پیرانشار: سەرەتای مانگرتنی خوێندکاران و هەڕەشەکردن لە مامۆستایان و بەڕێوەبەری قوتابخانەکان

خوێندکارانی قوتابخانەکانی پیرانشار و نەقدە ناڕەزایەتیان بەرامبەر بە کیمیابارانکردنەکان دەربڕی و مانیان گرت، بەڵام هەرەشە لە مامۆستایان و جێگرانی سەرۆک و بەڕێوەبەری قوتابخانەکان کراوە کە مافی داخستنی قوتابخانەکانیان نییە.

پیرانشار

 

ئەمڕۆ دووشەممە، دوابەدوای کیمیابارانی قوتابخانەکانی نەقدە و پیرانشار و ژەهراوی بوونی زۆرێک لە قوتابیان، خوێندکارانی ئەو دوو شارە ئامادەی وانەکانی خوێندن نەبوون و پەیوەست بوون بە شەپۆلی مانگرتنی قوتابیانی سەقز.

 

بریتان حوسێنی، یەکێکە لە خوێندکارە ناڕازییەکانی پیرانشار و دەڵێت: " لە قوتابخانەکەی من هیچ کیمیابارانێک نەبووە، بەڵام هاوڕێکانم لە قوتابخانەکانی تر ژەهراوی بوون و چەند کەسێکیان لە ئێستادا لە نەخۆشخانەن، ئێمە بۆ بنیاتنانی داهاتوومان دەچینە قوتابخانەکان، بەڵام ژەهراوی دەبین بە گازێک کە نازانین چییە، ئەگەر کارەساتێکی قەرەبوو نەکراو بەسەرماندا بێت بەم ژەهراویکردنانە چیتر داهاتوویەکمان نابێت بۆ بنیاتنان".

 

لە درێژەی قسەکانی دەشڵێت: " ئێمە بە توندی ئەو هێرشانە شەرمەزار دەکەین و ڕژێمی ئێران بە بەرپرسیار دەزانین، ئێمە لە هیچ شتێک ناترسین و هێشتا دەمانەوێت حکومەت بڕوات، ئێمەی خوێندکار سەلامەت نین چەند مانگێک لەمەوبەر بە تفەنگ برینداریان دەکردین و دەیان کوشتین، بەڵام ئەمڕۆ دەیانەوێت دەنگمان بە گازە کیمیاییەکان بخنکێنن بۆ ئەوەی دەنگی مەرگ بۆ دیکتاتۆرەکەمان نەیانهەژێنێت، بەڵام ئەمڕۆ ئێمە لەگەڵ خوێندکارانی سەقز هاوار دەکەین بە مەرگ بۆ دیکتاتۆر و مەرگ بۆ خامنەیی."

 

دیانا میهرنەژاد، خوێندکارێکی کوردی خەڵکی نەقدە کە ئامادەی وانەکانی نەبووە، باسی لە کیمیابارانەکان کرد و تی: " مانگرتنی قوتابخانەکانی نەقدە لە ڕۆژی دوای کیمیاباران دەستی پێکرد و ژمارەمان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاد دەکات و ئەمڕۆش دوای ئەوەی بەم شێوەیە هێرش کرایە سەر قوتابخانەکانی سەقز، تا ئێستا هیچ خوێندکارێک نەچووەتە هۆڵەکانی خوێندن، قوتابخانە دادەخەین بەڵام مانای ئەوە نییە واز لە خوێندن بهێنین، هەر حەزمان لە خوێندنە بەڵام ناهێڵین کەس یاری بە ژیانمان بکات و ژیانمان بخاتە مەترسییەوە."

 

هەروەها وتیشی: " هەموو کامێراکانی قوتابخانەکانی نەقدە داگیرسێندرابوون و دەرگای چوونە ژوورەوە داخرابوو، بەڵام هێشتا نازانین تاوانێکی لەو شێوەیە چۆن ڕوودەدات و ئایا ئەو حکومەتەی کە ناسنامەی خۆپیشاندەران و ئەوانەی بێ حیجابن دەناسێنێت، ناتوانێت هۆکاری ئەم هەموو کیمیابارانە بدۆزێتەوە؟"

 

باسی مانگرتنی قوتابخانەکانی کرد و وتی: " بەڕاستی من لە چوونە قوتابخانە دەترسم، ئەم ترسەش بە هیچ شێوەیەک نیشانەی لاوازی من نییە، چونکە بە نەچوونم بۆ قوتابخانە، خۆڕاگری و ناڕەزایی خۆم نیشان دەدەم تا حکومەت بزانێت کە ناتوانێت یاری بە چارەنووسی من و خوێندکارانی تر بکات."

 

دوابەدوای ئەو هەڕەشانەی لە پەروەردەی ئەم دوو شارە هاتوون، هیچ کام لە مامۆستایان و جێگرانی بەڕێوەبەر و بەڕێوەبەرەکان تەنانەت بە هۆکاری نائاساییش ڕێگەیان پێنەدراوە قوتابخانە بەجێبهێڵن و یان دەربچن و مامۆستایانیش لەژێر هەڕەشەی لێبڕینی مووچەدا هاتوونەتە قوتابخانەکان، بەڵام زووتر لە کاتی دیاریکراو قوتابخانەکانیان بەجێهێشتووە.