سێ مانگە چارەنووسی پەخشان عەزیزی لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمی ئێراندا نادیارە

چارەنووسی چالاکوانی کورد پەخشان عەزیزی، کە سێ مانگ لەمەوبەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو، تا ئێستا نادیارە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، پەخشان عەزیزی، چالاکوانی کوردی خەڵکی شاری مهاباد و دەرچووی کاری کۆمەڵایەتی لە زانکۆی تاران و زیندانی سیاسی پێشووە، ڕۆژی ٤ی ئاب لە لایەن ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئەڤین گوازراوەتەوە، لە دوای دەستبەسەرکردنیەوە ماوەی سێ مانگە لە مافی پەیوەندیکردن و سەردانی خێزانەکەی و گرتنی پارێزەر بێبەش کراوە.

 

دوێنێ ٨ی تشرینی دووەم، ماڵپەڕی بێتافانی وەزارەتی ڕاگەیاندنی ڕژێمی ئێران هەواڵی دەستگیرکردنی پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی و سەیران محەمەد ڕەزایی بڵاوکردەوە و وەک ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک ناساندوونی، بە بێ ئەوەی ئاماژە بە هۆکاری دەستگیرکردنیان بکات.

 

جێی ئاماژەیە، ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٩ پەخشان عەزیزی بۆ یەکەمجار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، لە میانی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی خوێندکارانی کورد لە زانکۆی تاران لە دژی لە سێدارەدانی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەر و دوای چوار مانگ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا، لە چەند ساڵی ڕابردووشدا وڵاتی ئێرانی بەرەو هەرێمی کوردستان بەجێهێشت.

 

هەروەها لە ١ی ئابی ئەمساڵدا، وریشە مورادی، بە ناسناوی جوانا سنە، ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار که بۆ چالاکیی سیاسی و ڕێکخستنی ژنان له ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، لە نزیک شاری سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێرانەوە ڕفێندرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە، کە تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.