"حکومەتی کاتی بەردەوامە لە سیاسەتەکانی دابەشبوون و نکۆڵی"

پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شەرمەزاری ئەو هەڵبژاردنانەیان کرد کە حکومەتی کاتی دیمەشق ئامادەکاری بۆ دەکات، جەختیان لەوە کردەوە: کە کاتی چارەسەرکردنی کێشەکانی گەلی سووریایە و هەڵبژاردنەکان ڕەنگدانەوەی ناسنامە و ئیرادەی گەلی سووریا نییە.

ڕۆنیدا حاجی

حەسەکە –
حکومەتی کاتی لە دیمەشق ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی بەناو "هەڵبژاردنی پەرلەمانی" کە بڕیارە لە مانگی ئەیلوولدا بەڕێوەبچێت، پێکهاتەی کوردی و عەرەبی و سریانییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئامادەکارییەکانی ئەم هەڵبژاردنەیان شەرمەزار کرد و بە هەڵبژاردنی نادیموکراتی و درێژەدان بە سیاسەتی نکۆڵی و لەناوبردنی ناویان برد.

"پێویستە پرسی ئاسایش و سەقامگیری پێش هەڵبژاردن چارەسەر بکرێت"
ڕۆژین عەلی خەلەف، کە لە پێکهاتەی کوردە، ڕایگەیاند، حکومەتی کاتی لە دیمەشق بە بیانووی ئەوەی ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەلامەت نییە، درێژە بە سیاسەتی نکۆڵی و لەناوبردنی خۆی دەدات و لە درێژەی قسەکانیدا، بەم شێوەیە وتی: ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ماڵی ملیۆنان کەسە بە هەموو باکگراوند و ئایین و بیروباوەڕێکەوە، حکومەتی کاتی لە دیمەشق هەڵبژاردن ئەنجام نادات بە بیانوی ئەوەی ناوچەکەمان سەلامەت نییە، بەڵکو ناوچەکەمان لە ناوچەکانی دیکەی سووریا سەلامەتترە، دەبینین لەم پرۆسەیەدا دەیانەوێت بەردەوام بن لەسەر سیاسەتی نکۆڵیکردن و لەناوبردنی کە ڕژێمی بەعس بەسەر هاوڵاتیاندا بەڕێوەی بردوە.

"ئەوان دەیانەوێت سووریا دابەش بکەن"
سۆلاڤ بەری، کە لە پێکهاتەی سووریایە، ڕایگەیاند، ئەو هەڵبژاردنانەی کە لە لایەن حکومەتی کاتییەوە ئامادە دەکرێت، کێشە و داخوازییەکانی گەلی سووریا بەدی ناه‌ێنن و لە درێژەی قسەکانیدا، وتی: کاتێک هەڵبژاردن لە سووریا بەڕێوەدەچێت، پێویستە هەموو پێکهاتەکان و هەموو سووریا بەشداری تێدا بکات، بەڵام دەبینین کە ئێمە هیچ مافێکمان نییە، هەروەها ئێمە هەڵبژاردنێکی لەو شێوەیە قبوڵ ناکەین، نابێت کەسیش قبوڵی بکات، ئەو هەڵبژاردنانەی دەیانەوێت ئەنجامی بدەن ئامانجیان دابەشکردنی سوووریا و پێشێلکردنی مافەکانی گەلی سووریایە، باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەلامەتترین و ئارامترین ناوچەیە، کە هاوڵاتی خۆی بەڕێوەدەبات و هەموو کەسێک لە هەموو بوارێکدا مافی خۆی هەیە، بۆیە دەبینین ناوچەکەمان مۆزایکە و هەمووان ناسنامەی خۆیان تێیدا مسۆگەر دەکەن.

"سیاسەتەکانی ڕژێمی بەعس بەردەوامن"
فاتمە عەوید، کە لە پێکهاتەی عەرەبییە، ئاماژەی بەوەدا، کە سووریای نوێ بە دووبارەکردنەوەی سیاسەتی دوورخستنەوە و دابەشبوون و نکۆڵی قبوڵ ناکرێت ، وتی: گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوام بووە لە خەبات و بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتەکانی نکۆڵی و دابەشبوون کە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە ئەنجامدراوە بۆ بونیادنانی سووریایەکی دیموکراتی و هەمەچەشن و دیموکراتیک، ئەمڕۆ حکومەتی کاتی لە دیمەشق جارێکی تر درێژە بەو سیاسەتە دەدات، ئێمە وەک دایکانی ڕۆژئاوا منداڵەکانمان کردە قوربانی، کەس ناتوانێت نکۆڵی لە بوون و ناسنامەی ئەمڕۆمان بکات، هەڵبژاردن نوێنەرایەتی ئێمە ناکات و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتوەکان دەکەین ئەم هەڵبژاردنانە قبوڵ نەکەن کە نوێنەرایەتی ئیرادەی ئێمە ناکەن.