نەزەند بەگیخانی: دەوڵەتی تورکیا لە پشت کۆمەڵکوژییەکانەوەیە

دەرباڕەی کۆمەڵکوژی دوێنێی پاریس، کە تیایدا سێ کورد شەهیدبوون، نەزەند بەگیخانی دەنووسێت: کۆمەڵکوژییەکە لەکاتێکدایە کە کۆمەڵگەی کوردی خۆی ئامادەی دەیەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی یەکەمی پاریس دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

نەزەند بەگیخانی، نووسەر و شاعیر دەرباڕەی دووەمین کۆمەڵکوژی پاریس، کە دوێنێ لە هێرشێکدا سێ کەس لە ناوەندی هونەریی ئەحمەد کایا لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا شەهیدبوون و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون، ئاماژەی بەوەدا کە بکوژەکە تاوانی لەپێشینەی هەیە و لە زینداندا بووە، بەڵام بۆچی ئازادکراوە.

 

نەزەند بەگیخانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکی خۆی وەها دەنووسێت: "هێرشەکەی ئەمڕۆ بۆ سەر کۆمەڵگەی کوردی لە پاریس دوو لێکدانەوە هەڵدەگرێت: لێکدانەوەیەک کە ڕەهەندی ڕەگەزپەرستی هەیە: ئەو هاوڵاتییە فڕەنسییەی هێرشەکەی ئەنجامداوە و سێ کوردی کوشتووە، دژی بێگانە و پەنابەر و ئاواڕەکانە و سەلمێندراوە کە ڕەگەزپەرستە. پێشتر لە لای پۆلیس و سیستەمی دادوەریی فەرەنسا بە تۆمەتی هێرشێک بۆ سەر پەنابەران دەستگیرکراوە و دوای دادگاییکردنی ئازاد کراوە، بۆچی ئازاد کراوە لە کاتێکدا دەزانرا کە کەسێکی ترسناکە و کردەوەی ڕقئامێز دژی خەڵکی بیانی ئەنجامدەدا؟ هێزی چەپ و ئۆپۆزسیۆن لە فەرەنسا حکومەت و دەسەڵات تۆمەتبار دەکەن بەوەی سیستەمی دادوەریی فەرەنسا کەموکوڕیی زۆری تێدایە و پێویستی بە چاکسازییە".

 

لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەیدا نەزەند بەگیخانی تیشک دەخاتە سەر ڕەهەندە تیرۆریستییەکەی کردەوەکە، "کورد لە فەرەنسا وەک هاوکار و هاوبەشی وڵاتانی ڕۆژئاوا دژی داعش و ئیسلامی سیاسیی چەکدار ناسراون؛ بەوە ناسراون کە وەک پێشمەرگە و جەنگاوەر ئازا و جەسورانە لە عێراق و سوریا دژی هێزە تێرۆریستەکان دەجەنگن. لێرەدا پەنجەی تۆمەت بۆ ئەردۆگان و هێزە تێرۆریستەکان رادەکێشرێت کە ئەگەری هەیە لە پشتەوەی ئەم هێرشە بن. جگە لەمە، کۆمەڵگەی کوردی لە فەرەنسا بەوە ناسراوە کە خەباتی کولتووری دەکات بۆ پاراستنی فەرهەنگ و زمانی کوردی، کە لەلایەن دەوڵەتە سەردارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قەدەغە کراوە و کورد لە مافە بنەڕەتییەکانیان بێبەش کراون.

 

ئەو شاعیرە تیشک دەخاتەسەر ساتەوەختی نزیکبوونەوەی دەیەمین ساڵیادی تێرۆکردنی ساکینە جەنگیز و لەیلا شەیلامەز و فیدان دۆغان، کە کۆمەڵگەی کوردی خۆی ئامادە دەکرد بۆ یادکردنەوەی ئەم ژنە کوردانەی کە دەرکەوتووە دەوڵەتی تورک لە پشت تێرۆرکردنیان بووە و فەرەنساش تا ئێستا بە ئاشکرایی دادوەریی ئەنجام نەداوە، دەنووسێت: ڕەهەندی دووەم خۆی رەپێش دەکات، بەڵام تەنها وەک ئەگەرێک. پێش راگەیاندنی لێکۆڵێنەوەی پۆلیس ئەم ئەگەرانە تەنها وەک لێکدانەوەی ئەبستراکت باس دەکرێن و حەقیقەتی هێرشەکە چ سیاسی، چ ڕەگەزپەرستی و جیۆپۆلیتیکی بێت ئەوکاتە دەزانرێ کە پۆلیس و دادوەرانی فەرەنسا بە پێی یاسا و دوور لە فشاری سیاسی کاری خۆیان بکەن و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ رای گشتی رابگەیەنن.