کارەبا و ئینتەرنێت بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان دەبڕدرێت
بە فراوانبوونی شۆڕشی خوێناوی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گیان لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە ئازادیخوازان، کۆماری ئیسلامی لە پێناو سەرکوتکردنی ڕاپەڕیندا ئینتەرنێت و کارەبا دەبڕێت و ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات .
ناوەندی هەواڵ
لەگەڵ بەرفراوانبوونی شەپۆلی نوێی شۆڕش لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەرکوتکردنی دڕندانەی ئازادیخوازان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەوانە، پیرانشار، مهاباد، بۆکان و جوانڕۆ گیانیان لەدەستداوە، کۆماری ئیسلامی لە زۆربەی شارەکان بۆ ڕێگری کردن لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و ڕاستییەکان ئینتەرنێتی پەکخستووە و کارەبای بڕیوە.
لەو بارەیەوە، نێت بلۆکس، کە ڕێکخراوێکی ناحکومییە و سەرپەرشتی ئینتەرنێتی جیهانی دەکات، پەککەوتنێکی گەورەی لە ئینتەرنێت و بڕینی ئینتەرنێت بۆ زۆرێک لە بەکارهێنەرانی ڕاگەیاند، هەروەها میدیا ناوخۆییەکانی ئێران پشتڕاستیان کردەوە کە ئینتەرنێتی نێودەوڵەتیی کۆمپانیاکانی مۆبایل پچڕاوە و تەنیا ئینتەرنێتی ناوخۆیی بەردەستە.
دوای کۆمەڵکوژییەکەی دوێنێی شاری جوانڕۆ، لە شەوی ڕابردووەوە ئینتەرنێتی شارەکە بە تەواوی پچڕاوە، تەنانەت ئینتەرنێتەکانی ماڵەوەش پەکخراون و پەیوەندییان پچڕاوە، بەمەش پەیوەندیکردن لەگەڵ دانیشتوانی شارەکەی ئەستەم کردووە.
ئەمە یەکەمجار نییە کە کۆماری ئیسلامی جگە لە بەکارهێنانی چەکی قورسی وەک تفەنگی هێرشبەر، تفەنگی قەناس و گازی کیمیایی قەدەغەکراو لە دژی ئازادیخوازانی هەرێمی کوردستان، سانسۆریش بۆ ئینتەرنێت بەکاردەهێنێت.