هەتەشە لەماوەی دەسەڵاتدارییدا پەرەی بە توندوتیژییەکانی سەر ژنان دا؛ ٦٥٠ ژن کوژراون
لە ٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ـەوە لەگەڵ هاتنەسەر دەسەڵاتی هەتەشە لە سووریا، بە کۆی گشتی ٦٥٠ ژن کە ٢٩یان منداڵ بوون، بەهۆکاری بەرماوەی شەڕ، هێرشی چەکداری، هێرشی مەزهەبی و توندوتیژی خێزانی و کۆمەڵایەتی گیانیان لە دەستداوە.
ناوەندی هەواڵ
هەتەشە بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع، لە ٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ دەسەڵاتداری سووریایی وەرگرت. بە هاتنەسەر دەسەڵاتی هەتەشە و ڕووخانی ڕژێمی بەعس دۆخی گەلانی سووریا نەک هەر باش نەبوو، بەڵکو پەڕییەوە بۆ قۆناغێکی مەترسیدار لە کۆمەڵکوژی گەلان و کوشتنی ژن منداڵان.
ئامارێکی مەترسیداری ژنکوژی؛ ٦٥٠ ژن بە هۆکاری جیاواز گیانی لە دەستداوە
هەتەشە لەگەڵ هاتنەسەر دەسەڵات، بە ڕاستەخۆ و ناڕاستەخۆ خۆی نەپاراستووە لە هێرش بۆسەر ژنان، بە گوێرەی ئامارەکان لەگەڵ حوکمڕانی هەتەشەدا، بە کۆی گشتی ٦٥٠ ژن کە ٢٩یان منداڵ بووە، بەهۆکاری بەرماوەی شەڕ، هێرشی چەکداری، هێرشی مەزهەبی و توندوتیژی خێزانی و کۆمەڵایەتی گیانیان لە دەستداوە.
زۆربەی ڕووداوەکان بە گشتی لەم جێگانە بوون؛ حەلەب، دیمەشق، حومس، حەما، دەشتاییەکانی دیمەشق، درعا، تەرتووس، قونەیتەرە، لازقییە، سووەیدا و ناوچەکانی سووەیدا کە لە ژێر دەسەڵاتی دیمەشقدایە.
هەندێک لە ژمارەی ڕووداوەکان بەم ژمارە بەم شێوەیەیە:
حەلەب: ٣١ژن کە ٢ـی منداڵە
دیمەشق: ١٤ ژن کە یەکدانەی منداڵە
حومس: ٣٤ ژن کە ٨ـی منداڵە
دەرعا: ٢٣ ژن کە ٥ـی منداڵە
لازقییە: ١٦ ژن
دێرەزۆر: ٢٨ ژن کە ٢ـی منداڵە
سووەیدا: ٣٤ ژن کە ٢ـی منداڵە
دەشتاییەکانی دیمەشق: ٢٩ ژن کە یەکدانەی منداڵە.
ئامارەکانی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ (سۆهر)
سۆهر ڕایگەیاند ١٢٧ ژن لە ناوچە جیاوازەکانی سووریا لە لایەن گرووپە چەکدارەکانی حکومەتی ڕاگوزەرەوە کوژراون. هەروەها سۆهر لە ئامارەکەییدا کۆمەڵکوژییەکانی شارە عەلەوی و دروز نشینیەکانی خستووەتەڕوو، کە بەجۆرێکە تەنها لە ناوچە کەناراوەکان ١٠٠ ژن و لە سووەیدا ١٣٠ ژن کوژراون.