"داننان بە تاڵیبان تاوان و خیانەتێکە بەرامبەر بە ژنانی ئەفغانستان"

ژنانی ئەفغانستان جارێکی تر بە دروشمی "شەڕ دەکەین، دەمرین، مافی خۆمان بەدەست دەهێنین"، دەڵێن داننان بە تاڵیبان تاوان و خیانەتێکە بەرامبەر بە ژنانی ئەفغانستان.

بەهاران لاهیب

 

کابول- ژنانی ئەفغانستان جارێکی تر بە دروشمی "شەڕ دەکەین، دەمرین، مافی خۆمان بەدەست دەهێنین" ڕژانە سەر شەقامەکانی کابول،  هۆکاری ناڕەزایەتی ئەم ژنانە لێدوانەکانی ئەم دواییەی ئامینە محەمەدی جێگری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە جەختی لەسەر دانپێدانانی تاڵیبان کردەوە.

 

بە گوتەی ئەفغانییەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان گورگێکە بە جلی مەڕەوە، کە بە دانانی ناوی ڕێکخراوێکی خێرخوازی و بێلایەن، هەمیشە پشتیوانی لە سیاسەتی وڵاتانی ئیمپریالیستی وەک ئەمریکا دەکات لە وڵاتانی وەک ئەفغانستان، چونکە هەر تاوانێک کە لە ئەفغانستان ڕوودەدات بێدەنگ دەکرێت و هەندێکجاریش بۆ فریودانی ئەوەی پێی دەوترێت دانپێدانانی گشتی، هاوسۆزی یان ئیدانەکردن دەردەبڕێت.

 

دانپێدانانی تاڵیبان لەلایەن وڵاتانی جیهان و بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کە دەستیان لەم دۆخە ئازاربەخشەی ئێستای ئەفغانستاندا هەیە، کارێکی ئاساییە، چونکە کاتێک ئەو وڵاتانە بە سەرکردایەتی ئەمریکا، حکومەتە گەندەڵ و بوکەڵەییەکەیان لەناو دەبەن، شەوێک دوو بەشی ئەفغانستان ڕادەستی تاڵیبان دەکەن، دەڵێن خەڵکی ئازارچێشتوو ئەفغانستان هیچ چاوەڕوانییەکی تریان نییە.

 

چاوپێکەوتنمان لەگەڵ دوو لە ژنانی بەشداربوو لە ڕێپێوانی ناڕەزایەتیدا ئەنجامدا، ژنان باسیان لەوە دەکرد، هاتوونەتە سەر شەقامەکانی کابول بۆ ئیدانەکردنی دانپێدانانی تاڵیبان بە سەرکردایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕق و کینەی خۆیان بۆ ئەم کارە و ئامادەنەبوونی ژنان لە کۆبوونەوەی دەستبەجێدا دەردەبڕن.

 

مەعسومە ئەیوبی، یەکێک لە ئەندامانی "بزووتنەوەی خۆبەخۆی ژنانی ناڕازیی ئەفغانستان"،جەخت لەوە دەکاتەوە،  "بە هەڵە دانپێدانانی تاڵیبان، ئاپارتایدی جێندەری و دڕندەیی تاڵیبان پشتڕاست دەکاتەوە، کە بەهۆیەوە بچوکترین مافەکانمان بێبەش کراوین، تاڵیبان هەرگیز ڕێگە نادات ژنان لەبەردەمیاندا بوەستن و داوای مافەکانیان بکەن، هەڵسوکەوتی تاڵیبان بۆ هەمووان ئاشکرایە، پەنا بۆ قامچی لێدانی ژنان و لێدان و دەستگیرکردنی ژنانی ناڕازی دەبەن و ئەمجارە سەرکوتیان کردین.

 

مەعسومە دەشڵێت: ئێمەی ژنان بەڵێنمان داوە شەڕ بکەین، شەڕەکەمان داوای یاساییە بۆ مافەکانمان، تا مافەکانمان بەدەست نەهێنین شەڕکردن ناوەستین.

 

شەکیبا فەرەخ ئەفریدی، یەکێکی ترە لە ژنانی ناڕازی و دەڵێت: سەرەڕای ئەو هەموو زوڵم و ستەمانەی سەر ژنان، بێبەشکردنمان لە کار و خوێندن و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، چۆن نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیاری ئەوە دەکات کە تاڵیبان بناسرێت؟ بە بۆچوونی ئێمە تاڵیبان حکومەت نییە، بەڵکو گروپێکی تیرۆریستی و داگیرکەر و بازرگانییە، کە توێژێکی گەورەی کۆمەڵگەی لەناوبردووە کە ژنانن، ناڕەزایەتی و خەباتەکانمان بەردەوامە و ناڕەزایەتی خۆمان بۆ هەموو جیهان دەخەینەڕوو، کە داننان بە تاڵیبان تاوان و خیانەتێکە بەرامبەر بە ژنانی ئەفغانستان.