هەزاران منداڵ بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە ناتوانن بخوێنن
شیرین عەبدۆ، وتەبێژی خۆبەڕێوەبەری خوێندنگەکانی ناوچەی زرگان، تیشک دەخاتە سەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەکەو وتی: هەزاران منداڵ بەهۆی هێرشەکانەوە ناتوانن بخوێنن.
سۆرگوڵ شێخۆ
حەسەکە-لە یاسای نێودەوڵەتیدا، پەروەردەی بنەڕەتی، لە سەرووی هەموو شتێکەوە، نوێنەرایەتی "مافێکی مرۆیی بێدەستوورە"، ئەمە ڕاستییەکە کە پشتڕاستکراوەتەوە بە ئاماژەکردن بە بەڵگەنامەکانی یاسای نێودەوڵەتی وەک جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ ١٩٤٨ و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی منداڵان ١٩٨٩، بۆیە مافی خوێندن وەک مافێک دەبیندرێت کە دەبێت لە هەموو بارودۆخێکدا مسۆگەر بکرێت و لە هەموو بارودۆخێکدا پارێزراو بێت.
زرگان یەکێکە لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە دەوڵەتی تورکیا تاوانی جەنگی تێدا ئەنجام دەدات بەهۆی بێدەنگی هێزە هەژموونییەکان و هاوکارییەکانیان، بە ناوی پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانیەوە، یاسای نێودەوڵەتی پێشێل دەکات و خوێندنگەکان بۆردومان دەکات و خوێندکاران لە خوێندن دوور دەخاتەوە سەرەڕای گرنگی یاسای نێودەوڵەتی و گرنگی پاراستنی.
٤٨ خوێندنگە بەهۆی هێرشی ڕۆژانەوە وەستاون
لە زرگان ٨١ خوێندگە هەیە، ٣٣ خوێندگە چالاکن، ١٠یان لە هێڵی بەرکەوتندان، ٥یان بۆردومان کراون بۆ پەروەردە نین و ٣٣ خوێندنگەش لەژێر داگیرکاریدان، بەگوێرەی خۆبەڕێوەبەری خوێندنگەکانی ناوچەکە، پێش هێرشە داگیرکارییەکان ٨ هەزارو ٢٠٠ خوێندکار هەبوون، ئێستا چوار هەزارو ٣٠٠یان لە خوێندن بێبەش بوون و دوو هەزارو ٦٠٠یان لە ئێستادا لە ٣٣ خوێندگە دەخوێنن، هەروەها ٣٨ منداڵ لە باخچەی ساوایان بوون جێی بەبیرهێنانەوەیە کە باخچەی ساوایان تاکە باخچەیە لە ناوچەکە و ئەمساڵ بۆردومان کراوە.
شیرین عەندۆ، وتەبێژی خۆبەڕێوەبەری خوێندگەکانی زرگان، دەربارەی ئەم بابەتە لێدوانی دا.
ناوچەی پەروەردە بە هێرش دەورە دراوە
شیرین عەبدۆ ڕایگەیاند، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا تەنها لە بواری سەربازیدا سنووردار نەبوون و کاریگەری لەسەر بواری پەروەردەش کردووەو وتی: سەرەڕای هێرشەکان بۆ سەر خەڵکی مەدەنی و ناوچە کۆمەڵایەتی و تەندروستییەکان و ناوچەی پەروەردە، دیارترین نموونەی دڕندایەتی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆردومانکردنی باخچەی منداڵان بوو کە منداڵانی تەمەن ٣ بۆ ٦ ساڵی تێدا پەروەردە دەکران، ژمارەیەکی زۆر لە منداڵان بەهۆی زیان گەیاندن بە خوێندنگەو باخچەکانیان لە خوێندن بێبەش کراون، هەوڵ دراوە بۆ بنیادنانەوەی باخچەکە، بەڵام نەمانتوانی بگەینە ئەنجامێک چونکە زیانەکان زۆر گەورەیە و ناوچەکە هەمیشە ڕووبەڕووی هێرش دەبێتەوە، ئامانجمان لە دروستکردنی باخچەی ساوایان ئەوە بوو کە نەوەی نوێ بە شێوەیەکی پەروەردەکراو گەورە ببن.
"دەبوایە ناوچەکانی پەروەردە لە جەنگ و بۆردومان دووربن"
شیرین عەبدۆ ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورکیا دژی زانین و پەروەردەی ناوچەکەیانە و وتی: هەر هەنگاوێک کە لەبواری پەروەردەدا نراوە دەوڵەتی تورکیا بوو بە بەربەست لەبەردەمیدا، ئەم هێرشە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە بۆ پەروەردە، بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە پێشێلکارییەکانی ناوچەکەمان جێگای نیگەرانی و ڕەخنەیە، چونکە شوێنە پەروەردەییەکان دەبێت دوور بن لە جەنگ، بەتایبەتی شوێنەکانی منداڵان.
"پێنووسی زانست لەبەرامبەر چەکی قڕکردن تێدەکۆشێت"
شیرین عەبدۆ لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: سەرەڕای هەموو سەختی و هێرش و مەترسییەکان، بەردەوام دەبین لە سیستمی پەروەردە و بنیادنانەوەی دامەزراوە پەروەردەییەکانمان، پێویستە ناوچەیەکی پارێزراو بەپێی تەمەن و دەروونی منداڵان تەرخان بکرێت، پێنووسی زانست سەرکەوتوو دەبێت دژی چەکی قڕکردن.