یابان بەشداری لە هاوکاری بەرنامەی جیهانی خۆراک بۆ پەنابەرانی سوریا دەکات

لە ئێستادا ٤٦٥ هەزار پەنابەری سووری لە ئەردەن مانگانە هاوکاری لەلایەن بەرنامەی جیهانی خۆراکەوە وەردەگرن بە ئامانجی یارمەتیدانیان لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خۆراک.

ناوەندی هەواڵ

 

حکومەتی یابان نزیکەی ١.١ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بەخشی بە بەرنامەی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەردەن بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری خۆراکی بۆ زیاتر لە ٢٧ هەزار پەنابەری سوری کە لە کەمپەکان و کۆمەڵگە نیشتەجێبووە دروستکراوەکان دەژین.

 

ئۆکویاما جیرۆ، باڵیۆزی یابان لە ئەردەن، لە میانی سەردانێکی مەیدانی هاوبەشدا بۆ خێزانێکی سودمەندی سوریا کە یارمەتی خۆراکی مانگانەی بەرنامەی جیهانی خۆراک وەردەگرن لە ئەردەن، بەشداریکردنی وڵاتەکەی لە دابینکردنی هاوکاری بەرنامەی خۆراکی جیهانی ڕاگەیاند.

 

نوێنەری بەرنامەی جیهانی خۆراک ئاماژەی بەوەشکردووە، " لەگەڵ زیادبوونی قەیرانەکان و کارەساتی سروشتی لە سەرانسەری جیهان کۆمەڵگەکان زیاتر لاواز دەکات، بەشدارییە نوێیەکەی یابان دڵنیای دەدات لەوەی کە هاوکارییەکان یارمەتی خۆراکی پێشکەش بە خێزانە پەنابەرەکان دەکات و پاڵپشتییان دەکات لە دابینکردنی هاوکاری خۆراکی پێویست، لە کاتێکدا کە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک لە جیهان بەردەوام لە هەڵکشاندایە، هەر بۆیە حکومەتی یابان ئاستی مەترسیداری نائاسایشی خۆراکی نیشانداوە کە ڕووبەڕووی پەنابەران دەبێتەوە."

 

لە ئێستادا ٤٦٥ هەزار پەنابەر لە ئەردەن مانگانە هاوکاری لەلایەن بەرنامەی جیهانی خۆراکەوە وەردەگرن بۆ یارمەتیدانیان لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خۆراک، ئەو پەنابەرانەی لە کۆمەڵگەکاندا نیشتەجێن مانگانە نزیکەی ٢١ دۆلاری ئەمریکی بۆ هەر کەسێک وەردەگرن، لەکاتێکدا ئەو خێزانە زۆر لاوازانەی لە کەمپەکان و کۆمەڵگە ناوخۆییەکان دەژین، مانگانە نزیکەی ٣٢ دۆلاری ئەمریکی بۆ هەر کەسێک وەردەگرن.

 

لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا، یابان بە زیاتر لە ٣٦ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بەشداری کردووە بۆ پشتگیریکردنی چالاکییەکانی بەرنامەی جیهانی خۆراک لە ئەردەن، ئەمەش پاڵپشتیکردنی هاوکاری ڕاستەوخۆی خۆراک و چالاکییەکانی بژێوی و بەرزکردنەوەی ئاسایشی خۆراک بۆ ئەردەنییەکان و پەنابەران لەخۆدەگرێت.