هێرشی سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە... تورکیا پاڵ بە سەپاندنی ڕاستیەکی نوێ دەنێت
ژنانی قامیشلۆ و حەلەب هێرشەکانی سەر گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەیان شەرمەزار کردو دووپاتیان کردەوە، رێگە نادەن ئەم هێرشانە ئیرادەیان بشکێنن وتیان: بەرخۆدانی ئێوە بەرخۆدانی ئێمەیە، بەرخۆدانی ئێوەش بەرخۆدانی هەموو سوورییە ئازادەکانە.
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی ٢٢ی کانونی یەکەم، گەڕەکە کوردییەکانی شاری حەلەبی سووریا بە چەکی قورس و مووشەک هێرشیان کرایە سەر، خاڵێکی پشکنینی هاوبەش لە لێواری ڕۆژئاوای گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود، بە تایبەتی لە بازنەی شیحان، لەلایەن جیهادییەکانی هەتەشەوە هێرشیکرایە سەر لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا و لە چوارچێوەی بەرگری ڕەوای خۆیدا، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە هەردوو گەڕەکەکەدا تەقەیان گەڕاندەوە.
لە گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە بە خێرایی لە هەموو بەرەکاندا شەڕ و پێکدادان سەریهەڵدا، پاشان جیهادییەکان بە چەکی قورس و هاوەن هێرشیان کردە سەر ئەو دوو گەڕەکە و بەو هۆیەوە شەڕی توند لە نێوان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و جیهادییەکان ڕوویدا، ئەمەش بووە هۆی زیانێکی ماددی بە ماڵ و شەقامەکانی هەردوو گەڕەکەکە.
نۆزدە هاوڵاتی مەدەنی بە توندی بریندارن، لەنێویاندا چوار ژن و منداڵێک کە بریتین لە ئایدل عەلی "٨ ساڵ" و دایکی دیجلە عوسمان "٣٤ ساڵ"، رویارین حەبەش "١٣ ساڵ"، زەینەب حەنان "٢٥ ساڵ"، فەدوە محمد کوردی "٥٧ ساڵ"، خەڵکی کۆمەڵگەی عەرەبە، بەهۆی کەوتنە خوارەوەی مووشەکێک ژیانی لەدەستدا.
"ئێمە گەڕەکەکەمان بەجێناهێڵین"
ڕانیا عەلی، دانیشتووی گەڕەکیشێخمەقسود، ئاماژە بەوە دەکات کە شێخ مەقسود لە سەردەمی ڕژێمی پێشووەوە تووشی هێرشی زۆر بووە، بەڵام نەتوانرا ئیرادەی گەلی کورد بشکێنرێت، وتی: ئەمڕۆ دووجار ئەو دیمەنە دووبارە بووەوە، لە ٦ی تشرینی یەکەمدا جیهادییەکان گەمارۆی ئەو دوو گەڕەکەیان دا و تۆپبارانی سیستماتیکیان ئەنجامدا، دوێنێش بە چەکی قورس و مامناوەند گەڕەکەکانیان بۆردوومان کرد.
سەرەڕای پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی، ڕانیا عەلی دووپاتیکردەوە، گەڕەکەکەمان بەجێناهێڵین، کە تێیدا بەرەنگاری لێ دەکەین، خەباتمان کرد و ڕۆڵەکانمان و گیانمان بەخت کرد، داوای لە هەموو کۆمەڵگەکانی گەڕەکەکە کرد بەرگری لە زەویەکانیان و گەڕەکەکەیان و ماڵەکانیان بکەن، تا دوا هەناسەمان بەرەنگاری دەبینەوە و بەرگری دەکەین.
