زانایان: بەهۆی گۆڕانکاری کەشوهەوا مرۆڤایەتی نزیک بووە له ناوچوون

بەپێی توێژینەوەیەكی نوێ، پێش ٩٠٠ هەزار ساڵ چارەنوسی مرۆڤایەتی بەهۆی گۆڕانكاری كەشوهەواوە بەرەو لەناوچوون چووە.

ناوەندی هەواڵ

 

زانایانی ئەكادیمیای چینی بۆ زانست لە توێژینەوەیەكدا كە لە گۆڤاری "ساینس" بڵاوكراوەتەوە ئاماژەیان بەوەداوە، پێش ٩٠٠ هەزار ساڵ ژمارەی دانیشتوووانی زەوی بە تەواوەتی كەمبووەتەوە، ئەوەش بەهۆی گۆڕانكاری بنەڕەتی كەشوهەوا لەو كاتەدا، لەوانەش بەستن و نزمبوونەوەی زۆری پلەكانی گەرما و وشكەساڵی سەخت و لەدەستچوونی زۆرینەی سەرچاوەكانی خواردن.


توێژینەوەكە لەسەر شوێنەواری تۆماری بە بەردبووی ئەفریقی و ئۆراسی لە ڕێگەی شیكردنەوەی بۆماوەیی مرۆڤ بۆ ٣ هەزار و ١٥٤ كەس ئەنجام دراوە، دەركەوتووە كە مرۆڤ بە قۆناغێكی درێژ و توندی كەمبوونەوەی دانیشتوواندا تێپەڕیوە و كەوتووەتە لێواری لەناوچوون، لەو ماوەیەدا ژمارەی مرۆڤ بۆ ماوەی ١١٧ هەزار ساڵ زیاتر نزیكەی هەزارو ٢٨٠ كەس بووە.


زانایان ئەوەشیان بۆ ئاشكرا بووە، لەو ماوەیەدا ژمارەیەكی زۆر جۆرێتی بۆماوەیی لەناوچوون و لەوانەیە ٦٥٪ی جۆرەكان جیاوازەكان لەناوچووبن.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، هەر ئەو گۆڕانكارییە ژینگەییە درێژە كە بە سەردەمی "پلێستۆسێن" یاخود بەستەڵەك ناسراوە بووەتە هۆی گۆڕانكاری لە مرۆڤدا و ئەوەی كە ئێستا پێی دەوترێت "كرۆمۆسم ٢" و لە مرۆڤی نوێدا هەیە دروست بووە.