داهاتی نەوتی عێراق لە مانگی ئادار ٧ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە
داهاتی هەناردەکردنی نەوت لە ماوەی مانگی ئاداردا حەوت ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
ناوەندی هەواڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، داهاتی هەناردەکردنی نەوت لە ماوەی مانگی ئاداردا حەوت ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
بەپێی داتای کۆتایی کە لەلایەن ڕێکخراوی دەوڵەتی بۆ بەبازاڕکردنی نەوت "سۆمۆ" دەرچووە، کۆی هەناردەکردنی نەوتی خاو لە ماوەی مانگی ئاداردا ١٠٠.٩ ملیۆن بەرمیلی تێپەڕاندووە و داهاتەکەی زیاتر لە ٧.٥ ملیار دۆلار بووە.
داتاکانی سۆمۆ ئاشکرایان کردووە، کۆی بڕی هەناردەکراوی نەوتی خاو لە ماوەی مانگی ئاداردا لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق زیاتر لە ٩٨.٨٧ ملیۆن بەرمیل بووە، هاوکات بڕی هەناردەکراو لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە نزیکەی ملیۆنێک و ٧٣ هەزار بەرمیل بووە، تێکڕای نرخی بەرمیلێک زیاتر لە ٧٤ دۆلار و ٣٨ دۆلار بووە.
هەناردەی نەوتی عێراق لە لایەن کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانەوە لە بەندەرەکانی سەر کەنداوی عەرەبی و لە ڕێگەی بەندەری جیهانی تورکیاوە بار دەکرێت، مانگی ڕابردوو هەناردەی نەوتی خاو ٩٢ ملیۆن و ٢٥٠ هەزار بەرمیلی تێپەڕاند و داهاتی نەوتی خاویش ٧.٦٢ ملیار دۆلاری تێپەڕاند.
لە مانگی یەکدا عێراق زیاتر لە ١٠١.٢٤ ملیۆن بەرمیل هەناردە کردووە و داهاتەکەی زیاتر لە ٧.٦٦ ملیار دۆلار بووە.
بەپێی ئامارە کۆتاییەکانی سۆمۆ، کۆی هەناردەکردنی نەوتی خاو لە ماوەی مانگی کانوونی دووەمدا ١٠٣.٢٨ ملیۆن بەرمیلی تێپەڕاندووە و داهاتەکەی ٧.٧ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
پێشتر وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاندبوو، داهاتی هەناردەکردنی نەوت بۆ مانگی تشرینی دووەم هەشت ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە و تێکڕای نرخی هەر بەرمیلێک ٨٢.٤١ دۆلاری تێپەڕاندووە، هاوکات داهاتی هەناردەکردنی نەوت لە ماوەی مانگی تشرینی یەکەمدا زیاتر لە نۆ ملیار دۆلار بووە.