"ئەوان نایانەوێت ئاشتی لە سووریادا زاڵ بێت"
مەروە خەلیل، کە هاوکات خەڵکی شێخ مەقسودە، باسی ڕووداوی شەوی ڕابردوو دەکات و وتی: ئێمە لە ماڵەکەماندا چاوەڕێی گەڕانەوەی منداڵەکانمان بووین بۆ ماڵەوە، کاتێک مووشەک بەسەرماندا باری، بەڵام ئێمە نەترساین، چونکە بەرخۆدان و تێکۆشانمان لە هەموو هێرش و پێشێلکارییەکانیان بەهێزترە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێشێلکارییەکانی ڕێککەوتنەکان هەمیشە لە جیهادییەکانی هەتەشەوە سەرچاوە دەگرێت، چونکە وتی: نایانەوێت ئاشتی و ئاسایش بۆ ئێمە یان بۆ سووریا زاڵ بێت، ئێمە تەنها ئاشتی و سەقامگیریمان دەوێت، هیوادارین بۆ ئێمە زاڵ بێت.
ئامینە محەمەد، ژنێکی خەڵکی گەڕەکەکە ئاماژەی بەوەدا، کە هێرش بۆ سەر ئەو دوو گەڕەکە لە کاتێکی هەستیارەوە دەستیپێکردووە، وتی: بە دڵنیاییەوە ئێمە وەک دانیشتوانی ئەم گەڕەکە، وەڵامی هەموو کەسێک دەدەینەوە کە هێرشمان بکاتە سەر بەبێ هۆکار و پاساو، جیهادییەکانی هەتەشە "ناتوانن بێنە ناو گەڕەکە پا٤ێزراوەکەمانەوە" و گەڕەکەکە "بە بەرخۆدێری دەمێنێتەوە.
دووپاتی کردەوە، کە ئەوەی لە ناوچەی کەناراو یان لە سوەیدا ڕوویدا، ناکرێت دژ بە کورد دووبارە بکرێتەوە، وتی: ئەوان ناتوانن کۆمەڵکوژی لە دژی ئێمەی کورد ئەنجام بدەن وەک ئەوەی بەرامبەر گروپەکانی دیکەی عەلەوی و دروز کردیان، ئێمەش ڕێگەیان پێنادەین بێنە ناو گەڕەکە کوردییەکانمان.
"سەپاندنی ڕاستیەک بە زەبری هێز"
ئەم هێرشانە هاوکات بوو لەگەڵ هاتنی شاندێکی تورکیا بۆ دیمەشقی پایتەختی سووریا بە سەرۆکایەتی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، ژنانی خەڵکی قامیشلۆ، لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، ڕایانگەیاند، کە ڕووداوەکان بە شێوەیەکی دانەبڕاو پەیوەستن بە دەستوەردانی دەرەکی و پەرەسەندنی سیاسەتەکان بە ئامانجی سەپاندنی ڕاستیەکیکی نوێ بە زەری هێز.
"سیاسەتێکی سیستماتیکی بە ئامانجگرتنی خەڵکی مەدەنی"
سەوسان خەلیل، کۆچبەری عەفرین دووپاتی دەکاتەوە، کە ئەم سیاسەتە هەڵکشانە ئامانجیان ناسەقامگیرکردنی کۆمەڵگە و سەپاندنی ڕاستیەکی زۆرەملێیە بە زۆر، هەوڵدان بۆ ملکەچکردنی دانیشتووان و شکاندنی ئیرادەیان، هێرشەکان بە درێژکراوەی ڕاستەوخۆی سیاسەتێکی سیستماتیکی دەزانێت کە خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج و کۆمەڵگە ناسەقامگیر دەکات و ڕاستیەکی نوێ لە ڕێگەی هێزی سەربازییەوە دەسەپێنێت، ئەمەش لە دووبارەبوونەوەی ڕوونی ئەو پێشێلکارییانەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا لە عەفرین و شەهبا بەدیکرابوون.
