ئەو گۆرانیانەی کە توندوتیژی دژی ژنان بەرەوپێش دەبەن لە مەکسیک قەدەغە کران

لە شاری چیواوای مەکسیک، ئەو گۆرانیانەی کە دوژمنایەتی ژنان دەکەن و هانی توندوتیژی دژی ژنان دەدەن، لە شوێنەکانی مۆسیقای لایڤ قەدەغەکراون.

ناوەندی هەواڵ

 

لە شاری چیواوای مەکسیک، بەو پێشنیازە کە پارتی پان پێشکەشی ئەنجومەنی شارەوانی کرد، ئەو گۆرانیانەی کە دوژمنایەتی ژنان دەکەن و هاندەری توندوتیژی دژی ژنانن، لە شوێنەکانی میوزیکی لایڤ قەدەغە دەکرێن، بەپێی بڕیارەکە، سزای ئەو هونەرمەندانەی توندوتیژی پیاوان لەبەردەم خەڵکدا بەرەوپێش دەبەن و گۆرانی بۆ دوژمنایەتیکردنی ژنان دەڵێن، بە بڕی ٥٥ هەزار ستەرلینی دەبێت.

 

بە پێی هەواڵی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی؛ ئەو سزایەی لە بەرامبەر سەرپێچی بڕیارەکەدا وەردەگیرێت، دەدرێتە ئەو بەرنامە و پرۆژانەی کە شارەوانی بۆ ژنان دەستی پێکردووە. پاتریشیا ئولاتێ، لە پارتی پان، ڕایگەیاندووە، ڕاستییە بە ئازارەکانی وەک حاڵەتەکانی توندوتیژی جددی دژی ژنان پاڵنەرن بۆ یاسادانەران، بۆ ئەوەی دژی توندوتیژی ڕەگەزی کار بکەن.

 

"هەموو کارێک بۆ نەهێشتنی توندوتیژی گرنگە"

پاتریشیا ئولاتە، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکسانی ژنان و خێزان و جێندەری، لەو بارەیەوە وتی: چیواوا یەکێکە لەو پێنج شارەوانییەی ویلایەتەکە کە ئاگاداری ڕەگەزیی پێدراوە بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی توندوتیژی خێزانی دژی ژنان، بۆیە هەموو هەوڵێک ڕێگری توندوتیژییەکان گرنگە.

 

بڕیارەکە ئەو چالاکییانە دەگرێتەوە کە لەلایەن شارەوانییەوە ڕێکدەخرێن

بڕیاری قەدەغەکردن کە لە شارەکەدا دراوە، بۆ ئەو چالاکییانە کارا دەبێت کە لەلایەن شارەوانییەوە ئەنجام دەدرێن و سەرپەرشتی دەکرێن، مارکۆ بۆنیلا سەرۆکی شارەوانی چیواوا، لێدوانێکی لەسەر ئەو پرسە دا و وتی: هەرکەسێک گۆرانییەک بڵێت کە هانی توندوتیژی دژی ژنان بدات، ئەوا ڕووبەڕووی غەرامە دەبێتەوە، مۆسیقای زیندوو کە ژنان بە بابەتی و سێکسی دەکات، دەتوانرێت وەک توندوتیژیش سەیر بکرێت.

 

لە ساڵی ٢٠١٥دا ئەو شارە کە یەک ملیۆن کەسی تێدایە، بەکارهێنانی ئەو مۆسیقایەی قەدەغە کرد کە بانگەشە و هاندانی توندوتیژی لە شوێنی گشتیدا دەکات.