١٧٥ وڵاتی جیهان پشتگیریی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکانیان دژی توندوتیژیی سەر ژنان کرد

لیژنەی سێی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری زیادکردنی هەوڵەکانی بۆ ڕێگریکردن و کۆتاییهێنان بە هەموو جۆرەکانی توندوتیژیی دژی ژنان بە ١٧٥ دەنگ پەسەند کرد. تەنها سۆماڵ وتی "نەخێر".

ناوەندی هەواڵ

 

لە کۆبوونەوەی ١٧ی تشرینی دووەمدا، لیژنەی سێیەمی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان (NY)، ڕەشنووسی بڕیاری دژی توندوتیژیی سەر ژنان بە ١٧٥ دەنگی "بەڵێ"، یەک دەنگی "نەخێر" و شەش دەنگی "بێلایەن" پەسەند کرد.

 

بەپێی داتاکانی دەنگدانەکە، ئەمریکا (DYA)، ڕووسیا، ئەرجەنتین، بیلاڕووس، بۆرکینا فاسۆ و کامیروون دەنگی بێلایەنی خۆیان بەکارهێنا، سۆماڵیش تاکە وڵات بوو کە لە دژی بڕیارەکە دەنگی دا.

 

ئەو بڕیارەی کە بە پێشەنگایەتیی فەرەنسا و بەریتانیا ئامادە کراوە، بانگەواز لە دەوڵەتان دەکات کە بۆ ڕێگریکردن لە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی، هەراسانکردن و هێرشەکانی سەر ژنان، ڕێوشوێنی بەرفراوان بگرنە بەر، هەروەها داوا دەکەن کە یاسا و سیاسەتەکانی پاراستن بەهێز بکەن.

 

توندوتیژیی دیجیتاڵیش لە ناو بڕیارەکەدا جێ دەگرێت

 

لە بڕیارەکەدا سەرنج خرایە سەر توندوتیژیی سەر ژنان لە جیهانی دیجیتاڵیدا، نەتەوە یەکگرتووەکان بانگەواز لە دەوڵەتان دەکات کە لە دژی هەراسانکردنی دیجیتاڵی، شەرمەزارکردن، هەڕەشەکردن و وتاری ڕقوکینە دژی ژنان ڕێوشوێنی یاسایی بگرنە بەر.

 

بەپێی ڕاپۆرتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئابی ٢٠٢٦دا، لە ساڵی ٢٠٢٤دا نزیکەی ٥٠ هەزار ژن لەلایەن هاوژینەکانیان یان ئەندامانی خێزانەکانیانەوە کوژراون.

 

ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها هۆشداری دەدات کە تەکنەلۆژیای دیجیتاڵیش بووەتە ئامرازێکی نوێ بۆ کۆنترۆڵکردن و چاودێریکردنی ژنان، بەکارهێنانی جی پی ئێس، بەرنامەکانی چاودێری و ئامرازەکانی شوێنپێهەڵگرتن دەتوانێت توندوتیژیی سەر ژنان لە جیهانی ڕاستەقینەوە بگەیەنێتە جیهانی دیجیتاڵی.

 

دەبێت لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٦دا بە شێوەیەکی فەرمی پەسەند بکرێت

 

لە دانوستانەکانی ئامادەکردنی بڕیارەکەدا، هەندێک دەوڵەت، لە بەرامبەر دەستەواژەکانی پەیوەست بە تەندروستیی سێکسی و هەڵبژاردنی سێکسیی ژنان ناڕەزایی خۆیان نیشان دا، ئەمریکا ڕایگەیاند کە لە دەقی بڕیارەکەدا هەندێک دەستەواژەی پەیوەست بە تەندروستیی سێکسی و لەباربردنی منداڵ جێیان گرتووە کە ئەوان پێی ڕازی نین، ڕووسیا و هەندێک وڵاتی تریش پێشنیاری گۆڕینی دەقەکەیان پێشکەش کرد، بەڵام ئەم پێشنیارانە پەسەند نەکران.

 

ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤیش هۆشدارییان دابوو کە گۆڕانکارییە پێشنیارکراوەکان دەتوانن مافەکانی ژنان و ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی پاراستنیان، لاواز بکەن.

 

بڕیاری لیژنەی سێیەم هێشتا نەگەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی، دەبێت لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٦دا لەلایەن کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە شێوەیەکی فەرمی پەسەند بکرێت.

 

ئەم بڕیارە بۆچی گرنگە؟

 

پەسەندکردنی ئەم بڕیارە نیشانی دەدات کە توندوتیژیی سەر ژنان تەنها بە توندوتیژیی جەستەیی و سێکسی سنووردار نابێت، هەراسانکردنی دیجیتاڵی، چاودێریکردن، هەڕەشەکردن و کوشتنەکان لەسەر بنەمای ڕەگەزییش، لە ناو کێشە سەرەکییەکانی مافەکانی ژناندان.

 

بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەمان کاتدا گفتوگۆ نێودەوڵەتییەکانی سەبارەت بە پاراستنی مافەکانی ژنان، ئازادیی جەستەییان و مافەکانی تەندروستیی سێکسی دەخاتە پێش.