هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ – ژنان: بە ئامانجگرتنی ژنان و فڕێدانی جەستەیان پێشێلکارییەکی ئاشکرای بەها مرۆییەکانە

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەو هێرشانەیان شەرمەزارکرد کە جیهادییەکانی هەتەشە بۆ سەر گەڕەکەکانی شاری حەلەب دەستیان پێکرد، ڕایاندگەیاند، فڕێدانی جەستەی شەڕڤانێکی ژن لە باڵەخانەیەکی بەرزەوە پێشێلکردنی ئاشکرای بەها مرۆییەکانە.

ناوەندی هەواڵ

 

٦ی کانوونی دووەم، چەتەکانی هەتەشە هێرشی توندیان کردە سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی شاری حەلەب، کە دەیان هاوڵاتی مەدەنی کوژران و برینداربوون، ئەم هێرشانەش شەرمەزارکردنی بەرفراوانی لێکەوتەوە، لەگەڵ داوای لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی نێودەوڵەتی و لێپرسینەوە لە بەرپرسان.

 

١٣ی کانوونی دووەم، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و شەرمەزاری هێرشەکانی چەتەکانی هەتەشەی بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە و بەنی زەید لە شاری حەلەب کرد، کە بەهۆیەوە دەیان هاوڵاتی مەدەنی کوژران.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لەژێر ئەو هەلومەرجە سەختەی گەلەکەمان بەرگەی دەگرێت، ژنان لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە ڕۆڵی پێشەنگیان بینیوە لە بەرخۆدان و بەرگریکردن لە شکۆمەندی مرۆڤایەتی و ڕاوەستان لە بەرامبەر سیاسەتەکانی ستەم و توندوتیژی سیستماتیکدا، لەو گەڕەکانەشدا نموونەیەکی بەرچاویان لە قوربانیدان و خۆڕاگریدا پیشانداوە، نەک تەنها لە ڕێگەی بەرخۆدانی ڕۆژانەی خۆیان لە بەرامبەر گەمارۆ و پێشێلکارییەکان، بەڵکو لە ڕێگەی بەشداری چالاکانەیان لە پاراستنی کۆمەڵگە و بەرگریکردن لە بەها مرۆییەکان و پێکەوەژیان.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا، شەرمەزاری ئەو تاوانانە کرا کە ویژدانی مرۆڤی هەژاند، کە بریتی بوو لە بڕینی جەستەی ئەو هەڤاڵ و خەباتکارە قارەمانەی بەرخۆدان کە لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا دەرکەوت، کە بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاوبووەوە، کوتلەکانی سەر بە حکومەت لە دیمەشق دوای کۆچی دوایی جەستەیکەیان لە باڵەخانەیەکی بەرزەوە فڕێدا، ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرای هەموو بەها ئەخلاقی و مرۆیی و ئەو  ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکانە کە شکۆمەندی مرۆڤ دەپارێزن تەنانەت دوای مردنیش.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا، جەخت لەوە کراوەتەوە، کە ئەم کارانە بە هیچ بیانوویەک پاساو نادرێتەوە، چونکە ڕەنگدانەوەی ئاستێکی مەترسیدارە لە بێبایەخکردنی ژیانی مرۆڤ و هەوڵدان بۆ شکاندنی ئیرادەی کۆمەڵگە لە ڕێگەی چاندنی تیرۆر و بێڕێزیکردن، هەروەها نیگەرانی و شەرمەزاری خۆمان بۆ ئەو زانیاری و شایەتحاڵانە دەردەبڕین کە لە بارەی مامەڵەکردن لەگەڵ زیندانییەکان هەیە، کە ڕووبەڕووی بێڕێزیکردن و مامەڵەی نامرۆڤانە دەبنەوە، ئەمەش پێشێلکردنی ڕوونی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییە، کە مسۆگەری پاراستنی زیندانییەکان دەکات و مامەڵەکردنیان بە شکۆمەندی و ڕێزەوە مسۆگەر دەکات.

 

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ – لقی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ڕاگەیاندراوەکەیاندا جەختیان لەوە کردەوە،کە شکۆمەندی مرۆڤ دابەش ناکرێت، هەروەها بەئامانجگرتنی ژنان و بڕینی جەستە و خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ زیندانییەکان تاوانن کە لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا بەسەر ناچێت و پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی سەربەخۆ و لێپرسینەوە لە بەرپرسان هەیە، هەروەها سڵاو لە بەرخۆدانی ژنان لە شێخ مەقسود و ئەشرەفیە دەکەین، کە دوو ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ – لقی ژنان لە حەلەب دوای بەرخۆدانێکی مێژوویی و ئەفسانەیی شەهید بوون، هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین، دووپاتی دەکەینەوە کە ئەم تاوانانە نابێتە هۆی کەمکردنەوەی ئیرادەی ژنان، بەڵکو پابەندبوونی گەلەکەمان بە مافە ڕەواکانی خۆیان بۆ ئازادی و دادپەروەری و ژیانێکی شکۆمەند بەهێزتر دەکەن.