هەرانا: لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٥٣ کەس لە تاران کوژراون و بریندار بوون
تاران لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا شەپۆلێکی توندوتیژی کوشندەی بەخۆیەوە بینی کە لە ئەنجامدا ٥٣ کەس گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون، ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ژمارەی کوژراوان لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانەوە بۆ هەزار و ٢٦٢ کەس بەرزبووەتەوە.
ناوەندی هەواڵ
هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە لە کۆتایی مانگی شوباتەوە دەستیپێکردووە، بێ وەستان بەردەوامە و دڵەڕاوکییەکانی قووڵتر کردووەتەوە و بارودۆخی ناوخۆی زیاتر ئاڵۆزتر کردوو، هەروەها ژمارەی کوژراوانی ڕۆژانەی بەرزکردووەتەوە.
لە ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی هەرانا دا هاتووە: کە لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ژمارەی زیانبەرکەوتووانی زۆر بەخۆیەوە بینیوە و ٥٣ کەسی مەدەنی و سەربازیی کوژراون یان برینداربوون، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەو هێرشەی ١٠ی ئادار، لە چوارڕێیانێکی سەر ڕێگای ڕێسالات لە تاران ڕوویدا، گیان لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی مەدەنی لێکەوتەوە، کە بە یەکێک لە کوشندەترین هێرشەکانی ئەم دواییانە پێناسە دەکرێت.
ئاماژە بەوە کراوە، کە لە ساتەکانی سەرەتای هێرشەکەدا بە لانیکەم ١٧ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و ١٩ کەسی دیکەش برینداربوون بە سەختی برینی جیاواز، هەروەها ئاماژەی بە هەشت مردنی دیکە کردووە، کە لە ئەنجامی هێرشەکانی دیکە لە هەمان ماوەی ساڵدا ڕوویانداوە، بەڵام تا ئێستاش ناسنامەی ئەو زیانبەرکەوتووانە، چ مەدەنی بێت یان سەربازی، دیارینەکراوە، چونکە لێکۆڵینەوەکان لە هەلومەرجی ئەم ڕووداوانە بەردەوامن.
هەروەها ڕاپۆرتەکە ئاماری بەرفراوانتر لەبارەی زیانەکانی مرۆڤ لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانەوە لەخۆدەگرێت و بە کۆی گشتی ١٢٦٢ کەس گیانیان لەدەستداوە کە بە لانیکەم ٢٠ منداڵیان تێدایە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ڕادەی ئەو ئازارانەی بەسەر زۆرترین گروپدا هاتووە، هەروەها ڕاپۆرتەکە کوژرانی ١٩٠ سەرباز لە هەمان ماوەی ڕابردوودا بەڵگەدا کردووە، هاوکات هێشتا ناسنامەی ٣٣٥ لە کوژراوەکان پشتڕاست دەکرێتەوە، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی سەختی دەستگەیشتن بە زانیاریی دروست لە ژێر بارودۆخی ئەمنی ئاڵۆزدا.