دیوانیە، پاراستنی ژنێک لە هەڕەشەی ئەلکترۆنی

پۆلیسی کۆمەڵایەتی دیوانیە ژنێکی گەنجیان لە هەڕەشەی ئەلکترۆنی پاراست کە داوای پارەی لێکرابوو لە بەرامبەر بڵاونەکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆکانی.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ، ٦ی ئەیلول پۆلیسی کۆمەڵایەتی دیوانیە ڕایگەیاند، دۆسیەی ژنێکی گەنجیان کۆتایی پێهێنا کە لەلایەن گەنجێکەوە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆکانی لێکرابوو لە بەرامبەر بڕێک پارەدا.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا کە شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوەدا لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە ژنێکی گەنج لە پارێزگایەکی دیکە لە ڕێگەی هێڵی گەرمەوە پەیوەندی پێوەکردوون بۆ ڕزگارکردنی لە هەڕەشەی گەنجێک لە پارێزگای دیوانیە کە داوای پارەی لێکردووە تا وێنە و ڤیدیۆکانی ژنە گەنجەکە بڵاونەکاتەوە.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە پۆلیسی کۆمەڵایەتی گەنجەکەیان دەستبەسەر کردووە و وێنە و ڤیدیۆکانیان سڕیوەتەوە و کۆتاییان بە کەیسی هەڕەشەی ئەلکترۆنی بۆ سەر ژنە گەنجەکە هێناوە.

 

پۆلیس داوا لە هاوڵاتیان و بەتایبەت ژنانی گەنج و ژنان دەکات کە ئاگاداری پەیوەندییە ئەلکترۆنییەکان بن و لە ئەگەری بوونی هەراسانکردنی ئەلکترۆنیدا لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار بکەنەوە.