هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی شۆڕشگێڕی ژنان: شێوازێکی نوێی ژیان دژی توندوتیژیی پیاو-دەوڵەت
مزگین خەلیل، جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکردن لە کانتۆنی فورات، دووپاتی کردەوە، هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وەڵامێکی سیاسییە لەلایەن ژنانەوە بۆ سیستەمی پیاوسالاری، ئەم ڕێکەوتنە دەستوورێکی نەریتی نییە، مسۆگەری ڕاستەقینەیە.
بەرچەم جودی
کۆبانێ- لە کاتی باسکردنی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بە ناچاری تیشک دەخرێتە سەر ڕۆڵی ژنان لە پێشەنگایەتیکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا و گەیشتن بە دەستکەوتەکانی، ژنان لەم ناوچەیە شۆڕشێکیان دەستپێکرد کە لەسەر بنەمای بناغەی هزری و سیاسییەکان دامەزرا، بە ئامانجی دەستەبەرکردنی بوون و ناسنامە و داهاتوویان لە هەموو بوارێکدا.
لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی سووریا، ژنان و گەل یەکگرتوو بوون بۆ بونیادنانی سیستمی جیاوازییان، لە ساڵی ٢٠١٢ەوە نموونەی "نەتەوەی دیموکراتیکی" لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جێبەجێ کراوە، پڕۆژەیەک کە هەوڵ دەدات بۆ سەربەخۆیی سیاسی و گۆڕانکاری قووڵی کۆمەڵایەتی، لەم چوارچێوەیەدا ڕێککەوتنێکی کۆمەڵایەتی دامەزرا کە لەسەر بنەمای بنەڕەتییەکانە؛ دیموکراتیکی، ئازادی ژن، بونیادنانی کۆمەڵگەی ئیکۆلۆژی و داننان بە فرەیی و ناسنامە هەمەڕەنگەکان.
لەگەڵ لێکۆڵینەوە لەم بنەمایانە، توخمێکی نوێی سەرنجڕاکێش سەرهەڵدەدات، داننان بە ئازادیی ژنان وەک پێوەرێکی بنەڕەتی لە دەستوور و ڕێککەوتنە کۆمەڵایەتییەکاندا، ئەمەش لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە شێوەیەکی کاریگەر بەدیهاتووە، کە شۆڕشی ژنان پایەی بناغەی سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی پێکهێناوە، لە ساڵی ٢٠١٤ وە لەگەڵ دامەزراندنی فەرمی خۆبەڕێوبەری لە کانتۆنەکانی هەرێمدا، ئەم سیستەمە بووەتە ڕاستیەکی بەرجەستە، لە سەرانسەری لایەنە جیاوازەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی هاوڵاتیاندا جێبەجێ دەکرێت.
یەکەمین هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠١٤، لە ناوچەکانی جزیری، عەفرین، و کۆبانێ ڕاگەیەندرا، دوابەدوای ڕزگارکردنی منبەج و ڕەققە و دێرەزوور لە دەستی داعش لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات "قەسەدە"وە، سیستمی خۆبەڕێوبەری فراوانتر بوو، لە ساڵی ٢٠١٦دا ڕێکەوتنی کۆمەڵایەتی هەموارکرایەوە بۆ ئەوەی باشتر ڕاستیەکانی ناوچەکە دەربخات، زیاتر هەمەلایەنە و بناغەی بوو.
مزگین خەلیل، جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکردن لە کانتۆنی فورات ڕوونیکردەوە، کە لە سەرەتادا هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی بەپێی تایبەتمەندییە تایبەتەکانی هەر کانتۆنێک داڕێژراوە، کە ڕەنگدانەوەی بارودۆخی هەرێمە، بەڵام دوای ڕزگارکردنی چەندین ناوچە لە دەستی داعش، بە لەبەرچاوگرتنی فرەچەشنی گروپە نەتەوەیی و ئاینییەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، پێویستیی داڕشتنی ڕێکەوتنێکی کۆمەڵایەتی نوێ سەریهەڵدا کە ماف و ناسنامەی هەموو گروپە پێکهێنەرەکانی مسۆگەر بکات، بە بەشداری نوێنەرانی پێکهاتە جیاوازەکان، ڕێککەوتنێکی کۆمەڵایەتی یەکگرتوو داڕێژرا و بە فەرمی لە هەرێمدا جێبەجێ دەکرێت.
ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتی یەکسانی دەچەسپێنێت و ڕۆڵی ژنان بەهێزتر دەکات
لە ١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، دەسەڵاتی گشتیی خۆبەڕێوبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی یەکگرتووی هەموارکراوی ڕاگەیاند، ئەم هەموارکردنە ساتێکی سەرەکی بوو لە چەسپاندنی مافەکانی ژنان و مسۆگەرکردنی ڕۆڵ و ناسنامە و ئامادەبوونیان، لە بڵاوکراوەی نوێدا ئازادی ژنان بوو بە مەرجێکی بنەڕەتی بۆ ئازادی کۆمەڵگە و بنامای نوێنەرایەتی ٥٠٪ و هاوسەرۆکایەتی وەک ماددەی سەرەکی دەستوور دامەزرا، لە سایەی پەرەسەندنی خەباتی ژنان و چەسپاندنی دەستکەوتە مێژووییەکانیان، ڕێککەوتنیێکی کۆمەڵایەتی نوێ سەریهەڵدا، کە لەسەر بنەمای سیاسی وەرگیراو لە شۆڕشی ژنان، هەروەها ئازادی و دیموکراتیکی لە بەشداریی ژنان لە بونیادنانی داهاتوودا جیاناکرێنەوە.
سەبارەت بەم بابەتە، مزگین خەلیل جەختی لەوە کردەوە: کە سیستەمی هاوسەرۆکایەتی بنەمای نوێنەرایەتی یەکسانی نێوان ژنان و پیاوان بەرجەستە دەکات، هەروەها ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتی هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە، ئەم یەکسانییەی دیاری کردووە، کە بە ڕوونیترین شێوە لە ڕێگەی میکانیزمی هاوسەرۆکایەتییەوە دەردەکەوێت، هەروەها ژنان لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا ڕۆڵێکی پێشەنگیان هەبوو، کە بە شۆڕشی ژنان پێناسە کراوە، دەیان دەستکەوت هەیە کە ژنان لە بوارە جیاوازەکاندا بەدەستیان هێناوە و ئەمانەش لە ڕێگەی هاوپەیمانی کۆمەڵایەتییەوە چەسپێنراون و مسۆگەر کراون.
جەختی لەوە کردەوە، کە کۆمەڵگە گۆڕانکارییەکی بەرچاوی لە هۆشیاریدا بەخۆیەوە بینیوە، سیستەمی هاوسەرۆکایەتی کە بۆ یەکەمجار لە ناوچەکەدا جێبەجێکرا، نوێنەرایەتی ڕێبازێکی نوێ و نامۆ دەکات، کۆمەڵگە ئاشنا نەبوو بەو ژنانە کە لە پۆستی بڕیاردان یان چارەسەرەکەیان بە بنەڕەتی بۆ پێشەنگایەتی بزانێت، هەر بۆیە ژنان بۆ هێنانەدی ئەم گۆڕانە و چەسپاندنی بنەمای نوێنەرایەتی یەکسان خەباتێکی بەرفراوانیان ئەنجامدا، دامەزراندنی یەکسانی لە نوێنەرایەتی و سیستەمی هاوسەرۆکایەتی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتیدا هەنگاوێکی چارەنووسساز بوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی بیرکردنەوەی پیاوسالاری و سیستەمی پیاوسالاری و دەوڵەت کە لەسەر بنەمای دەسەڵاتی پیاوانە بوو.
ناوەڕۆک و بنەمای فەلسەفی ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتی
ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتی لە چەند ڕوویەکەوە جیاوازە لە دەستوورە کلاسیکییەکانی دەوڵەت، هەر لە سەرەتاوە چەمکی دەوڵەتی نەتەوەیی ڕەتکردەوە و لەبری ئەوە خۆی لەسەر پڕۆژەی "کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک" بونیادنا، کە ئیلهامی وەرگرتووە لە بیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لەبری ناوەندگەرایی و پاوانخوازی، نموونەی کۆمەڵگەیەکی ئازاد وەک جێگرەوە پێشنیار دەکات.
