یەدەگی گەنم لە عێراق پێویستییەکان بۆ ماوەی ٦ مانگ پڕ دەکاتەوە

وەزیری بازرگانی عێراق ڕایگەیاند، یەدەگی ستراتیژی گەنم لە عێراق بەشی شەش مانگ دەکات و دەتوانێت پێداویستییەکان پڕ بکاتەوە، هەروەها لە کۆتایی وەرزی کڕیندا کۆگای ساڵێک لە گەنم مسۆگەر دەکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزیری بازرگانی عێراق ڕایگەیاند، یەدەگی ستراتیژی گەنم لە عێراق بەشی شەش مانگ دەکات و دەتوانێت پێداویستییەکان پڕ بکاتەوە، هەروەها لە کۆتایی وەرزی کڕیندا کۆگای ساڵێک لە گەنم مسۆگەر دەکرێت.

 

کۆمپانیای گشتی بازرگانی دانەوێڵە کە کۆمپانیای دەوڵەتییە کە بەرپرسە لە کڕینی دانەوێڵە لە عێراق ڕایگەیاند، زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن گەنمی بەرهەمهێنراوی ناوخۆیی لە جووتیارانی ١٣ پارێزگا کڕیووە، لە کاتێکدا وەرزی کڕینی گەنم لە عێراق لە ناوەڕاستی مانگی نیسان دەستی پێکرد.

 

هەروەها مانگی ڕابردوو، بەڕێوەبەری گشتی دەستەی دانەوێڵەی عێراق ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ عێراق ٣.٥ ملیۆن تۆن گەنم بەرهەمبهێنێت، لەکاتێکدا ساڵی ڕابردوو نزیکەی ٢.٢ ملیۆن تۆن گەنم بەرهەم هێنراوە.

 

حکومەتی عێراق پرۆگرامێکی پاڵپشتی خۆراکی بەڕێوەدەبات کە ساڵانە چوار ملیۆن و ٦٠٠ هەزار تۆن گەنم لەخۆدەگرێت.

ساڵی ڕابردوو عێراق یەک ملیۆن تۆن گەنمی کڕیوە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمی بەرهەمهێنان، کە تاڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بە باران و ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات.

 

لە ساڵانی ڕابردوودا حکومەتی عێراق بە شێوەیەکی سەرەکی لە سێ سەرچاوەوە گەنم دەکڕێت، ئەم سێ سەرچاوەیە بریتین لە ئەمریکا، ئوسترالیا و کەنەدا.