ژنانی سلێمانی: نەورۆز دەبێت ببێتە هۆکارێک بۆ زیندوکردنەوەی هەستی نەتەوایەتی

قەیرانەکان و ئەو دۆخەی لە کوردستاندا بوونی هەیە، بووەتە هۆکار بۆ کاڵبوونەوەی هەستی نیشتمانی و بەرز ڕاگرتنی یادی نەورۆز، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هاوڵاتیان بۆیان گرنگە ئەو هەستە لەناونەچێت و هەمیشە بەرز ڕایبگرن.

شنیار بایز

 

سلێمانی- نەورۆز بۆنەیەکی نیشتمانی و کوردەوارییە، لە هەموو ٢١ی مانگی ئاداردا و لە یەکەم ڕۆژی بەهاردا ئەم بۆنەیە لە هەموو ناوچە جیاوازەکانی کوردستاندا دەکرێتەوە، کوردان لە هەر کوێی دنیا بن یادی ئەم بۆنەیە دەکەنەوە و بە جەژنی خۆیانی دەزانن، چونکە نەورۆز بۆنەیەکی کوردەواری و جەژنێکی نیشتمانییە.

 

بەشێک لە کوردان یادی ئەم بۆنەیە بە شێوازە ڕاستییەکەی خۆی دەکەنەوە و وەک بۆنەیەکی نیشتمانی تەماشای دەکەن و تیایدا هەستی نیشتمانی خۆیان زیندوو دەکەنەوە، بەڵام بەشێکی دیکە لە هاوڵاتیان تەنها وەک لەبەرکردنی جلی کوردی و گەشت و سەیران لەم بۆنەیە دەڕوانن، لە کاتێکدا ئەم بۆنەیە گرنگە تیایدا کوردان هەستی نیشتمانی خۆیان زیندوو بکەنەوە و درێژە بەو هەستە بدەن و بۆ جیهانی بسەلمێنن، کورد خاوەن مێژوو کولتووری خۆیەتی.

 

لەم بارەیەوە ژنان بە گرنگی دەزانن هەستی نیشتمانی لە ناو کورداندا هەبێت و نابێت هیچ هۆکارێک ببێتە هۆی لە ناوچوونی هەستی نەتەوایەتی.

 

"هەستی نیشتمانی پێوییستە هەموو کاتێک هەبێت"

سروە هاوڵاتییەکە دەربارەی نەورۆز ڕوونیکردەوە، تەنها گرنگ نییە کە لە نەورۆزدا کورد هەستی نەتەوایەتی هەبێت، بە پێچەوانەوە دەبێت ئەو هەستە هەمیشە لە دڵی کورددا بێت، پێی وایە نابێت ئەو کێشە و قەیرانانەی هەن لە کوردستاندا ببێتە هۆکارێک بۆ کاڵبوونەوەی هەستی نیشتمانی، دەڵێت "خودی خۆت ئەگەر نیشتمانت خۆشبوێت کۆمەڵێک ستی بەرامبەر جێبەجێ ناکەیت، وەک پیسبوونی ژینگەکەی و هەوڵدان بۆ ئازادیی".

 

نەورۆز لای سروە هەستێکی تایبەتییە و پێی وایە کولتوورێکی کوردە و دەبێت هەموو کەسێک ئەو کلتوورە بپارێزێت، "کورد لە جیهاندا بەو کلتوور و یادانەوە ماوەتەوە".

 

"دۆخی کورد لە هەر جێگەیەک بووەتە هۆکار بۆ کاڵبوونەوەی هەستی نیشتمانی"

بەدریە عەبدوڵا، بەهۆی ئەو دۆخەی کورد ژیانی تێدا دەکات، بەهۆی ئەوەی بەردەوام لە داگیرکاری و قیراندایە پێی وایە هەستی نیشتمانی کاڵ بووەتەوە، بەڵام بە گرنگی دەزانێت ئەم هەستە بەرەو کاڵبوونەوە نەچێت، بە پێویستی دەزانێت کورد هەمیشە درک بەوە بکات ڕۆژێکی تایبەت بە خۆیەتی و دەبێت بەرز ڕایبگرێت، دەڵێت: "ئێمە با تەنها لە نەورۆزدا هەستی نیشتمانیمان نەبێت، بەڵکو بە خۆشویستی خاک و پارێزگاریکردنی ئێمە دەتوانین هەستی نیشتمانی خۆمان بەردەوام پێبدەین".

 

لە درێژەی قسەکانیدا ڕوونیکردەوە، لە نێوان نەورۆزی ساڵانی ڕابردوو ئێستادا گۆڕانکاری هەیە، نەورۆزی ئەوکات خۆشتر بووە، لە کۆندا کورد هەمووی یەک ئاست بوون و هەمووی یاک دڵ و دەروونی هەبووە، بۆیە خۆشییەکانیان پێکەوە دەردەبڕی بەڵام ئێستا بەو شێوەیە نییە، بەهۆی چەندین کێشە و قەیرانەوە نەورۆز بۆ  بەشێک لە کوردەکان جیاواز بووە، بەڵام گرنگە هەموو تاکێک وەک خۆی ئەم یادە بکاتەوە و بەرز ڕایبگریت.

 

"ئەرکی هەموومانە هەستی نیشتمانی بەرز ڕابگرین"

نیاز یەحیا، کوردێکە و دانیشتووی وڵاتی سویدە، دەربارەی نەورۆز ڕوونیکردەوە، وەک کوردانی وڵاتانی دەرەوە هەموو ساڵێک یادی نەورۆز بە بەرز و پیرۆزی دەهێڵنەوە، تایبەت بەو ڕۆژە جلی کوردی دەکەن و ئاهەنگ و خۆشی دەگێڕن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو هەستە نیشتمانییە دووبارە لەناو نەوەکانیاندا زیندوو دەکەنەوە، تەواوی منداڵان ئاشنای هەستی نیشتمانی و نەورۆز دەکەن و باس لە یادی نەورۆز دەکەن.

 

دەڵێت: کورد لە وڵاتانی دەرەوە ئەوەندە ئەو ڕۆژەیان بۆ گرنگە و بەرز ڕایدەگرن، ساڵانە ئاگر دەکەنەوە و بە دەووری ئاگرەکەدا خۆشی دەردەبڕن و هەستی نیشتمانیان نوێ دەکەنەوە"، ڕوونیکردەوە هەستی نیشتمانی گرنگە بۆ هەموو تاکێک، گرنگە یادی نەتەوەی خۆمان بیر نەچێت گرنگی بە کلتوور و زمانی خۆمان بدەین، نیاز خودی خۆی هەمیشە کورد و کقلتوورەکانی بۆ منداڵەکانی ڕوونکردووەتەوە سەرەڕای ئەوەی لە وڵاتی سویدن.