لە ناوەڕۆکی فەلسەفی خۆیدا، ڕێکەوتنی کۆمەڵایەتی بە بونیادنانی سیستەمێکی جێگرەوە لەسەر بنەمای بەشداریی گەل، ڕووبەڕووی هەموو جۆرەکانی ژێردەستەیی کۆمەڵایەتی و چەوساندنەوەی سروشت و چەوساندنەوەی ژنان دەبێتەوە، کۆمەڵگە خۆی ڕێکدەخات بەجۆرێک کە بەڕێوبردن و بڕیاردان لە کۆمینەکان و ئەنجومەنەکاندا بە شێوەیەکی بەشدارانە دەست پێبکات، جگە لەوەش ئازادیی ڕاستەقینەی کۆمەڵایەتی تەنها لە ڕێگەی ئازادی ژنانەوە بەدەست دێت کە بنەمایەکی ناوەندی پێکدەهێنێت، جگە لەوەش، چەمکەکە لەسەر ئەو بیرۆکەیە دامەزراوە کە مرۆڤایەتی بەشێکە لە سروشت، ئەمەش پێویستی بە دامەزراندنی ئیکۆسیستەمێک هەیە کە هاوسەنگی مسۆگەر بکات.
بەم شێوەیە، لە کاتێکدا دەستوورەکانی دەوڵەتی نەتەوەیی هەوڵی سەپاندنی دەسەڵاتی ڕەها دەدەن، ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئامانجی بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی بەشدارانە، ئازاد، ڕێکخراو، فرە نەتەوەیی و فرە زمانە لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانی.
لە دەستوورە نەریتییەکاندا، ژنان زۆرجار وەک یەکسان لەگەڵ پیاوان لە مافەکاندا دەخرێنە لیستیەوە، بەڵام بەبێ دانپێدانان بە ڕۆڵی سەربەخۆییان، تەنها وەک بەشێکی دانەبڕاو لە سیستەمی هەبوو دەمێننەوە، بەڵام ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نوێنەرایەتی گۆڕانێکی بنچینەیی دەکات لە پرسی ئازادی و مافەکانی ژنان، هەوەها وەرگرتنی چارەسەرەکانی "ژنۆلۆژی" و بنەمای نوێنەرایەتی یەکسان وەک بناغەیەک بووەتە هۆی پێناسەکردنەوە و هەڵسەنگاندنەوەی ژنان.
ئەم ڕێبازە تەنها لە یەکسانییەکی فەرمی تێدەپەڕێت، هەوڵدان بۆ دروستکردنی هاوسەنگییەکی نوێ لە ناو کۆمەڵگەدا و دەستپێکردنی شۆڕشێکی هززری کە کۆمەڵگەیەک دادەمەزرێنێت، کە لە دید و چارەسەری ژنانی خۆیەوە بونیاد نراوە، بەم شێوەیە ژنان بە سادەیی تێکەڵ بە سیستەمی هەنووکەیی نین، بەڵکو سیستەمێکی نوێ لەسەر بنەمای بوونی ژنان و بەشداری چالاکانەیان دروست دەبێت و دەیانکاتە هاوبەشێکی بناغەی لە داڕشتنی داهاتوودا.
لە ڕووی یاساییەوە ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتی چەندین ماددە و بڕگە لەخۆدەگرێت کە ماف و ڕۆڵ و ئامادەبوونی ژنان مسۆگەر دەکەن، هاوپەیمانییەکە لە ١٣٤ ماددە پێکهاتووە و ١٢ ماددە و ١٢ بڕگەی یاسایی تەرخانکراوە بۆ ڕێکخستنی میکانیزمە کارگێڕییەکان و دڵنیابوون لە بەشداریکردنی ژنان، لە ماددەی ٢٤ دا دامەزراندنی یاسایی سیستەمی هاوسەرۆکایەتی دیاری کراوە، کە مسۆگەوری نوێنەرایەتی ٥٠٪ی ژنان لە هەموو دامەزراوەکاندا دەکات، ماددەی ٥٠ پاراستنی توندی مافەکانی ژنان بەهێزتر دەکات بە تاوانبارکردنی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی بەرامبەریان.
