فاو: گۆڕانی کەشوهەوا سەدان ملیۆن کەس بەرەو ئاستێکی مەترسیداری برسیەتی دەبات

بەرنامەی خۆراکی جیهانی فاو هۆشداری لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەدات و ئاشکرای دەکات کە بەو هۆیەوە سەدان ملیۆن کەس بەرەو ئاستێكی مەترسیداری برسیەتی دەڕۆن.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ٧ی تشرینی دووەم لە کاتی بەشداریکردنی لە ٢٧ەمین لوتکەی کۆنفرانسی کەشوهەوا، کە لە شەرم شێخی میسر بەڕێوەدەچێت، دەیڤد بیسلی، بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە بەرنامەی خۆراکی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان-فاو رایگەیاند، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و ململانێ نێودەوڵەتییەکانەوە زیاتر لە ٣٤٥ ملیۆن کەسی برسی لە جیهاندا لەسەر لێواری برسیەتییەکی قووڵ و چڕدان و پێویستە وڵاتانی جیهان بە تایبەتی ساماندارەکانیان کار بۆ دابینکردنی سەرچاوە داراییەکان بکەن، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە لە سۆماڵ پێنج هاوین بەدوای یەک وشکەساڵییە، لە سووریا وشکەساڵییەک ڕيوویداوە کە ٥٠ ساڵە ڕووی نەداوە، گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری کردووەتە سەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بە دیاریکراوی گەنم و پەینە کیمیاییەکان.

  

بەرپرسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەی خستووەتەڕوو کە ڕووسیا لەسەر ئاستی جیهان زۆرترین پەینی کیمیایی هەناردە دەکات، هەروەها بڕێکی زۆری گەنمیش بەرهەمدەهێنێت، بەڵام بەهۆی هێرشکردنە سەر ئۆکرایناوە لە ژێر گەماڕۆیەکی چڕی ئابووریدایە، کە لەلایەن ئەمریکا و ئەوروپاوە بەسەریدا سەپێندراوە، ئەوەش کێشەی بۆ هەناردەی ئەو وڵاتە دروستکردووە، ئەگەر ئەو گەنم و پەینانە نەگەنە بازاڕەکانی جیهان قەیرانێکی گەورەی مرۆیی دروستدەبێت، نیوەی دانیشتووانی جیهانیش پێویستیان بەو پەینە کیمیاییە هەیە و پێویستە ڕێگە بە جووڵەی ئەو پێکهاتە گرنگە بدرێت، وتیشی: "هەموو زەوی ئێستا لەسەر لێواری قەیراندایە"