عێراق بە دووەم پیسترین وڵاتی جیهان دادەنرێت بۆ ساڵی ٢٠٢٢

پێنجەمین ڕاپۆرتی ساڵانەی تایبەتمەند بە دیاریکردنی ڕێژەی پاکی کەشوهەوای جیهان ئاشکرایکرد، عێراق دووەم پیسترین وڵاتە لە جیهان بۆ ساڵی ٢٠٢٢.

ناوەندی هەواڵ

 

پێنجەمین ڕاپۆرتی ساڵانەی تایبەتمەند بە دیاریکردنی ڕێژەی پاکی کەشوهەوای وڵاتان و ناوچەکانی جیهان، لەلایەن کۆمپانیای IQAir بڵاوکرایەوە ئاشکرایکرد، عێراق دووەم پیسترین وڵاتە لە جیهان بۆ ساڵی ٢٠٢٢.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، چاد لە ناوەندی ئەفریقا لە ساڵی ڕابردوودا جێگەی بەنگلادیشی گرتەوە و زۆرترین هەوای پیسبووی هەبوو، IQAir ئاستی کوالیتی هەوا دەپێوێت لەسەر بنەمای چڕیی گەردیلەکانی هەوای زیانبەخش بۆ سییەکانی مرۆڤ.

 

بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ڕاپرسییە ساڵانەییەکەی بە شێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن توێژەران و ڕێکخراوە حکومییەکانەوە ئاماژەی پێکراوە، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئەوەیخستووەتەڕوو کە زۆرترین ڕێژەی گازی پیسبوو نابێت لە پێنج مایکرۆگرام لە هەر مەتر سێجایەکدا زیاتربێت.

 

لە کاتێکدا ڕێژەی گازی پیسبووی وڵاتان کە بڵاوکراوەتەوە بەم شێوەیەبووە، چاد ئاستی یەکەمی پیسترین هەوای لە جیهان هەبوو کە تێکڕای ٨٩.٧ بوو، عێراق کە دووەم پیسترین هەوای هەبوو بۆ وڵاتێک، تێکڕای ٨٠.١ مایکرۆگرام لە هەر مەتر سێجایەکدا بووە، کە زیاتر لە ١٦ هێندە زیاترە لەو ڕێژەیەی کە ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی خستوویەتیەڕوو.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە هەر ١٠ کەسێک لە جیهاندا یەکێکیان لە ناوچەیەکدا دەژی کە پیسبوونی هەوا مەترسی لەسەر تەندروستی دروست دەکات، خاکی ئەمریکای زەریای هێمن، گوام هەوای لە سەرجەم ناوچەکانی دیکە پاکتربووە و ڕێژەکەی ١.٣ بووە، لە کاتێکدا پایتەختی ئوسترالیا کانبێرا، پاکترین هەوای هەبووە بە بەراورد بە پایتەختەکانی دیکە، کە تێکڕای گەردیلە زیانبەخشەکانی هەوا ٢.٨ هەبوو.

 

پێوەرەکە بە بەکارهێنانی داتای زیاتر لە ٣٠ هەزار چاودێری کوالیتی هەوا لە زیاتر لە ٧٣٠٠ شوێن لە ١٣١ وڵات و خاک و ناوچە ئامادەکراوە، کۆمپانیای IQAir کۆمپانیایەکی تەکنەلۆژیای سویسرییە کە تاک و ڕێکخراو و حکومەتەکان بەهێز دەکات بۆ باشترکردنی کوالیتی هەوا لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی زانیاری، ئامار و هۆشیارییەکان.