هاودەنگی کۆمەڵەی پینی جیهانی: هێرشە سەربازییەکان بوەستێنن

کۆمەڵەی پینی جیهانی بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەکەی ئێران، داوای دادگاییکردنی بکوژانی ژینا ئەمینی و ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرشە سەربازییەکان و کۆتاییهێنان بە سەرکوتکردنی ئازادی ڕادەربڕین لە ئێران کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمەڵەی پینی جیهانی لە کۆتایی ٨٨هەمین کۆنگرەی خۆیدا کە لە شاری ئوپسالای سوید بەڕێوەچوو، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "بە کۆی دەنگ ئیدانەی دڕندەیی ڕژێم لە سەرکوتکردنی ئازادی ڕادەربڕین لە ئێران دەکەین". ئەم کۆمەڵەیە داوای دادگاییکردنی بکوژانی ژینا ئەمینی و دەستبەجێ وەستاندنی هێرشە سەربازییەکان و کۆتاییهێنان بە سەرکوتکردنی ئازادی ڕادەربڕین لە ئێران کرد.

 

کۆمەڵەکە لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەیدا دەڵێت: "لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەدا کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی کوشتنی بەکۆمەڵ، سانسۆر، قەدەغەکردنی ئازادی، گرتن، ئەشکەنجەدان و کوشتنی چالاکوانانی سیاسی، نووسەران، شاعیران، هونەرمەندان، کرێکاران، مامۆستایان و خوێندکاران دەسەڵاتی خۆیان لە ئێران پاراستووە".

 

هەروەها لە بەیاننامەی کۆمەڵەی پینی جیهانیدا هاوسۆزی لەگەڵ ژنان و گەلی ئێران لە تێکۆشانی ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریدا ئاماژەی پێکرا و جەخت لەوەکرایەوە کە خواستەکانیان بۆ داهاتوویەکی ئازاد و دوور لە ستەمکاری و دیکتاتۆری دەپارێزن.

 

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لە بەرنامەی کۆتایی کۆنگرەکەدا، ئامادەبووان گۆرانی "ژن، ژیان، ئازادی و نان، کار، ئازادی" لە شیعرەکانی سامی حەمەد، شاعیر و نووسەر و بەرپرسی کۆمەڵەی پینی ئەفغانستان، وتەوە.