خولێکی دروومان بۆ ٢٧ ژنی هەرێمی ڕاپەڕین کرایەوە

لە ڕاپەڕین خولێکی دروومان بۆ ژنان کرایەوە و ٢٧ ژن تێیدا بەشداربوون، هاوکات زنجیرە سیمینارێکیان لەبارەی واتای ژن بوون، پێکەوە ژیان، ئاشتی و چەندین بابەتی دیکە پێشکەشکرد.

دیڤان سیهاد

 

ڕاپەڕین- ڕێکخراوی سەنگی گەنجان خولێکی دروومانی بۆ ٢٧ ژن و ژنانی گەنج لە شاری ڕانیەی هەرێمی ڕاپەڕین کردەوە و لەلایەن میهرەبان حاجی سەلام وانەکان وترانەوە.

 

خولەکە بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت و ڕۆژانە لەگەڵ فێربوونی درووماندا، لە بواری چەمکەکانی واتای ژن بوون، پێکەوە ژیان، ئاشتی و چەندین بابەتی دیکە سیمینار پێشکەش بە ژنان کراوە.

 

میهرەبان حاجی سەلام، مامۆستای خولەکە دەربارەی خولەکە ئاماژەی بەوەدا کە ژنانی بەشداربوو توانیویانە سود لە خولەکە وەربگرن و بە شێوەیەکی زۆر باش فێری بڕین و دروومان ببن، "خولەکە لە ٢٦ی مانگی ڕابردووەوە دەستیپێکردووە، تا ٢٨ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، فێرخوازان قۆناغێکی باشیان بڕیوە و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم".

 

 

دیلان ڕێبوار، ژنێکی گەنجی فێرخوازە، چەند ڕۆژێکی خولەکە بەشداری کردووە و ئاماژەی بەوەدا کە سودێکی باشی لە خولەکە بینیوە و توانیویەتی فێری دوورینی جلی کوردی و جلی ماڵەوە و جلی مۆدە ببێت،

 

ڕەیان عەبدولڕەحمان فێرخوازێکی دیکەیە و بەشداری لە خولەکەدا کردووە، هیوای خواست ئەو ژنانەی لە ماڵەوە دانیشتوون بێنە خولی دروومان و خۆیان فێربکەن تا بتوانن لە ڕووی ئابوورییەوە داهاتێکی باش پەیدابکەن، لە بارەی سیمیناری ئەو ڕۆژەیان لەسەر پێکەوەژیان و کێشە دروونییەکان وتی: سیمینارەکەش سودی زۆری هەبوو لەلایەنی دەروونی و چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و چارەسەرکردنیان.