زیاتر لە ٪٥٣ ژنان لە شوێنی کارکردنیان بەتەنیان

لە ڕاپرسییەکدا بە بەشداری زیاتر لە ٦٠٠ ژن و پیاو لە سەرانسەری ئەمریکادا دەرکەوتووە کە ٥٣٪ی ژنان لە شوێنی کاردا تەنیایی لە کارکردندا ئەزموون دەکەن، ئەمەش کاریگەری دەکاتە سەر دۆخی دەروونی و بەرەوپێشچوونیان لە شوێنی کارکردن.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕاپرسییەکدا بە بەشداری زیاتر لە ٦٠٠ ژن و پیاو لە سەرانسەری ئەمریکادا دەرکەوتووە کە ٥٣٪ی ژنان لە شوێنی کاردا تەنیایی ئەزموون دەکەن.

 

توێژینەوەکە لە شوباتی ساڵی ٢٠٢٣ لەلایەن گروپی Berlin Cameron & Benenson Group ئەنجامدراوە، ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە ژنان لە شوێنی کاردا پێشکەوتن و بەرەوپێشچوون بۆیان ئاسان نیە و زیاتر لە پیاوان ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبنەوە.

 

ئان شۆکێت، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە کە کاریگەریەکی بەرچاوی لە بواری میدیا و تەکنەلۆژیا و کارگێڕیدا هەیە، ئاماژەی بەوەداوە: "ئەم توێژینەوەیە ئاماژەیە بۆ قەیرانەکانی شوێنی کار، قەیرانی تەندروستی دەروونی بۆ ژنان، ئێمە ئەم توێژینەوەیەمان بۆ ئەوە نەکردووە کە ئاماژە بەوە بکەین کە ژنان چەندێک تەنیان لە شوێنی کارکردنیان، بەڵکو بۆ ئەوەیە ئاماژە بە کاریگەریی ئەو تەنیاییە بکەین کە کاریگەری لەسەر ژیانی و پیشەیی ژنان هەیە."

 

نزیکەی ٪٣٠ی ژنان لە ئاستی باڵای کارکردن لە ڕاپرسییەکەدا ڕایانگەیاندووە کە هەست دەکەن کەسێکیان نییە باسی کارەکانیان لەگەڵ بکەن و هەست بە کەمی پاڵپشتی دەکەن لەلایەن چواردەورەکەیانەوە و ئەمەش کاریگەری نەرێنیان لەسەر دادەنێت، دوو لەسەر سێی ژنانی ئاستی باڵا دەڵێن کارکردن لەگەڵ بەرپرسیارێتی لە ماڵەوە وایکردووە هەست بە فشار بکەن، ئەوەی تێبینی کراوە لەم دواییە دەستلەکارکێشانەوەی ژنانە لە پۆستە باڵا و سەرکردایەتییەکان، وەک جاسیندا ئاردرن، سەرۆکوەزیرانی پێشووی نیوزلەندا و سوزان ڤۆیسیکی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یوتیوب.

 

توێژینەوەیەکی ئەم دواییەی کۆمپانیای چالنجەر، کە کۆمپانیایەکی جێبەجێکارە و بنکەکەی لە شیکاگۆیە دەرکەوتووە کە ١٦٧ کەس لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٣ دەستیان لە ڕۆڵی بەڕێوەبەری جێبەجێکار کێشاوەتەوە، ئەمەش بە بەراورد بە ژمارەی ئەو سەرکردانەی کە لە شوباتی ٢٠٢٢دا جێیانهێشتووە بە ڕێژەی ١١٪ زیادیکردووە.

 

بۆ ژنان هۆکارەکانی سەختی کارکردن جیاوازن، بەپێی ڕاپۆرتێکی کۆمپانیای McKinsey & Company و Lean In ڕوونیکردوەتەوە کە ئەو ژنانەی پۆستی سەرکردایەتییان بەجێهێشتووە ژمارەیان لە پیاوان زیاترە، چونکە ژنان زیاتر لە پیاوان توشی ئاستەنگی دەبنەوە و کاتێکی زۆرتر کاردەکەن و کەمتر ناسراون و مافێکی کەمتریان پێدەدرێت.

 

جگە لە کاریگەرییەکانی شوێنی کار، تەنیایی پەیوەستە بە کۆمەڵێک پرسی تەندروستی جەستەیی و دەروونییەوە، لەوانە مەترسی توشبوونی زیاتری خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان، کێشەی خەوتن و خەمۆکی.

 

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی فشارەکان، نزیکەی ٪٩٢ی ئەو ژنانەی ئاستی باڵا کە لە توێژینەوەکەدا کە تەنیا بوون ڕایانگەیاندووە کە ڕوویان لە ڕەفتارێکی نەرێنی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دۆخە کردووە کە تیایدا بوون، وەک بەکارهێنانی کحول، ماددە هۆشبەرەکان، زیادەڕۆیی لە وەرزشکردن و زیادەڕۆیی لە خەرجکردنی داهاتەکانیان.

 

لە لێکۆڵینەوەکەدا توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە نزیکەی ٪٦٠ی ژنان دەڵێن هەستی تەنیایی یان گۆشەگیرییان زیادی کردووە لەگەڵ پێشکەوتنی پیشەکەیان و نزیکەی ٪٥٣ی ژنان پلە بەرزکردنەوەکانیان ڕەتکردوەتەوە یان وازیان لە کارکردن هێناوە بەهۆی کاریگەری نەرێنی کارەکانیان لەسەر ژیانی کەسی خۆیان.