ژنانی هەرێمی فورات پشتیوانی لە ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن

ژنانی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە دروشمی "ژن ژیان ئازادی" هاوسۆزی پشتیوانیان بۆ ڕاپەڕینی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پێشەنگایەتی ژنان، دەربڕی.

نورشان عەبدی

 

کۆبانێ- ئەمڕۆ ڕێپێوانێک لەلایەن کۆنگرەی ستار لە کانتۆنی کۆبانی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەسەر ئاستی ناوچەی فورات بۆ پشتیوانیکردن لە ڕاپەڕینی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، بە دروشمی "بە ڕۆحی بەرخۆدانی کۆبانی، سڵاو لە شۆڕشی جەماوەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکەین"، ڕێکخرا و ئاماژەیان بەوەدا، "بە هێز و ئیرادەی ژنان ڕاپەرین سەرکەوتوو دەبێت.

 

نەزیفە خاڵۆ، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی ئیدارەی خۆسەر لە شاری مەنبەج، وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: ئێمە لە مەنبەجەوە هاتووین لەم ڕێپێوانە جەماوەرییەدا بەشداری بکەین بۆ ئیدانەکردنی تاکڕەوی و ستەمکارییەکانی ڕژێمی ئێران، هەروەها جەختیکردەوە لە پشتیوانیکردنی ژنان لە هەر شوێنێک بن، کە بەرخۆدانی دەکەن وتێکۆشان بۆ شکاندنی زنجیرەی ئەو ڕژێمانە دەکە ژنان کۆتوبەند دەکەن.

 

سەبارەت بە پێگەی ژنان لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ڕوونیکردەوە، "توندوتیژی ڕەتدەکەینەوە و پاڵپشتی ژنان دەکەین، چونکە هەر توندوتیژییەک بەرامبەر بە ژنان توندوتیژییە بەرامبەر بە هەموومان، هەروەها دروشمی "ژن ژیان ئازادی" خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەیڵێنەوە، دروشمێکە بۆ هەموو ئەو ژنانەی کە بەدوای ئازادیدا دەگەڕێن، ئێمەش ئەو ژنانەین کە بەشداریمان لە شۆڕشی ١٩ی تەمموزدا کردووە، خەبات دەکەین بۆ ئەوەی ژنان ئازاد بن و بتوانن پێشەنگایەتی کۆمەڵگە بکەن.

 

"بە ڕۆحی بەرخۆدانی کۆبانێ، ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرکەوتوو دەبێت"

 سەمیرە ئەحمەد، کارگێڕی کۆنگرەی ستار لە کانتۆنی کۆبانی ڕایگەیاند، "دوو مانگ لەمەوبەر، دوای کوشتنی ژینا ئەمینی خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاپەڕێن، ئێمەش وەک کۆنگرەی ستار لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە یەکەم ڕۆژەوە پشتگیریی خۆمان بۆ ئەم ڕاپەڕینە دووپاتکردەوە و بەردەوامیش دەبین لەسەر ڕێگای ئازادی لەپێناو هەموو ئازادییەکدا".

 

سەنا ڕەجەب لە شاری مەنبەجەوە بەشدارە و وتی: ئێمە پشتیوانی لە ژنان دەکەین و دووپاتیدەکەینەوە کە دەبێت بەرامبەر هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر ژنان یەک دەنگ بین، بە ژنانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دەڵێین کە دەبێت خۆیان ڕێکبخەن چونکە ژنی ڕێکخراو ژنێکی بەهێزە و توانای بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە و پێشەنگایەتیکردنی شۆڕشی هەیە وەک چۆن ئێمە توانیمان لە شۆڕشی ١٩ی تەمموزی ٢٠١٢ پێشەنگایەتی شۆڕش لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بکەین.