تەندروستی سلێمانی هۆكار و نیشانەكانی خۆربردن و چۆنیەتی خۆپارێزی بڵاودەکاتەوە

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی نیشانەكانی خۆربردن و ڕێنمایی بڵاودەكاتەوە، داواش دەكات چەند ڕێكارێك بۆ خۆپاراستن بگیردرێتە بەر.

ناوەندی هەواڵ


بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی سەبارەت بە خۆربردن بڵاویكردووەتەوە، ئەو گەرمایەی لەگەڵ كەشوهەوای هاویندا پەیدا دەبێت، هەندێكجار دەبێتە هۆی ئەوەی لەش نەتوانێت پلەی گەرمی ڕێك بخات و كاتێك پلەی گەرمی لەش لە ٤٠ پلەی سەدی تێدەپەڕ دەێت، تێكچوونێك لە مێشكدا ڕوودەدات كە پلەی گەرمی لەشی پێ كۆنترۆڵ ناكرێت و كاریگەری لەسەر سیستمی سووڕی خوێن و مێشك دەبێت.


هۆكارەكانی خۆربردن بریتین لە، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و بەركەوتنی تیشكی ڕۆژ، كاركردن و زۆر مانەوە لەبەر خۆر.

 

نیشانەكانی ئەوەن كە كەسەكە ئارەق زۆر دەكاتەوە لە كەشی گەرمدا و دەموچاوی سور دەبێتەوە و پلەی گەرمی لەش بەرز دەبێتەوە، هەروەها هەناسەدانی خێرا دەبێت و ماسولكەكانی گرژ و سڕ دەبن، تووشی سەرگێژ خواردن و سەرئێشە و بێهۆشبوون و وڕێنەكردنیش دەبێت و هەست بە تینوێتی زۆر و سكچوون دەكات.


تەندروستی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو كەسەی تووشی خۆربردن دەبێت، ئەگەر وەك پێویست هاوكاری نەكرێت، ئەوا دەبێتە هۆی وەستانی دڵ و مەترسی لەسەر ژیانی دروست دەبێت، پێویستە فریاگوزاری سەرەتایی بۆ بكرێت، كە بریتین لە گواستنەوەی بۆ شوێنێكی سێبەر و پاڵخستنی و بەرزكردنەوەی قاچەكانی و كردنەوەی جلەكانی و سڕینەوەی دەموچاوی و فێنككردنەوەی بە قوماشێكی تەڕ و شێدار.


سەبارەت بە ڕێكارەكانی خۆپاراستن ئەوە خراوەتەڕوو، ڕۆژانە ٦ بۆ ٨ پەرداخ ئاو بخورێتەوە و پۆشینی جلوبەرگی سپی و گونجاو و لە لۆكە دروستكراو، هەروەها دووركەوتنەوە لە بەركەوتنی درێژخایەنی خۆر و بەكارهێنانی كڵاو و چاویلكەی دژەخۆر.