هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کۆتایی هاتنی هەڵمەتەکەی لە کامپی هۆل ڕادەگەیەنن
فەرماندەیی گشتی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کۆتایی هاتنی ئەو هەڵمەتە ئاسایشیانە ڕادەگەیەنێت کە لە کامپی هۆل دەستی پێکردووە.

حەسەکە- فەرماندەیی گشتی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەنجامی هەڵمەتی ئاسایشی ٦ ڕۆژەی لە کامپی هۆڵ ئاشکرا کرد.
چوارشەمە ٢٣ی نیسان، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەیاننامەیەکی نووسراوی لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی بڵاوکردەوە، ئەنجامی ئەو هەڵمەتە ئاسایشیەی ڕاگەیاند کە لە کامپی هۆل دەستیپێکردووە.
ڕۆژی ١٨ی نیسان، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ – ژنان، و یەپەژە، بە پاڵپشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات ،هەڵمەتێکی ئاسایشیان دەستپێکرد لەسەر بنەمای زانیاری چالاکی شانەکانی داعش لەناو کامپەکە، هەوڵدان بۆ دەرکردنی خێزانەکانی داعش لە کامپەکە بە قاچاخ. ئەم ئۆپەراسیۆنە درێژەپێدەری ئەو ئۆپەراسیۆنەیە کە لە کامپی ڕۆژ دژی شانە نووستووەکانی داعش ئەنجامدرا.
لە سەرەتای بەیاننامەکەدا هاتووە"لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە زیادبووەکانی شانە تیرۆریستییەکان و پاشماوەکانی داعش، هێزەکانمان بە هەماهەنگی یەپەژە و پشتیوانی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی ناو کامپی هۆل هێنا، لە ١٨ی نیسانی ٢٠٢٥ دەستیپێکرد،٦ ڕۆژی لەسەریەک بەردەوام بوو".
لە بەیاننامەیەکدا هاتووە کە "ئامانج لە ئۆپەراسیۆنەکە هەڵوەشاندنەوەی شانە نووستووەکان و بەهێزکردنی ئاسایشی ناو کامپەکە و دەوروبەرییە، جگە لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت لە دەرەوەی دیوارەکانی."
لە بەیاننامەیەکدا ئەنجامەکانی هەڵمەتەکە ئاشکرا کراوە،کە دەستگیرکردنی ٢٠ ئەندامی داعش و هاوکارەکانیان، دەستبەسەرداگرتنی ٣ چەکی کڵاشینکۆف،دەمانچەیەک ،ژمارەیەک کۆگا و تەقەمەنی ،کەلوپەلی سەربازی کە لەناو یەکێک لە چادرەکاندا شاردرابووەوە، پوچەڵکردنەوەی هەوڵێکی هەڵهاتنی بەکۆمەڵ کە لەلایەن شانەکانی ناو کامپەکە و یەکێکی تر لە دەرەوەی کامپەکە هەماهەنگی کرابوو، سەرجەم ئەندامانی شانەکەی داعش دەستگیرکران، جگە لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ – ژنان کە شانە مەترسیدارەکانی داعش دەکەنە ئامانج کە لەگەڵ شانەکانی دیکە کار دەکەن بۆ ئەنجامدانی کارە تیرۆریستیەکان."
لە بەیاننامەیەکدا جەخت لەوە کراوەتەوە "بەم ئۆپەراسیۆنە هێزەکانمان سەرکەوتوو بوون لە لێدانێکی نوێ لە شانە تیرۆریستییەکان کە هەوڵ دەدەن ڕاستی مرۆیی ناو کامپەکە بقۆزنەوە بۆ جێبەجێکردنی پیلانە تاوانکارییەکانیان، هەروەها پابەندبوونی تەواوی خۆمان دووپات دەکەینەوە بۆ بەدواداچوونی تیرۆر و بنبڕکردنی سەرچاوەکانی لە هەر شوێنێک بدۆزرێتەوە، دڵنیایی لەسەر بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی پێشوەختەی ئاسایش لە هەموو ئەو ناوچانەی کە هەڕەشەی ئاسایشی تێدا بەدی دەکرێت، هیچ پەناگەیەکی پارێزراو بۆ تیرۆر و لایەنگرانی نابێت".
لە بەیاننامەیەکدا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراوە "بەرپرسیارێتییە یاسایی و مرۆییەکانی خۆی بەرامبەر دۆسیەی کامپی هۆل بگرێتە ئەستۆ، هەوڵی ڕاستی بدات بۆ ڕزگارکردنی هاوڵاتییانی لە دەستگیرکراوەکانی ئەوێ، پشتیوانی پێویست پێشکەش بە خۆبەڕێوەبردن بکات، بەردەوامبوون لە بەڕێوەبردنی ئەم دۆسیەیە بە شێوەیەکی کاریگەر و سەلامەت، داوا لە گەلەکەمان دەکەین بەردەوام هاوکاری هێزەکانمان بکەن، هەر جموجۆڵ و چالاکییەکی گوماناوی هەبوو ئاگادارمان بکەنەوە، سەلامەتی کۆمەڵگەکەمان بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە و پێویستی بە هاوسۆزی هەمووان هەیە".
ئەمە پێنجەمین هەڵمەتە لە کامپی هۆل لە ساڵی ٢٠٢١ەوە لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و یەپەژە بە پاڵپشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ بەدواداچوونی شانە داعشییەکان و سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی ئایدۆلۆژیای توندڕەوی ئەو کامپە ئەنجام دەدرێت.