ڕێبازی پەردەپۆشکردنی حکومەت بۆ هێرشە کیمیاییەکان؛ دەستگیرکردنی ٣ خوێندکاری کچ

لە درێژەی هێرشی سیستماتیکی و کیمیابارانی ڕژێمی ئێران بۆ سەر قوتابخانەکان، حکوومەت بۆ دوورکەوتنەوە لە ڕووداوەکان و پەردەپۆشکردنی ئەو هێرشانە، پەنجەی تۆمەتی ئاراستەی خوێندکاران کردووە و لەو پێوەندییەدا ٣ خوێندکاری کچی دەستبەسەر کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ڕاپۆرتی گرووپی چالاکوانانی مافی مرۆڤ، سێ کچ بە ناسنامەی عیرفانە هونەری تەمەن ١٩ ساڵ، ستایش دارۆغەی تەمەن ١٦ ساڵ و ستایش ئەمیری تەمەن ١٧ ساڵ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە بیانووی ژەهراویکردنی زنجیرەیی خوێندکاران دەستگیرکراون.

 

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ئەم سێ کچە کە دوانیان خوێندکارن، تا کاتێکی نادیار لە بەشی دەستبەسەری زیندانی عادل ئاباد لە شیراز ڕاگیراون و ڕێگەیان پێنەدراوە لەگەڵ خێزانەکانیان کۆببنەوە و پەیوەندی تەلەفۆنی بکەن.

 

تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو تۆمەتانە نییە کە حکومەت بڕیارە بەسەریاندا بسەپێنێت، بەڵام ڕوونە کە دامەزراوە ئەمنی و دادوەرییەکان هەوڵدەدەن خودی خوێندکاران بە کیمیاباران تۆمەتبار بکەن.

 

لە ڕاستیدا هەوڵی سیستماتیکی حکوومەتی ئێران بۆ پەردەپۆشکردن و پەراوێزخستنی ڕووداوەکانی چەند مانگی ڕابردوو، بە تایبەت کیمیابارانی قوتابخانەکان و تۆمەتبارکردنی قوتابیان، نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە ڕژێمی ئێران نەوەکانی ئایندەی کردوەتە ئامانج کە   بە خەبات و تێکۆشانیان بناغەکانی پیاوسالاریان هەژاندووە.