مادەی ١١٧ دەسەڵاتی یاسایی ڕاستەوخۆ دەدات بە ئەنجومەنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی بۆ ژنان و کۆمینەکانی سەر بە خۆی بۆ چارەسەرکردنی پرسەکانی ژنان، جگە لەوەش، چەندین ماددە و بڕگەی دیکە بنەماییە بنەڕەتییەکانی ماف و یاسا و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و کارگێڕی چەسپاندووە، دەستەبەرکردنی پاراستنی ژنان لە کایە جیاوازەکاندا و گۆڕینی ڕێکەوتنی کۆمەڵایەتی بۆ پڕۆژەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە ڕەنگدانەوەی بناغەی شۆڕشی ژنانە و بناغەی داهاتوویەکی دادپەروەرانەتر دادەنێت.
"ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتی بۆ ژنان تێگەیشتنێکی ناوازەیە لە ماف و ئازادییەکانیان"
ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کار لەسەر داڕشتنی هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی خۆیان دەکەن، کە نموونەیەکی یاسایی جێگرەوە و ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا چەسپاندووە، ئەم پڕۆژەیە دەرئەنجامی گفتوگۆی بەرفراوانە کە ڕێکخراوەکانی ژنان وەک کۆنگرەی ستار، کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا، ئەکادیمیای ژنۆلۆژی، ئەنجومەنەکانی دادپەروەری ژنان و ئەوانی دیکە بەشداربوون، ئەمساڵ ڕەشنووسی ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتی بۆ ژنان ئامادەکرا، کە سەردەمێکی نوێی دەستپێکرد کە لە هیچ سیستەمێکی دیکەدا وێنەی نەبووە.
لەم چوارچێوەیەدا، ژن چیتر لە ڕۆڵی ناوماڵ خۆیدا نابینێتەوە، بەڵکو ئێستا وەک پایەیەکی بنچینەیی لە بونیادنانی کۆمەڵگە و دامودەزگاکانیدا و هاوبەشێکی کارا لە داڕشتنی داهاتوودا پێناسە دەکرێت.
بەپێی ئەم هاوپەیمانییە کە هێشتا لە قۆناغی داڕشتندایە، مافی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، کولتووری، پەروەردەیی ژنان دەستەبەر دەکرێن، توندوتیژی سیستماتیکی دژ بە ژنان نەک تەنها بە تاوانێکی تاکەکەسی، بەڵکو بە تاوانێکی سیاسی و دامەزراوەیی دادەنرێت کە داوای لێپرسینەوە دەکات، ڕێککەوتنەکە بە پەسەندکردنی وەک یاسای بەرخۆدان، ڕووبەڕووی سیستەمی دەوڵەتی پیاوسالاری دەبێتەوە، هەروەها بە بونیادنانی سیستەمێکی کۆنفیدراڵییزمی ژنان کە لەسەر بنەمای کۆمینەکان، ئەنجومەنەکان، ڕێکخراوەکان و ئەکادیمیاکانی ژنان، مامەڵە لەگەڵ داگیرکاری، ئاوارەبوون، جینۆساید و هێرشەکان دەکات، ئەمەش سەدەی بیست و یەکەم دەکاتە سەردەمی ئازادی و شۆڕشەکانی ژنان بە چەسپاندنی فەلسەفەی "کن، ژیان، ئازادی".
