ژنانی سوەیدا: دەمانەوێت لە وڵاتێکی دیموکراسیدا بژین

ژنانی سوەیدا کە بەشدارییان لە ناڕەزایەتییە بەردەوامەکاندا کردووە، جارێکی دیکە خوازیاری یەکگرتوویی هەموو پێکهاتەکانی سووریا و جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ٢٢٥٤ی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن.

ڕوشیل جونیور

 

سوەیدا- ژنانی سوەیدا هەوڵەکانی حکومەتی دیمەشقیان بۆ جیاکردنەوەی شارەکە لە گوندەکانی شەرمەزار کرد و جەختیان لەوە کردەوە کە تا داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکەن لە بزووتنەوەی جەماوەری بەردەوام دەبن.

 

"بازگەکان بۆ ترساندنی هاوڵاتیانە"

دوێنێ، سەدان کەس لە شاری سوەیدای سووریا، لە ناوەڕاستی گۆڕەپانی کەرامە کۆبوونەوە و داوای جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ٢٢٥٤ی نەتەوە یەکگرتووەکانیان کرد و لافیتەیان بەرزکردەوە کە داوای ئازادی و گۆڕانکاری سیاسییان دەکرد دروشمی شۆڕشگێڕانەیان دەوتەوە و ڕایانگەیاند بایکۆتی هەڵبژاردنەکان دەکەن.

 

هیند سەڵاح، ئاماژەی بەوەکرد بازگەکان ڕەتدەکەنەوە،چونکە دڵنیان لەوەی بوونی ئەو بازگانە بۆ سەلامەتی نییە، بەڵکو بۆ پارچەپارچەکردنی سوەیدایە و کۆکردنەوەی گەنجەکانە و پاڵنانیانە بۆ ناو ڕیزەکانی سوپا و ئەرکی بازگەکان پەکخستنی ڕێبواران و تاڵانکردنی ڕێبوارەکانە، هەرگیز مەبەستیان پاراستنی هاوڵاتیان نەبووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، خاڵە پشکنینەکان لەسەر سنوورن نەک لەناو شارەکەدا و بۆ ترساندنی خەڵکە وتی: ئێمە خوێنڕشتنمان ناوێت.

 

"بازگەکان بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان بەکاردەهێنن"

سەحەر حەمزە، یەکێکە لە بەشداربووانی ناڕەزایەتییەکان، ڕوونی کردەوە کە نایەوێت منداڵەکانی بنێرێت بۆ خوێندن، دەڵێت: ئێمە چووینە ناو مانگی یازدەهەمی شۆڕشەوە، بازگەکان لە ناو شاردا بە بیانوو دانراون، ئامانجیانە لە ڕێگەیەوە گەنجان بخەنە ڕیزەکانی ڕژێمەوە، هەموومان دەزانین کە ئەم خاڵە پشکنینە بۆ ئاسانکاری پرۆسەی قاچاخچێتی دانراوە و یەکێکە لە فێڵەکانی حکومەت بۆ تێکدانی شۆڕشی ئاشتیخوازانەمان و هەوڵەکانی لەناوبردنی ژیانی هاوڵاتیان.

 

"لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان ناوەستین"

سەمەر عادل کە لە کەرتی تەندروستی کار دەکات، وتی: حکومەتی دیمەشق هاوڵی تێکدانی بزووتنەوەی ئاشتیخوازانە دەدات، وا دەزانن هاوڵاتیان درک بە دۆخ و ژیانی خۆیان ناکەن و چاویان بەستراوە بەڵام بە پێچەوانەە خەڵک ڕاستی دەبینن.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، منداڵەکانیان زیاتر شایستەی بنیاتنانی وڵاتەکەیانن و لەوێ بمێننەوە لەبری کۆچکردن، بڕیاریانداوە بمێننەوە و وڵات بپارێزن و ئازادی بۆ نەوەی داهاتوو بەدەست بهێنن، لە باسی کەرتی تەندروستیشدا ئاماژەی بەوەکرد پێداویستییەکان کەمبوونەتەوە و تەنانەت خزمەتگوزاری سەرەتایش بوونی نییە، وتی: ئێمە بۆ داوای مافەکانمان هاتووینەتە مەیدان، نە هێزەکانی ڕژێم، نە بازگەکان و نە تەقەکردنەکە ئێمە ناترسێنن، چونکە دەمانەوێت لە وڵاتێکی دیموکراسیدا بژین.