هەوڵی خۆکوشتنی ژنێک، لەسەر پردێکی شاری سلێمانی

لە دەستپێکی ساڵی نوێدا دووبارە هەوڵی خۆکوشتنی ژنان بە هۆکارە جیاوازەکان بەردەوامە.

لە دەستپێکی ساڵی نوێدا دووبارە هەوڵی خۆکوشتنی ژنان بە هۆکارە جیاوازەکان بەردەوامە

ناوەندی هەواڵ

لە ئێوارەی ١_١_٢٠٢١ لە شاری سلێمانی لەسەر پردی پەڕینەوەی چوارچرا، لەسەر شەقامی شەست مەتری نزیک فامیلی مۆڵ ژنێکی تەمەن ٢٤ ساڵ هەوڵی خۆکوشتن دەدات و خۆی هەڵدەداتە خوارەوە و لە ئاکامدا دەکەوێتە سەر سەیارەیەک، ڕاستەوخۆ فریاکەوتنی خێرا دەگاتە شوێنی ڕووداوەکە و دەیگوازنەوە بۆ بەشی فریاکەوتنی خێرای نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە دەست ئاژانسی ژنها کەوتووە ژنەکە ناوی شلێر-ە و  خەڵکی شاری کامێران-ی رۆژهەڵاتی کوردستانە، هاوسەرگیری کردووە و ژنی ماڵەوەیە، لەگەڵ خێزانەکەیدا پەنابەری سیاسیین لە باشوری کوردستان و لە شاری سلێمانی دەژین، هۆکاری هەوڵی خۆکوژنی ئەو ژنە دیار نییە و دەزگا ئەمنیەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن.

تا کاتی وەرگرتنی زانیارییەکان دۆخی تەندروستی ژنەکە ناجێگیرە و زۆربەی بەشەکانی جەستەی شینبونەوەی پێوە دیارە، هەردوو قاچی شکاون، بە هەمان شێوە دانەکانی بەهۆی زەبری زۆرەوە وردبوون و هەڵوەریون، لە ژێر ئۆکسجین و چاودێری چڕدایە و سەر لە بەیانی ئەمڕۆ نەشتەرگەری بۆ کراوە.

پردی پەڕینەوەی چوارچرا تایبەتە بە هاتوچۆی هاوڵاتیان بەسەر شەقامە سەرەکیەکەدا و بۆ پەڕینەوە بەکاری دەهێنن لە نێوان گەڕەکەکانی چوارچرا و قالاوەدایە.

 

ت.پ