لە سایەی ئەم بنەمایانەدا، لەگەڵ دەیان بابەت و پێوەرەکانی تر، ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بە هەموو هەمەچەشنییەکەیانەوە، پێسەنگایەتی پڕۆژەی بونیادنانی سیستەمێکی کۆنفیدراڵیزمی ژنان و بەهێزکردنی پڕۆژەی نەتەوەیەکی دیموکراتیکی دەکەن، ئەم دەستکەوتە مێژووییە ژنان بەهێز دەکات و ئیلهامبەخشە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی هەموو ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و سووریا و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
مزگین خەلیل جەختی لەسەر پێویستی ژنان بۆ خاوەنی هاوپەمانییەکی سەربەخۆ کردەوە و وتی: لە کاتی پێداچوونەوە بە مێژووی زۆرێک لە شۆڕشە جیهانییەکاندا، تێبینی دەکەین کە مافەکانی ژنان لە ڕووی دەستووری یان یاساییەوە نەخراونەتە ناوەوە، بەڵکو پەراوێزخراون و دوور خراونەتەوە، بۆ ئەوەی ئەم چارەنووسە لە شۆڕشەکەماندا دووبارە نەبێتەوە، زۆر گرنگ بوو کە ئێمە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنە کۆمەڵایەتییە گشتییەکەدا مافەکانی ژنان مسۆگەر بکەین، هەروەها ڕێکەوتنی سەربەخۆی خۆمان دابمەزرێنین، ئەم ڕێککەوتنە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی عەقڵییەتی پیاوسالاری و ئەو دەوڵەتەمان پێدەبەخشێت کە سیستەمەکەی بەسەر ژنان و کۆمەڵگەدا سەپاندووە، هاوکارمانە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو پێکهاتە تاکڕەوانە و بونیادنانی سیستەمی خۆمان کە ئازادی ژنان دادەمەزرێنێت و دیموکراتیکی دەچەسپێنێت.
لە خەباتی ژنانەوە بۆ سیستەمێکی کۆنفیدڕاڵی
لەبەرامبەر بەردەوامی توندوتیژی پیاوان لە ناو دەوڵەتی کلاسیکدا، کە بە بێ سزا ئەنجام دەدرێت و بە یاسا پیاوسالارییەکان پارێزراون، ژنان لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا میکانیزمی یاسایی خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ڕاستیە پەرەپێداوە، هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی لەم هەرێمەدا نموونەی نوێی خستۆتە ڕوو، نموونەیەک کە سزای توندوتیژی دەوڵەتی دەدات کە لەلایەن پیاوانەوە ئەنجام دەدرێت، لە هەمان کاتدا ڕێوشوێنی خۆپارێزی بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی دادەمەزرێنێت و ڕێگاکان بۆ گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی دەکاتەوە.
ژنانی کورد، عەرەب، ئاشووری، سریانی، ئەرمەنی، چەرکەسی، چیچانی، تورکمان، لە ڕێگەی هاوپەیمانییەکەوە کە لەسەر بنەمای بنەما سیاسییەکانی شۆڕشی ژنان، خەریکی پڕۆسەی بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکی و یەکسان و ئازاد بوون کە ژنان لە پێگەیەکی پێشەنگدا دابنێت و بیانکاتە هاوبەشێکی بناغەی لە داڕشتنی داهاتووی ناوچەکەدا.
مزگین خەلیل لە کۆتایی قسەکانیدا، وتی: هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی نوێنەرایەتی وەڵامدانەوەی سیاسی ژنان دەکات بۆ سیستەمی پیاوسالاری دەوڵەت، خەباتی ژنان لە سەرەتای مێژووەوە تا ئەمڕۆش بەردەوامە، بەتایبەتی لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە ژنان ژیانی خۆیان کردۆتە خەباتێکی بەردەوام، لێرەوە ئەو هاوپەیمانییە مسۆگەریەکی ڕاستەقینە پێکدەهێنێت، بەرجەستەی خەبات و قوربانیدانەکانی ژنان و دەستکەوتەکانە، هەروەها دامەزراندنی سیستەمێکی کۆنفیدڕاڵیزمی ژنان ڕەنگە بە واتای نەریتی دەستوور نەبێت، بەڵام لە بنەڕەتدا وەڵامێکی ڕاستەوخۆیە بۆ پێشێلکردنی مافەکانی ژنان، بۆ هەڵاواردنی کۆمەڵایەتی و توندوتیژیی دەوڵەتی پیاوسالاری.