کەمپەکانی غەززە مەترسی لەسەر تەندروستی خەڵک دروست دەکەن

هیدایە حەسنین، کە لە کەمپی باشووری غەززە نیشتەجێیە، دەڵێت: هێواش هێواش دەمرین، ژیان لە چادرەکاندا زۆر سەختە، ٧ بۆ ١٦ کەس لە یەک چادردا دەمێننەوە و چەندین نەخۆشیش بڵاوبووەتەوە.

ڕەفیف ئەسلیم

 

غەززە - ماوەی ١١ مانگە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامە. لەو هێرشانەدا زیاتر لە ٤٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و هەزاران کەسیش برینداربوون و ملیۆنان کەسیش ئاوارەبوون. لە باشووری کەرتی غەززە، خەڵکی ئاوارە لە شوێنی نیشتەجێبوونیان ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی دەبنەوە، بە تایبەت ژنان و منداڵان لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان بێبەشن.

 

"چادرەکان ئەو شوێنانەن هێواش هێواش تیایدا دەمرین"

هیدایە حەسنین یەکێکە لە ئاوارەکان و لە چادردا دەژی، ژیانی ناو چادر بە "مردنی هێواش هێواش" پێناسە دەکات و دەڵێت: ٧ مانگە لەناو چادرەکاندا دەژین، لە وەرزی هاویندا بەهۆی بەرزی پلەی گەرمی ژیانمان قورستر دەبێت، نازانم مانگەکانی زستان لە مانگەکانی هاوین باشترە یان نا، بەڵام چادرەکە نە دەتوانێت لە گەرما بمانپارێزێت و نە لە باران و سەرما، ئەم چادرانە وەک مردنێکی هێواش وایە، تەنها ئەوانەی لە چادردا دەژین دەزانن دەمەوێت چی بڵێم. ئێمە خۆمان خانوویەکی فراوانمان هەبوو کە هەر کەسێک ژووری خۆی هەبوو، ژیان لەم چادرانەدا دۆخێکە کە دەبێت قبوڵ بکەین، لەم چادرانەدا تەنها چەند دۆشەک و بالیف و سندوقی پێداویستییەکان هەن،

 

"شوێنێکی تایبەت بۆ ژنان نییە"

هیدایە حەسنین ڕایگەیاندووە، بەهۆی ئەو موشەکانەی مانگانە هەزاران کەس لە ژن و منداڵ گیانیان لەدەستداوە، دەشڵێت: پێویستە بزانین ژنان لەم چادرانەدا چۆن چێشت لێدەنێن و جلوبەرگەکانیان چۆن لەبەر دەکەن، چۆن قاپ و قاچاخەکان دەشۆن، ئەمە جگە لەوەی شوێنێکی تایبەت بۆ ژنان نییە، هیچ شتێک نییە و حەمامیش بە شێوازە کۆنەکانە، لە کەمپەکەدا بارودۆخی قورس هەیە، ژنان لە کاتی سوڕی مانگانەدا کێشەیان بۆ دروست دەبێت، چادرەکان لە قوماش و پارچەی نایلۆن دروستکراون و پارێزگاری لە گۆڕانی کەشوهەوا ناکەن، هەر لەبەر ئەم هۆکارە بەتایبەت لای ژنان و منداڵان دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشیەکانی پێست وەک پەڵە و هەستیاری بە خۆر و هەستیاری پێست، هەروەها ئاویش پاک نییە.

 

١٦ کەس لە چادرێکی ٧ کەسیدا دەمێننەوە

هیدایە حەسنین باسی لەوەشکرد کە شەوانە مێشوولە و مێروو پێوەیان دەدات و دەڵێت: ئاوی پیس لە دەوری چادرەکانە، هەر بۆیە لە دەوروبەری چادرەکاندا مێروو و مار و دوپشک کۆدەبنەوە، ژنان و منداڵانی کۆچبەر بەهۆی ترسی مار و دوپشکەوە ناتوانن بخەون و تەنانەت چوونە ئاودەستیش دەبێتە کابوس، هەموو ڕۆژێک بەدەست پێوەدانی مێروو و گەرماوە دەناڵێنم و جەستەم ئاوساوە. جەستەمان بەهۆی ئارەقکردنەوەی بەردەوام و نەشۆردنەوە هەستیار بووە، ئیتر ناتوانم بەم شێوەیە بژیم، لەناو چادرێکی ٧ کەسیدا ١٦ کەس دەژین، کاتێک دەخەوین هەمووان بەسەرماندا تیدەپەڕن.