ئەوەی ئەو دوو گەڕەکە بەرگەیان گرتووە، ڕوون و ئاشکرایە، ناتوانرێت بە ڕووداوی گۆشەگیر هەژمار بکرێت، بەڵکو دەکەوێتە چوارچێوەی پەرەسەندنێکی بەردەوام کە ناوچە پارێزراوەکان و دانیشتووانەکانیان دەکاتە ئامانج و بناغەکانی پێکەوەژیان و ئاشتی مەدەنی تێکدەدات، ئەم هێرشانە پەیوەندییەکی نزیکیان بە دەستێوەردانەکانی دەرەکی و کۆردیناسیۆن لەگەڵ ئەکتەرە ناوخۆییەکان هەیە کە ئەجێندا جێبەجێ دەکەن و ڕەنگدانەوەی ئیرادەی گەلی سووریا نییە، بەڵکو بە ئاشکرا دژایەتی بناماکانی سەروەری نەتەوەیی و مافی چارەی خۆنووسینی گەلان دەکات.
سەوسان خەلیل ئاماژەی بەوەدا، کە دانیشتووانی ئەو دوو گەڕەکە ئاستێکی بەرزی هۆشیاریی کۆمەڵگە و خۆڕێکخستنیان نیشان دا، لەگەڵ توانایەکی بەرچاو بۆ بەرخۆدان و یەکگرتوویی لە بەرامبەر هێرشەکاندا، وتی: توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە- ژنان، پیاوان، منداڵان و ڤەتەمەنەکان- یەکگرتوو وەستاون بۆ بەرگریکردن لە ناوچەکانیان و مافی ڕەوای خۆیان بۆ ژیانێکی پارێزراو و شکۆمەند، دوور لە هەڕەشە و تۆقاندن.
ئاماژەی بەوەشکرد، دووبارەبوونەوەی ئەم پێشێلکارییانە لە کاتە سیاسییە هەستیارەکاندا پرسیاری ڕاستی لەسەر ئەوە دروستدەکات کە کێ لە پشتیانەوەیە و پاڵنەرە بنەڕەتییەکانیان چین، وتی: هەموو هەڵکشانێکی سەربازی کە هاوکاتە لەگەڵ هەنگاوە دیپلۆماسییەکانی تورکیا، ڕەنگدانەوەی هەوڵێکی ڕوونە بۆ سەپاندنی کاریگەری لە ڕێگەی توندوتیژی و دروستکردنی ناسەقامگیری کە خزمەت بە بەرژەوەندییە دەرەکییەکان دەکات لەسەر حیسابی ئاسایش و ژیانی ڕۆژانەی سوورییەکان.
"هەڵبژاردنێکی ستراتیژی"
سەوسان خەلیل جەختی لەوە کردەوە، کە گەلی سووریا بە تایبەتی ئەوانەی ستراتیجی بەرخۆدانی کۆمەڵگە و بەرگری لە خۆیان گرتۆتەبەر، ملکەچی سیاسەتی هەژموون یان هەوڵدان بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی نموونەی پاوانخوازی شکستخواردوو نابن، بەرزڕاگرتنی بوون و ناسنامە و مافەکانیان هەڵبژاردنێکی ستراتیژییە کە لە ئیرادەیەکی گەلی پتەوە سەرچاوەی گرتووە و لە هیچ بارودۆخێکدا ناتوانرێت وازی لێبهێنرێت.
جەختی لە ڕۆڵی سەرەکی و بنەڕەتی ژنان لە پاراستنی کۆمەڵگە و پاراستنی ئاشتی مەدەنی کردەوە و ڕایگەیاند، بوونی ژنان لە پۆستەکانی بڕیاردان پایەیەکی ڕاستەقینە بۆ بونیادنانی سیستەمێکی دیموکراتیک لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانی و ڕێزگرتن لە فرەیی پێکدەهێنێت، بەهێزکردنی ژنان لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە مسۆگەرییەکە بۆ سەقامگیری و داهاتووی کۆمەڵگە، ئیرادەی بەرخۆدان لە هەموو هەوڵەکانی سەرکوتکردن و تۆقاندن بەهێزترە، داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی هەموو پێشێلکارییەکان دەکات، لێپرسینەوە لە بەرپرسیارەکان دەکات، هەروەها دڵنیابوون لە پاراستنی خەڵکی مەدەنی بەپێی یاسا و ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان.
"پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکان"
نزام نوری خەلیل لە قامیشلۆوە دووپاتی کردەوە، کە هێرشە سیستماتیکییەکان کە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە دەکەنە ئامانج، پێشێلکردنی ئاشکرای ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانە بە تایبەتی ئەو ڕێککەوتنە پێکدەهێنێت کە لە ١٠ی ئاداردا واژۆ کراوە.
ڕوونیشیکردەوە، دانیشتووانی ئەو دوو گەڕەکە ڕووبەڕووی هێرشی بەردەوام دەبنەوە کە بووەتە هۆی زیانی گیانی و برینداربوونی خەڵکی مەدەنی، لەنێویاندا ژن و منداڵ، حکومەتی کاتی سووریای ڕاستەوخۆ بە بەرپرسیاری ئەو پێشێلکاریانە زانی و ڕایگەیاند، ئێمەی ژنانی قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بە توندتری شەرمەزاری ئەم هێرشانە دەکەین کە گەلەکەمان دەکەنە ئامانج، هەروەها پێشێلکارییەکی ئاشکرای ڕێککەوتننامە واژۆکراوەکان و ڕێساکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی پێکدەهێنن.
پێیوایە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ١٠ی ئادار لە ئەنجامی دەستوەردانی دەرەکییە لە کاروباری سووریا، دووپاتی دەکاتەوە، کە ئەو کارانەی لەسەر زەوی ئەنجام دەدرێن لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە هاندەدرێن، هەوڵدەدات لە ڕێگەی سیاسەتی کوشتن و توندوتیژی سیستماتیکەوە ئیرادەی خەڵکی مەدەنی بشکێنێت.
هێرشەکانی بە ئامانجی تێکدانی سەقامگیری کۆمەڵگە و تێکدانی ئیرادەی خەڵک زانی، بەڵام دووپاتی کردەو، کە دانیشتووان بە وریا دەمێننەوە لە بەرامبەر هەموو سیاسەتێک کە شکۆمەندی و بوونیان بکاتە ئامانج، وتی: خەڵکی ناوچەکە بە یەکگرتوویی، دەست لە دەست بە یەک ڕۆح، لە بەرامبەر هەموو جۆرە دەستدرێژییەک و هاودەنگی لەگەڵ هەموو پێکهاتەکان بەبێ جیاوازی وەستاون.
"بەرخۆدانی گەل بەردەوام دەبێت"
نزام نوری خەلیل ڕەتکردنەوەی ڕاستەوخۆی خۆی بۆ هەموو ڕۆڵێک بۆ زلهێزە دەرەکییەکان لە بەڕێوەبردنی کاروباری سیاسی سووریا دووپاتکردەوە، بە ڕەنجی دانیشتووانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە بە ئازاری هەموو سووریاییەکانی دەزانێت و بێدەنگی لە بەرامبەر ئەو تاوانانەدا چیتر بژاردە نییە، وتی: بەرخۆدانی گەل لە بەرگریکردن لە خاک و شکۆمەندی بەردەوام دەبێت، تا ئەو کاتەی دەسەڵاتی هەرکەسێک تێکدەشکێت کە هەوڵی تێکدانی ئاسایشی ناوچەکان یان هێرشکردنە سەر گەلەکەیان دەدات.
داوای دامەزراندنی سیستەمێکی دیموکراتیکی کرد کە مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگە مسۆگەر بکات و فرەیی بپارێزێت، داوای کرد کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی خۆی لەوبارەیەوە بگرێتە ئەستۆ سەبارەت بەو شتانەی کە ڕوودەدەن.
هۆشداری دا لە مەترسی پەرەسەندنی قسەی ڕقاوی و هاندان لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیەوە لەم قۆناغە هەستیارەدا، پەیامێکیشی ئاراستەی دانیشتوەانی گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە کرد و ڕایگەیاند، یەکگرتوو بن، ئێمە لەگەڵتانین، ڕێگە نادەین ئەم هێرشانە ئیرادەی ئێوە بشکێنن، بەرخۆدانی ئێوە بەرخۆدانی ئێمەیە، بەرخۆدانی ئێوەش بەرخۆدانی هەموو سوورییە ئازادەکانە.