ژمارەی گیان لەدەستدانی بوومەلەرزەکە گەیشتە ٣٩ هەزار و ٦٧٢ کەس

ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات، کە ناوەندەکەی مەڕەشی باکووری کوردستان بوو گیانیان لەدەستدا، گەیشتە ٣٩ هەزار و ٦٧٢ کەس.

ناوەندی هەواڵ

 

سولەیمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاندووە، ژمارەی گیان لەدەستدانی بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و تورکیا بۆ ٣٩ هەزار و ٦٧٢ کەس بەرز بووەتەوە.

 

دوای ٢٧٨ کاتژمیر لە بوومەلەرزەکە ڕزگاری بوو

لە گەڕەکی ئەلەکتریکی ناوچەی دەفنەی هاتای، کەسێکی تەمەن ٤٥ ساڵ دوای ٢٧٨ کاتژمێر لە ڕوودانی بوومەلەرزەکە، لەژێر داروپەردوی بینای ڕووخاودا دەر‌هێندرا.

 

لە ئامەد چاوەڕوانی بەردەوامی هەیە

لە ئامەد ٧ بینا کە یەک بینایان چۆڵ بوو، ڕووخاون، لە ئەنجامی گەڕاندا تەرمی ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان لە ٦ بینا دەرهێندراون و بە هەزاران کەس چارەسەر کراون، لە ٦ خاڵدا کار لە بینا ڕووخاوەکان تەواو بوو، کاری گەڕان و ڕزگارکردن لە سەنتەری بازرگانی دیار گەلەریە لە ناوچەی یەنیشەهر بەردەوامە.

 

بەپێی ئەو زانیارییانەی بەدەست گەیشتووە، ٨ هاوڵاتی لە ژێر داروپەردوودا هەن و خزمانی ئەو هاوڵاتیانەی کە لە ژێر بیناکەدا مابوونەوە، لە بەردەم سەنتەری بازرگانی دیار گەلەری چاوەڕێ دەکەن بۆ ئەوەی بە زیندوویی یان مردوویی دەربهێندرێن.