چڕکردنەوەی کیمیابارانی قوتابخانەکان

سەرەڕای ناڕەزایەتی و کاردانەوەی بنەماڵەکان و چالاکانی سیاسی و مەدەنی بەرامبەر کیمیابارانی قوتابخانەکان، ئەمڕۆ چەند قوتابخانەیەکی دیکە لە کوردستان و ئێران کرانە ئامانجی هێرشی گازێکی نەناسراو.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ یەکشەممە، چەند قوتابخانەیەکی دیکە کرانە ئامانجی کیمیابارانی ئامانجدار و ژمارەیەکی زۆر لە قوتابیان ژەهراوی بوون.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵی نوژنها، لە دەوروبەری کاتژمێر ١٢ی سەرلەبەیانی، قوتابخانەی تەراواتی کچان لە ئورومیە هێرشی کراوەتە سەر و ژمارەیەک خوێندکار بۆ نەخۆشخانە گوازراونەتەوە، بەپێی وتەی شایەتحاڵان، باس لەوە دەکرێت کە بارودۆخی باقی خوێندکارەکان باش بووە.

 

هەروەها لە گرتە بڵاوکراوەکاندا دەردەکەون کە قوتابخانەی عەلی ناسری لە هەرسین سەر بە پارێزگای کرماشان، ئامادەی هونەریی کچان لە ئیسلامشار، ئامادەیی ئامانات بابۆڵسەر لە پارێزگای مازەندەران، قوتابخانەی قاسم سولەیمانی لە کەرەج، قوتابخانەی طولوع لە تاران و ئامادەیی معراج لە ئەردەبیل کراونەتە ئامانجی هێرشە کیمیاییەکان.

 

باس لەوەش کراوە کە ژمارەیەکی زۆر لە قوتابیان ژەهراوی کراون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شارەکەی خۆیان و بەپێی ئەو هەواڵە بڵاوکراوەش، یەکێک لە مامۆستایانی ئامادەیی عەلی ناسری لە هەرسین باری تەندروستی ناجێگیرە.