قەیرانی ئاو لە بەلوچستان، ٪٧٠ی هاووڵاتیان دەستیان بە ئاوی پێویست ناگات

نوێنەری شاری خاش لە مەجلیسی ئێران ڕایگەیاند کە لە ئێستادا ٧٠٪ی شاری خاش دەستڕاگەیشتنیان بە ئاو نییە و ٣٠٪ی  ئاویش بۆ خواردنەوە گونجاو نیە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ چوارشەممە، نوێنەری شاری خاش لە مەجلیسی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسە هەواڵییە ناوخۆییەکان ڕایگەیاند کە سیستان و بەلوچستان لەبەردەم کێشەی کەم ئاویدان، لەئێستادا ٪٧٠ی شاری خاش دەستڕاگەیشتنیان بە ئاو نییە و ٪٣٠ی ئاوەکەی تریش بۆ خواردنەوە بەکارناهێنرێت.

 

بە وتەی ئیسماعیل حوسێنزاهی، لە ئێستادا تەنها ٢٠ ڕۆژی ساڵ بەسەر ئەو پارێزگایەی سیستان و بەلوچستاندا تێپەڕیوە کە تووشی فشاری کەمی ئاو بوون و ٪٧٠ ی شاری خاش دەستیان بە ئاو ناگات و ٪٣٠ی ئاوەکەی دیکەش بۆ خواردنەوە بەکارناهێندرێت، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد هاووڵاتییانی خاش ناچارن ئاوی پاک بکڕن.

 

لە ماوەی ڕابردوودا محەمەد سەرگەزی نوێنەری زابول لە پەرلەمان ئاماژەی بە بوونی قەیرانی کەمی ئاو لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان کرد و ڕایگەیاند، سەرچاوە ئاوییەکانی ئەم پارێزگایە تەنیا دەتوانێت پێداویستییەکانی پێنج بۆ شەش مانگی داهاتوو پڕبکاتەوە.

 

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە سەرەڕای ئەو ئاوە کە لە سیستان و بەلوچستاندا هەن، زۆرێک لە ناوچەکانی ئەم پارێزگایە ڕووبەڕووی کەمی ئاو بوونەتەوە بۆ ئاودێری زەوی، دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و دابینکردنی ئاو بۆ پێداویستییەکانی ڕۆژانەی خەڵک، ئەم گرفتانە وایکردووە دانیشتوانی ئەو ناوچانە ئاوی لە پاکەتکراو بە نرخێکی زۆر بکڕن.