هەڵمەتێک بۆ دژایەتیکردنی کوشتنی ژنان: کوشتنی ژن تاوانە نەک کێشەی خێزانی
هەڵمەتی دژ بە کوشتن و خۆسووتاندنی ژنان ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بە کوشتنی ژنان لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردوەتەوە و تێیدا رەخنە دەگرێت لەوەی کەیسی کوشتنی ژنان بەناوی کێشەی خێزانیەوە بێ بەها دەکرێت.
ناوەندی هەواڵ
هەڵمەتی دژ بە کوشتن و خۆسووتاندنی ژنان ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بە کوشتنی ژنان لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردوەتەوەو کوشتنی کیژان بورهانی تەمەن ٣٠ ساڵ، لەلایەن باوکییەوە بە توندی سەرکۆنە دەکات و داوای دادپەروەری بۆ ئەم دۆسیەیە و تەواوی دۆسیەکانی دیکەی کوشتنی ژنان دەکات.
تێیدا هاتووە: هیچ پاساوێک، نەریتێک یان ناکۆکییەکی خێزانی مافی کوشتنی ژن بە هیچ کەسێک نادات؛ ژنان موڵکی کەس نین و مافی ژیان و ئازادییان مافێکی بنەڕەتییە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، ناونانی کوشتنی ژنان بە کێشەی خێزانی یان ناکۆکی کەسی رەد دەکەینەوە، چونکە ئەم دەستەواژانە راستی تاوانەکە دەشارنەوە و مەترسیی ئاساییبونەوەی توندوتیژی زیاد دەکەن.
سەبارەت بە رۆڵی راگەیاندنەکانیش داوا لە میدیاکان دەکەن، بە بەرپرسیارییەوە هەواڵی ئەم تاوانانە بڵاوبکەنەوە و خۆیان لە پاساوهێنانەوە بپارێزن. هاوکات داوا لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەت دەکەن: رێکاری جدی بۆ پاراستنی ژنان لە توندوتیژی بگرنەبەر.
هەڵمەتی دژ بە کوشتن و خۆسووتاندنی ژنان، هەڵمەتێکی درێژخایەنە کە کار بۆ کۆتاییهێنان بە کوشتن و خۆسووتاندنی ژنان دەکات؛ لەلایەن تۆڕی ٨ی مارسەوە رێکخراوە، کە تۆڕێکی هاوبەشی چەند رێکخراو و چالاکوانێکی بواری داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ و ژنانە.