هاوسەرۆکی شارەوانی دێرسیم: قەیوم درێژەپێدەری سیاسەتەکانی ئاسمیلەکردنە

بەرخۆدانی گەل لە دژی دانانی قەیوم لە شارەوانی دێرسیمی دەم پارتی و شارەوانی پولووری جەهەپە بەردەوامە، بیرسەن ئۆرهان، هاوسەرۆکی شارەوانی دێرسیم ڕایگەیاند، قەیومەکان درێژەپێدەری سیاسەتەکانی ئاسمیلەکردنن.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

دێرسیم- لە کاتژمێرەکانی شەوی ٢٢ی تشرینی دووەم، وەزیری ناوخۆی دەوڵەتی تورکیا، قەیومی لە شارەوانی دێرسیمی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەل "دەم پارتی" و شارەوانی پولووری جەهەپەی دەستنیشان کرد، سەبارەت بە هاوسەرۆکی شارەوانی دەرسیم، جەودەت کۆناک، لێدوانەکانی ساڵانێک لەمەوبەر وەک بیانوویەک نیشاندرا، دوای ئەوەی لە ٢٠ی ئەم مانگە لێکۆڵینەوە دەستیپێکرد، هاوسەرۆکی شارەوانی و گەل دەستیان بە ئێشکگری لە شارەوانییەکە کرد، دوای دانانی قەیوم، ئەوانەی پێشەنگی ژنان و گەنجانیان گرتبوو، چوونە مەیدان بۆ ئەوەی خاوەنداری لە ئیرادەیان بکەن.

 

سەبارەت بەو بابەتەش دیدارێکمان لەگەڵ بیرسەن ئۆرهان، هاوسەرۆکی شارەوانی دێرسیم ئەنجام داو باسی ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی دێرسیم و خەباتی کرد و ڕایگەیاند کە ئەوان لەوێدان و لەوێش بەردەوام دەبن.

 

"پارێزگار داوای زانیاری لەسەر هاوسەرۆکی شارەوانی کرد"

بیرسەن ئۆرهان ڕایگەیاند، لە ٢٠ی تشرینی دووەمەوە پڕۆسەی دانانی قەیوم دەستیپێکردووە لەو ڕۆژەوە چاودێری شارەوانی دەکەن و وتی: ئەم پڕۆسەیە لە ٢٠ی تشرینی دووەمەوە دەستیپێکردووە، دوای ئەوەی ئێمە لە هەڵبژاردندا سەرکەوتین، میدیاکانی دەسەڵات ڕایانگەیاند، قەیوم بۆ ٢٨ شارەوانی دادەمەزرێنین، دانانی قەیوم لە سێ شارەوانیش پەیامێک بوو بۆ دێرسیم، لە ٢٠ی تشرینی دووەم، سەبارەت بە هاوسەرۆکی شارەوانیمان، چالاکییەکانی ١٢ ساڵ لەمەوبەر وەک بیانوویەک نیشاندرا و پرۆسەی دادگاییکردنەکە دەستیپێکرد، لەم پرۆسەیەدا، لە بەڵگەنامەکاندا، پارێزگاری ڕەنجخۆر کە لە شوێنی ئێمە دامەزرا، داوای زانیاری لەسەر پرۆسەی دادگاییکردن لە دژی هاوسەرۆکی شارەوانیمان کرد، ئەم زانیاریانە پێش ئەوەی دادگا کۆتایی پێبێت، گەیشتە دەستمان، بەم بەڵگەنامەیە ئەنجامەکەمان خەمڵاند، لە ٢٠ی تشرینی دووەم لەم شارەدا هەوای داگیرکاریمان بینی. ئەو ڕۆژە بزووتنەوەیەکی جیاواز ڕوویدا، تێدەگەین ئەم بڕیارە بڕیاری کودەتایە، دوای ئەو کۆبوونەوەیە لە شارەوانیدا دەستمان بە ئێشکگری کرد.

 

"گەل خاوەنداری لە ئیرادەی خۆی کرد"

بیرسەن ئۆرهان ئاماژەی بەوەکرد، لەکاتی ئێشکگری شارەوانیدا، ڕووبەڕووی دانانی قەیوم بوونەتەوەو وتی: لەکاتێکدا ئێشکگری شارەوانیمان دەکرد، دەوروبەری شارەوانی بە بەربەست داخرابوو، لە هەمانکاتدا ٨٠ پۆلیس هاتنە ژوورەوە و وتیان 'ئەم شوێنە چۆڵ بکەن، کاتێک کاردانەوەم هەبوو بەرامبەر بەو دۆخە، هەوڵیاندا بمخەنە ژێر چاودێرییەوە. لەو ساتەدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لێمدرا، دوای ئەوەی لە شارەوانی دەرکراین، لە پشت بەربەستەکانەوە، جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لێمدرا، دوێنێ گەل بە ئیرادەی خۆیەوە هاتە دەرەوە. لەسەرەتادا ژن، خاوەنداریان لە ئیرادەی خۆیان کرد، خەڵک بەرخۆدانێکی شایستەی مێژووی دێرسیمیان نیشان دا، ئەمڕۆش دەڵێین قەیوم قبوڵ ناکەین، بەردەوامین لەم کارە، شارەوانیمان بە شێوەیەکی نایاسایی هێرشی کرایە سەر، ئەو بەربەستانە بە ڕوونی ئەوە دەردەخەن کە ئەمە داگیرکارییە، ئەوان دەیانەوێت بەم شێوەیە ئیرادەی خەڵک لەناوببەن.

 

"ئێمە لێرەین، لێرە دەبین"

بیرسەن ئۆرهان وتی: دێرسیم شارێکی بەرخۆدانە بە بوێری و ئیمان و ناسنامەی ژنان، خاوەنی کولتووری بەرخۆدانە، دێرسیم بووەتە ناسنامە، لەم خاڵەدا ڕاستییەکی دێرسیممان هەیە، لە بەرامبەر ئەم ڕاستییەدا سیاسەتێکی ئاسمیلەکردن هەیە کە سیستمەکە دەباتە پێشەوە، قەیومە دەستنیشانکراوەکان لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا داندران، ئەم شارە لە ساڵانی ١٩٣٨-١٩٩٠ەوەهەموو جۆرە هێرشێک بووە، ئاگاداری ئەم هێرشانەین، بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دوای قسەی ئاشتی، بە ڕوونی ڕووی ڕاستەقینەی نیشان داین، بەڵام ئێمە لێرەین، لێرە بەردەوام دەبین، ئێمە لە نەریتی ئەو بەرخۆدانەوە هاتووین، درێژە بەو خەباتە دەدەین، کەس لە بەرامبەر ئەم بابەتە بێدەنگ نابێت، هەموو دانیشتووانی دێرسیم لە دژی ئەم داگیرکارییە دەنگ بەرز دەکەنەوە، هەرچییەک ڕووبدات تێدەکۆشین، هەرگیز قەیوم و پارێزگار ڕەنجخۆر قبوڵ ناکەین.