"فەرمانی ٧٤ ماوەی ٥ ساڵە لە عەفرین بەردەوامە"

ئایشە سیدۆ، بەڕێوەبەری یەکێتی ئێزیدییەکانی عەفرین، هەڵسەنگاندن بۆ فشارەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی لەسەر ئێزیدییەکان لە عەفرین دەکات و دەڵێت: داگیرکردنی عەفرین فەرمانێکی دیکەیە بۆ سەر کۆمەڵگەی ئێزیدی و فەرمانەکە ماوەی ٥ ساڵە بەردەوامە.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا-عەفرین لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨، لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە داگیرکرا، ماوەی ٥ ساڵە کردەوەی نامرۆڤانە دژی خەڵک و ژنان ئەنجامدەدرێت، لە سەرەتای داگیرکارییەوە خەڵکی ڕەسەن لەناو کردارەکانی داگیرکاریدا دەژین و ڕۆژانە ئەشکەنجە دەدرێن و دەڕفێندرێن، بە تایبەتی، کۆمەڵگەی ئێزیدی کە لەو ناوچەیەدا دەژیان، لە داگیرکارییەکە ڕزگاریان نەبوو و لەلایەن چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە بەزۆر ناچارکران واز لە ئایینەکەیان بهێنن و ببنە مسوڵمان.

 

فەرمانی ٧٤، داگیرکردنی عەفرین بوو

ئایشە سیدۆ، بەڕێوەبەری یەکێتی ئێزیدییەکان لە هەرێمی عەفرین، باسی کردەوەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی لەسەر کۆمەڵگەی ئێزیدی لە عەفرینی داگیرکراو کرد و ئاماژەی بەوەدا، ٧٤ەمین فەرمانی شەنگال ماوەی ٥ ساڵە لە عەفرین بەڕێوەدەچێت، وتیشی: ئێمە ٦ ساڵە لە شوێنەکانی خۆمان کۆچ دەکەین، چونکە داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا قبوڵ ناکەین، بەڵام بەداخەوە کوردەکانی ئێمە لەوێ هەموو ڕۆژێک ئەشکەنجە دەدرێن بەهۆی کردەوەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی، بە تایبەتی، کۆمەڵگەی ئێزیدی لەوێ وێران دەکرێت، بەهۆی ئەوەی ئێزیدی ڕەگی کوردایەتییە، هەموو دەوڵەتەکان هەوڵ دەدەن بە هەموو شێوەیەک ئێزیدییەکان لەناوببەن، ٧٤ەمین فەرمانی شەنگال لە عەفرین ماوەی ٥ ساڵە بەردەوامە، هەر لە تاڵانکردنی شوێنە ئاینییەکانی ئێزدی و چۆڵکردنی گوندەکانمان و بڵاوکردنەوەی خێزانی چەتەکان لە جیاتی خەڵکی ڕەسەن، هەروەها یەکەکانی نیشتەجێبوون و مزگەوت لە گوندەکانی ئێزدی لەلایەن گروپە چەتەکانەوە دامەزراون، گۆڕینی زمانی ڕەسەن و سەپاندنی زمانی تورکی و ئاینی ئیسلام، فەرمانێکە بەسەر ئێزیدییەکاندا هاتووە.

 

"لە عەفرین وەک شەنگال تێکدەشکێنرێن"

ئایشە سیدۆ ڕایگەیاند کردەوەکانی دەوڵەتی تورکیا لە عەفرین دژی ئێزیدییەکان بەردەوامە، لەبەرئەوەی لە شەنگال شکستیان پێهێنرا و وتی: ئامانج لە ئەنجامدانی کردەوەکانیان لە عەفرین بۆ سەر ئێزیدییەکان، ئەوەیە دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە شەنگال کەوتن و نەیانتوانی ڕەگی ئێزیدییەکان لەناوببەن، ئێستا دەیانەوێت لە عەفرین سەربکەون، بەڵام هەرگیز ئامانجەکانیان بەدیناهێنن، چۆن لە شەنگال تێکشکێندران لە عەفرینیش تێکدەشکێندرێن و یەکێتی گەلان سەرکەوتوو دەبێت، بەم شێوەیە، ئەوان دەیانەوێت پێش ئەوەی هاوپەیمانی لۆزان کۆتایی پێبێت، کوردەکان بڵاوبکەنەوە و لەناویان ببەن، زۆربەی خەڵکی ئێزدی لە زێدی خۆیان کۆچیان کردووە و بە جیهاندا بڵاوبوونەتەوە، تەنها بۆ ئەوەی لە فەرمانەکانی کۆمەڵکوژی ڕزگاریان بێت، پێویستە گەنجان و ژنان پێکەوە بەدوای چارەسەری کێشەی لەناوچووندا بگەڕێن، ئێزیدییەکان لە هەر شوێنێک بن، دەبێت زمان و زەوی و بوونی خۆیان هەبێت، ئێمە هەرگیز واز لە ئایینەکەمان ناهێنین و هەڵوێستمان دەبێت.

 

"ئێمە هەبووین و دەبین"

لە کۆتایی قسەکانیدا ئایشە سیدۆ داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە ڕێگری لە داگیرکارییەکە بکەن و وتی: داوای ئێمە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوەیە کە هەڵوێستێک لە دژی جینۆسایدی کوردەکان، بەتایبەتی ئێزیدییەکان بگرنەبەر و سنووریان بۆ دابنێن، بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر عەفرین، خراپترین کردەوە لە دژی گەلەکەمان ئەنجام دەدرێت و جیهان بەردەوامە لە بێدەنگی، هەروەها ئێمە بە یەکگرتوویی خۆمان دژی ئەم کردارانە دەوەستین و هەمیشە لەسەر شەقامەکان دەبین، ئێمە شۆڕشی خۆمان هەیە و لە هەموو جیهاندا بڵاوی دەکەینەوە، هەزاران ساڵە لەوێین و هەمیشە دەبین و ڕێگە بە قڕکردنی کۆمەڵگەی ئێزیدی نادەین.