوە

خەڵکی عەفرین کە بە هۆی داگیرکاری تورکیا ناچار بوون بەرەو حەلەب هەڵبێن، ئێستا بەهۆی بوومەلەرزەکەوە ڕوویان لە کەمپی بەرخۆدانی شەهبا کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات حەلەبی هەژاند و لە گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە ٦ گیان لەدەستدان و ٤٣ برینداری لێکەوتەوە، ٢ هەزار و ٥٠٠ خێزانی ئەو کەسانەی لە عەفرینەوە هەڵاتوون بۆ حەلەب جارێکی دیکە بۆ ڕزگارکردنی گیانی خۆیان ڕوویان لە کەمپەکانی شەهبا و گوند و گەڕەکەکانی شارەوە کرد.

 

جگە لەوەش حکومەتی دیمەشق ڕێگری لەو هاوکارییە کرد کە لەلایەن ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریاوە بۆ حەلەب نێردراوە و ڕێگەی نەدا کەلوپەلی پێویست بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزە بچنە ناو ئەم ناوچەیە.

 

کارمەندانی شارەوانی لە کەمپی بەرخۆدان ڕایانگەیاند، دانیشتوانی حەلەب کە چوونەتە ناو کەمپەکە خەریکی ئامادەکردنی خێمە و پەناگەن، عەبدۆ یاسین ژنێکی ئاوارە و بەهۆی بوومەلەرزەکەی حەلەبەوە زیانی بەرکەوتووە، دەڵێت: لە کاتی بوومەلەرزەدا چووینە دەرەوە، بینایەک لەبەردەممان داڕما، هەر بۆیە چووینە کەمپەکان.

 

"دوای گەیشتنمان بە کەمپەکە، هەستمان بە ئاسوودەیی کرد"

دایکێکی تری دانیشتووی شاری حەلەب دەڵێت: "کاتێک خەوتبووین، ئەو بینایەی تێیدا دەمانەوە بە توندی دەلەرزی، ترسمان لێهات و ڕامانکرد، کاتێک گەیشتینە کەمپەکە ترسەکەمان نەما و هەستمان بە ئاسوودەیی کرد".

 

جودی منداڵێکی ئاوارە و سەبارەت بە بوومەلەرزەکەی حەلەب دەڵێت: کاتێک بوومەلەرزەکە ڕوویدا، ویستمان بچینە شوێنێکی ئارام، چونکە بوومەلەرزەکە بەردەوام بوو و ئەو بینایەی تێیدا بووین سەلامەت نەبوو، هەر لەبەر ئەم هۆکارە چووینە کەمپی بەرخۆدان لە شەهبا، زۆر دڵخۆشم کە گەیشتینە شەهبا.