خۆپیشاندانی فەرمانبەران و مامۆستایان هێشتا بەردەوامە

لە بەرامبەر وەرنەگرتنی مووچەی سێ مانگیان هەریەک لە فەرمانبەرانی شارەوانی و فەرمانبەران و مامۆستایانی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەمڕۆ گردبوونەوە و تێیدا داوای مووچەکانیان دەکرد.

سلێمانی

 

ئەمڕۆش خۆپیشاندان فەرمانبەرانی شاری سلیمانی بۆ پێنەدانی مووچە بەردەوام بوو، فەرمانبەرانی شارەوانی لە بەردەم بانكی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی، فەرمانبەران و مامۆستایانی خوێندنی باڵا لە بەردەم کامپی کۆنی زانکۆی سلێمانی خۆپیشاندانیان کرد و جەختیان لە مافە سەرەتاییەکانیان و وەرگرتنی مووچەکانیان دەکردەوە.

 

فەرمانبەرانی وەزارەتی شارەوانی ماوەی سێ مانگ و مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا ماوەی دوو مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، بەشێکیان دۆخی ژیانیان لەوپەڕی خراپی دایە و ژیانیان لەسەر بنەمای قەرزکردن لە خەڵک بەسەردەبەن، بە جۆرێک ئەگەر تەواوی مووچەی ئەو سێ مانگەیان وەربگرنەوە دەبێت بیدەن بە قەرزەکانیان.

 

ژنان پێشەنگی گردبوونەوە و خۆپیشاندانەکانن و داوای مافەکانیان دەکەن و ڕووی دەمیان دەکەنە دەسەڵاتداران و حکومەت.

 

وەزارەتی خوێندنی باڵا نزیکەی ٦٠ ڕۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە

فریشتە عەلی، فەرمانبەری وەزارەتی خوێندنی باڵایە، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نوژنها ڕایگەیاند ماوەی دوو مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە بۆیە لەبەردەم زانکۆدا خۆپیشاندان دەکەن و داوای مووچەکانیان دەکەن.

 

ئەو فەرمانبەرە باسی لەوەکرد پێنەدانی مووچەکانیان غەدرە لێیان دەکرێت و چیتر ناتوانن ئەو غەدرە قبوڵ بکەن، بۆیە مامۆستایان و فەرمانبەرانی کۆلێژە جیاوازەکان بە یەک دەنگ داوای مووچەکانیان دەکەن، سەرەڕای مانگرتن و خۆپیشاندان حکومەت تا ئێستا نەهاتووە بەدەم داواکانیانەوە، لە کاتێکدا بودجە هەیە و وەزارەتەکانی دیکە مووچەی مانگی نیسانیان وەرگرتووە، "بووەتە جێگای پرسیار لەلامان کە بۆچی مووچە بۆ ئێمە نییە، بەڵام بۆ وەزارەتەکانی دیکە هەیە، ئێمە باجی چییە دەیدەین، بۆ دەبێت ئێمە باجی ململانێی نێوان حیزبەکان بدەین".

 

شەممە، ١٤ی ئایار دەستپێکی تاقیکردنەوەی زانکۆیە، بەڵام ئەو فەرمانبەرە ڕوونیکردەوە هیچکامێکیان ئامادە نین بچنە هۆڵەکانی تاقیکردنەوەوە و ناهێڵن خوێندکاران تاقیکردنەوەکانیان ئەنجام بدەن، چونکە نەک تەنها کێشەی مووچە کێشەی دیکەشیان هەیە و کەموکورتیان هەیە لەناو زانکۆکاندا، ململانێی حیزبەکان بە هۆکار دەزانێت بۆ هەبوونی ئەو دۆخەی زانکۆ و پەروەردە تێی کەوتووە و زانکۆکان خوێندن تێیاندا وەستاوە.

 

"دەسەڵات بە هێزی پۆلیس وەڵامی خەڵکی هەژار دەداتەوە"

نازەنین محەمەد، وەک فەرمانبەرێکی گرێبەست لە شارەوانی قەرەداغ، بەشداری خۆپیشاندانەکانی کردووە و دەڵێت: ئێمە تەنها داواکاریمان مووچەکانمانە، نەک ڤێلاکانی دەسەڵاتداران، ئەگەر مووچەمان پێنەدان دەوام ناکەین ئەگەریش پێمان بدەن دەوامی خۆمان دەکەین، حکومەت کردویەتی بە پیشە هەتا فشار نەکرێتە سەریان مووچە نادەن بە مووچەخۆران، خۆزگە کوردستان داهاتی نەبووایە، چونکە بۆ فەقیر و هەژار نییە بەڵکو هەمووی دەسەڵاتداران و حیزبەکان سودی لێوەردەگرن".

 

دەربارەی ئەو ڕێکەوتنانەی دەکرێت لەسەر داهاتی هەرێمی کوردستان ئەو ژنە ڕوونیکردەوە کە کەس لە پلانەکانی حکومەت تێناگات، هەر ڕێکەوتنێکیشیان هەبێت بە دڵنیاییەوە بەرژەوەندی خۆیانی تێدایە، لە کۆتایدا وتی: "ئێمە داوای مافی خۆمان دەکەین، بەڵام حکومەت هێزمان بۆ دەهێنێت، واتە هێز بۆ هەژار و خەڵکی بێدەسەڵات دەهێنێت".