ڕووسیا هەوڵدەدات بە هێزێکی زیاترەوە شەڕ لە ئۆکرانیا دەست پێبکات

كرملین هەوڵدەدات لەشكركێشییە بەرفراوانەكەی بۆ سەر ئۆكرانیا بۆ ماوەی شەش مانگ رابگرێت، ئەمەش بەمەبەستی دروستكردنی یەدەگی نوێ و نوێكردنەوەی یەكەكانی پاشان بە هێزێکی زیاترەوە هێرشەکانی دەستپێبکاتەوە.

ناوەندی هەواڵ

میخائیلۆ پۆدۆلاك، راوێژكاری سەرۆك كۆماری ئۆكرانیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی تاگسپیگلی ئەڵمانی دووپاتی كردەوە كە كرملین هەوڵدەدات لەشكركێشییە بەرفراوانەكەی بۆ سەر ئۆكرانیا بۆ ماوەی شەش مانگ رابگرێت، ئەمەش بەمەبەستی دروستكردنی یەدەگی نوێ و نوێكردنەوەی یەكەكانی.

 

ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا بڵاویکردووەتەوە، ئەگەر ڕۆژئاوا لە شەڕ بێزار بێت، ڕووسیا جارێکی دیکە لێدەداتەوە، بە هێزێکی تەواوەوە، ئاماژەی بەوەشداوە کە دەبێت ئۆکرانیا هەموو هەوڵێک بدات بۆ ئازادکردنی زۆرترین خاکەکەی بە تایبەت لە باشوور، دوپاتیشی کردوەتەوە کە هەرچەندە خێراتر چەکی قورسیان دەست بکەوێت، زووتر کۆتایی بەم شەڕە دەهێنن.

 

ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەداوە: سەرکەوتنی کیێڤ بریتی دەبێت لە گەڕاندنەوەی کۆنترۆڵی سەرجەم ناوچەکانی ناو سنوورەکانی ئۆکرانیا کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دانپێدانراون.

 

بەپێی راپۆرتێکی نیو ڤۆیس یان ئوکرین، کیێڤ پێویستی بە چەکی زیاترە بۆ ئەوەی جووڵەیەکی کاریگەر لە دووبارە دامەزراندنەوەی کۆنترۆڵ لەو ناوچانەدا بکات کە ڕووسەکان پاشەکشەی لێ دەکەن.

 

ئۆکرانیا هیواخوازە پشتیوانی لە ئۆلاف شۆڵز، راوێژکاری ئەڵمانیا بکات، کە پێدەچێت کار بۆ جیابوونەوە لە پەیوەندییە دۆستانە درێژخایەنەکانی نێوان مۆسکۆ و بەرلین بکات، لەم چوارچێوەیەدا پۆدۆلاک ڕایگەیاندووە کە ئەڵمانیا ئێستا دەبێت ڕێگایەکی دیکە بگرێتەبەر، بۆ ئەوەی بزانێت ڕووسیا بەڕاستی چییە و چی دەوێت و پێویستیان بە چەکی زیاترە بۆئەوەی بەر بە شەڕەکان بگرن.

 

بە وتەی ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا، ئۆکرانیا پێویستی بە تۆپخانەی دوور مەودای زیاترە، هەروەها فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرگری ئاسمانی وەک IRIS-T - کە ئەڵمانیا رایگەیاندووە ئامادەیە پێشکەشی کیێڤ بکات، یارمەتیدەر دەبێت بۆ باشتر پاراستنی شارەکانی ئۆکرانیا لە هێرشە ئاسمانییەکانی رووسیا.

 

ڕۆژی یەکشەممە، سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی باسی لە مژدەی خۆشی هاوبەشەکانی ئۆکرانیا کرد سەبارەت بەو پاکێجە یارمەتییانەی کە چاوەڕوان دەکرێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو.

 

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی جەختی لەوە کردەوە کە سوپای ئۆکرانیا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی ڕووسیا و بەرگری لە وڵاتەکەی دەکات.