هیوا بۆ ڕزگاربووان کاڵ دەبێتەوە، حکومەت خەمساردە لە گەیاندنی فریاگوزاری

سەرما و برسێتی و نائومێدی سەدان هەزار کەسی گرتەوە کە سەرەڕای ئەوەی ڕزگاربوون بەڵام بێ ماڵ و حاڵ ماونەتەوە، سیاسەتمەدارانیش ئاماژەیان بەوەداوە کە خەمساردی حکومەت لە بەدەمەوەهاتنی زیانلێکەوتووان خەڵکی توڕە کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

سەرما و برسێتی و نائومێدی سەدان هەزار کەسی گرتەوە کە سەرەڕای ئەوەی ڕزگاریان بووە بەڵام بێ ماڵ و حاڵ ماونەتەوە دوای ئەو بوومەلەرزانەی کە سێ ڕۆژ لەمەوبەر تورکیا و باکووری کوردستان، سوریا و ڕۆژئاوای کوردستانی گرتەوە لە کاتێکدا ژمارەی گیان لەدەستدانەکان ٢٥ هەزاری تێپەڕاند، بەپێی ڕاپۆرتێکی سەرەتایی نزیکەی ٪٤٠ی باڵەخانەکانی شاری کەهرامانماراسی کە ناوەندی بوومەلەرزەکەیە، زیانیان بەرکەوتووە.

 

ڕزگارکردنی کوڕێکی تەمەن ٢ ساڵ دوای ٧٩ کاتژمێر کە لەناو داروپەردووی باڵەخانەیەکی ڕووخاو لە شاری هاتای تورکیا و چەند کەسێکی دیکە گیریان خواردبوو، ڕۆحی هێز و ورەی لای تیمە ماندووەکانی گەڕان بەرزکردەوە، بەڵام هیواکان بەرەو کاڵ بوونەوە دەچن کە بتوانن چەندینی تر بە زیندووی لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەی شارۆچکە و شارەکاندا بدۆزرێتەوە.

 

پسپۆڕانی سیاسیش باس لەوەدەکەن لەو ڕەوشە سەختەی هاوڵاتیانی تێکەوتووە حکومەت خەمساردبووە لە هاوکاریکردنی لێقەماوان ،بەهۆی توڕەیی خەڵکی بەهۆی دواکەوتنی گەیاندنی هاوکارییەکانی حکومەت و دەستپێکردنی هەوڵەکانی ڕزگارکردن، ئەگەری زۆرە کارەساتەکە کاریگەری بەرچاو دروستبکات لەسەر ئەنجامی دەنگدانەکانی کە بڕیار وایە لە مانگەکانی داهاتوودا بەڕێوەبچێت.

 

یەکەم کاروانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە هاوکارییەکانی بۆ سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان هاوکارییەکانی هەڵگرتبوو گەیشتە شوێنی زیانلێکەوتووەکان.

 

سەدان هەزار کەس لە ناوەڕاستی سەرمای زستاندا بێ ماڵ و حاڵ بوون، زۆربەیان لە شوێنی کاتی لە وەستانی ئۆتۆمبێلەکانی مارکێتەکان، مزگەوتەکان، کەناری ڕێگاکان یان لە نێوان وێرانەکاندا کەمپیان کردووە، زۆربەیان بێهیوا بوون لە خواردن و ئاو و گەرما.